هەوڵەكان بۆ ئازادكردنی پێشمەرگە بەدیل گیراوەكان بەردەوامە، هاوسەرۆكی پارتی یەكێتی دیموكراتی (پەیەدە)ش ئامادەیی خۆی بۆ ڕادەستكردنی سەرجەم ئەو دیلانەی گروپی تیرۆرستی داعش لەبەرامبەر ئازادكردنی پێشمەرگەكان دەربڕی كە یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە)و یەكینەكانی پاراستنی ژن (یەپەژە) لەكۆبانێ ژمارەیەكی زۆر لەچەكدارانی داعشیان كەوتۆتە دەست.دلێر ماوەتی)
جێگری سەرۆكی لیژنەی كاروباری پێشمەرگەو كاروباری شەهیدان لەپەرلەمانی كوردستان رایگەیاندووە، پێشتر دیل بەدیل بەمەبەستی وەرگرتنەوەی ژمارەیەك كچو ژنی ئێزدی لەگەڵ داعش كراوە، لەئێستاشدا بەمەبەستی ڕزگاركردنی ئەو پێشمەرگانەی لەشەڕەكاندا كەوتونەتە دەست چەكدارانی داعش، هەوڵی بەردەوام هەیە، وتیشی: لەڕێگەی چەند سەرۆك هۆزێكی عەرەبەوە، لەهەوڵداین بۆ ئەوەی بتوانین ئەو پێشمەرگانەی لەحەویجە دەستبەسەركراون ئازاد بكرێن .
جێگری سەرۆكی لیژنەی كاروباری پێشمەرگەو كاروباری شەهیدان لەپەرلەمانی كوردستان ئاماژەی بەوەشكرد، (ساڵح موسلم) هاوسەرۆكی پەیەدە ئامادەیی ڕادەستكردنی سەرجەم دیلەكانی داعشی لەكۆبانێ بەوەزارەتی پێشمەرگە دەربڕیوە، كە پێشتر لەلایەن (یەپەگەو یەپەژە)ەوە بەدیل گیراون، تا وەزارەتی پێشمەرگە بتوانێت لەگەڵ ئەو دیلانەی خۆی دەستگیریكردون، ئاڵوگۆڕیان لەگەڵ پێشمەرگە بەدیل گیراوەكان پێ بكات.