ژووری هه‌ستیاری بۆ تووشبوانی ئۆتیزم له‌ مۆندیال قه‌ته‌ر دروستكراوه‌

botan 14/11/2022 - 17:49 بڵاوکراوەتەوە لە وه‌رزش

جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆكی فیفا دووپاتیكردەوە كە مۆندیال لە قەتەر كە لە 20ی ئەم مانگەوە دەستپێدەكات، "باشترین مۆندیال دەبێت تا ئێستا و پارێزراوترین مۆندیالیش دەبێت و زۆر ئاسانكاریش كراوە.
ئەوەی نوێیە لەم چاپەی مۆندیالدا دروستكردنی ژوورێكە كە تایبەتە بەو كەسانەی كە ئۆتیزمیان یان بەدەست تێكچوونی پرۆسێسی هەستیارییەوە دەناڵێنن.
ئەم "ژوورە هەستیارانە" لە سێ یاریگادا بەردەست دەبن كە بریتین لە ئەل بەیت، لوسایل و شاری پەروەردە، هاوكات شەش ژووری دیكەی هاوشێوە لە نزیك ناوچەی سەرەكی هاندەران و یاریگای شاری پەروەردەیی ئامادەكراوە.
هەڵگرانی بلیت بۆ كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و هاوەڵەكانیان (كە هەریەكەیان مافی ئەوەیان هەیە لەگەڵ یەك هاوەڵدا بێن، بلیتەكە بێ بەرامبەر دەبێت) دەتوانن وەك هەموو بینەران لە یاریگاوە سەیری یارییەكە بكەن.
بەڵام ئەگەر "كەش و هەواكە كەمێك نا جێگیر بێت، ئەم ژوورانە ژینگەیەكی ئارام و سەلامەت دەڕەخسێنن كە دەتوانن بەكاری بهێنن بۆ بەردەوامبوون لە چێژوەرگرتن لە یارییەكە.
هالا ئۆستا، بەرپرسی فیفا دووپاتی دەكاتەوە ئەم ژوورانە كە هەریەكەیان توانای وەرگرتنی نزیكەی 10 كەسی هەیە، پەنجەرەی گەورەیان بۆ دانراوە كە ئەو كەسانەی لە ژوورەوەن دەتوانن بەردەوام بن لە سەیركردنی یارییەكە لە ژینگەیەكی بێ ژاوەژاودا.
ووتیشی : ئامانج لەم ژوورانە جیاكردنەوەی ئەوان لە ئێمە نیە بەڵكو ئامانجی لێی ئەوەیە كە وردە وردە لەگەڵ گۆڕەپانەكانی یاریكردن ڕابهێنرێت”.