جیرۆنا شەشەمین دۆڕانی لەم وەرزەی لالیگا توشی ریال مەدرید كردوو خزمەتێكی باشی بەرشلۆنەی كرد كاتێك لە یارییەكانی گەڕی 31ی خولەكە بە چوار گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ بردنەوەی بەدەست هێنا.
ڤالنتین كاستیلانۆس لەخولەكی 12 گۆڵی یەكەمی جیرۆنای تۆمار كرد، هەمان یاریزان لەخولەكی 24 گۆڵی دووەمی خۆی و تیپەكەی تۆمار كرد، گۆڵی یەكەمی ریال مەدریدیش لەلایەن فینیسیۆس جۆنیۆر لەخولەكی 34 تۆمار كرا گێمی یەكەمیش بە پێشكەوتنی جیرۆنا بەئەنجامی 2-1 گۆڵ كۆتایی هات.
لەگەڵ دەست پێكردنەوەی گێمی دووەم بەیەك خولەك ڤالنتین كاستیلانۆسی ئەرژەنتینی بە تۆمار كردنی گۆڵی سێیەمی تیپەكەی بووە خاوەنی هاتریك،لەخولەكی 62 ڤالنتین كاستیلانۆس گۆڵی چوارەمیشی تۆمار كردوو بووە خاوەنی سوپەر هاتریك لە یارییەكە،بەر لەكۆتایی یارییەكەش بە پێنج خولەك لۆكاس فاسكێز گۆڵی دووەمی بۆ ریال مەدرید تۆمار كرد، بەم بردنەوەیەش جیرۆنا بووە خاوەنی 41 خاڵ پلەی نۆیەمی گرتوەو ریال مەدریدیش لە دووەمی ریزبەندی خاوەنی 65 خاڵە.