میدیای کوردی هەنگاو بەرەو میدیایەکی زەرد دەنێت

خوبه‌یب گه‌ردی 05/02/2023 - 10:44 بڵاوکراوەتەوە لە وتار

عه‌بدول محمد

میدیای کوردی هەنگاو بەرەو میدیایەکی زەرد دەنێت..


نامەوێت لێرەدا باس لەپێناسە و سەرهەڵدانی میدیای زەرد بکەم ، بەڵام بەکورتی هەموو مانا و پێناسەکان میدیا زەرد یان چاپەمەنی زەرد ، بەو میدیایە دەوترێت کە کاردەکات لەسەرختوکەدانی هەست و سۆزی بینەرو خوێنەر لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی چەند هەواڵ و ڕوداوێکی نامۆراڵ و ناپێویست و نەشیاو، جگە لەوەی کاتێکی زۆری بینەرو خوێنەران دەگرێت، هێچ سودو زانیارییەک پێشکەش بە بینەران و خوێنەرانیشی ناکات.

لە کورترین پێناسەدا دەتوانیین بڵێین میدیا یان چاپەمەنی زەرد میدیایەکی ورژێنەرە لە پێناو وروژاندندا، بە هیچ شێوەیەک کنەوپشکنیین بۆ راستییەکان ناکات، ئاراستەی کارکردنشی بە تەواوی دورە لە بێلایەنی و بابەتی بوون .

ئەم جۆرە لە میدیا ئەگەر ئەوە حاڵی بێت ئەی باشە بۆچی ئەوەندە کاری لەسەر دەکرێت و بودجەی بۆ خەرج دەکرێت ، وەڵامەکەش ئەوەیە چونکە ئەم جۆرە لە میدیا کار دەکات لەسەر ئاشکراکردنی ژیانی تایبەتی خەڵک و کاری ئابڕوبەرانە و ورژواندنی کۆمەڵگە لەسەر هەموو ئاستەکان، بە واتایەکی تر ئەم جۆرە لە میدیا تینویەتییەکی لەرادەبەدەری هەیە بۆ زانینی نهێنییەکانی ژیانی تایبەتی کەسەکان.

دە ساڵ لەمەوبەر ئەگەرئەم جۆرە لە کارکردن لەناو میدیا کوردیدا بەشێوەی کاغەزی و سنورداربووبێت، لە ئەمڕۆدا پەلی هاویشتووە بۆ تەلەفزیون و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە گشتی و لە چاوتروکانێکدا دەگات بە سەدان هەزار کەس.

دۆخەکە بەشێوەیەکە جۆرێک لە میدیای زەرد خەریکە تەواوی ژیانی خێزانی و کۆمەڵایەتی و ناوەندەکانی خوێندن داگیر دەکات وکاریگەرییەکی خراپی کردووەتە سەر سەلامەتی دەروونی و ژیری و کۆمەڵایەتی لە هەموو ڕوویەکەوە.

بەشێکی زۆر لە پانتاییەکانی ئەمڕۆی میدیای کوردی یان بووەتە میدیای زەرد، یان هەنگاو بەو ئاراستەیە دەنێت، چونکە زۆربەی مەیلی بە ئاراستەی زیادەڕەویکردن و تۆقاندنی بینەرو خوێنەر وهەڵگێڕانەوە و گۆڕینی ناوەرۆکی راستی هەواڵ و روداوەکان ، یان داڕشتنەوەیەکی مەبەستدار و دروستکردنی مانشێتی زەقی بێ ناوەرۆک و هەڵخەڵەتێنەر و دوور لە راستی .

بەشێکی میدیای کوردی سازشی لە کار و پەیامی راستەقینەی خۆی کردووە و چووەتە کێڵگەیەکی کارکردنی ئەوتۆوە، کە بەتەواوی دورە لە پەیامی ڕۆشنگەری و فێرکردن و ڕۆشنبیرکردنی جەماوەر.

بەشێوەیەک تەنانەت ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ڕوماڵیشیان دەکات، بە هیچ شێوەیەک کارکردن نییە لەسەر چارەسەرکردنی کێشەو دیاردە نامۆکان، بەڵکو هەوڵێکە بۆ دەستبەرکردنی زۆرترین لایک و کۆمێنت و زیادکردنی ژمارەی بینەرو خوێنەر، کە ئەوەش تەواو دورە لە پەیام و لەناوەرۆکێکی سودبەخش.

میدیای کوردی لەسەر هەموو ئاستەکان بووەتە میدیای ڕوماڵکردن و برەودان بە سیحر وجنۆکە وخڵافاندنی جەماوەر و پرسیاری سەدەکانی ناوەراست.

بەشێک لە میدیای ئەمڕۆی کوردستان بووەتە میدیای بازرگانیکردن بە ئاین و پێشکەشکردنی پرۆگرامی ئەوتۆ کە کاردەکات لەسەر وەستاندنی بیرکردەوە و ژێری مرۆڤی کورد، کارکردنە لەسەر بەروکەشکردنی بابەتە گرنگ و کێشە هەنووکەییەکانی ئەمڕۆی خەڵک و کوردتکردنەوەی ئاینێکی پەیامدار لە زانیاری زۆر بێ کەڵک و بێ بەهادا.

بە داخەوەم لە بەشێکی هەرە فراوانی میدیای کوردیدا، بە هێچ شێوەیەک بایەخ نادرێت بەسەرچاوەی هەواڵ، بەڵکو کاردەکات لەسەر داڕشتنەوەی بەهەڵەو پشت بەستن بەهەواڵی بێ خاوەن و نەناسراو و هەواڵی دزراوی بێ هیچ فلتەر و بەدواداچونێک.

میدیا بەناو پڕۆفیشناڵەکانی ئەمڕۆی کوردستان ، ئەوەندەی کار دەکەن لەسەر غەریزە و حەزە شەیتانییەکان، ئەوەندە هانی ژیری بینەرەکانی نادات،جۆرێک لەدەستەواژەی سێکسی و بێ مۆراڵی و نەشیاوی ئەوتۆ بەشێوەیەکی گاڵتەجاڕانە بەکاردەهێنێت، کە تیایدا پەیامی میدیایی بە تەواوی تیا ونبووە و دەیەوێت جۆرێک لە پڕوپوچی و خاڵیکردەوەی مێشک و بیریکردنەوە بەرهەم بهێنێت.

بەشێک لە میدیای کوردی بووەتە میدیای زەرد، چونکە بە پانتاییەکی فراوان کاردەکات لەسەردروستکردنی گێچەڵی سیاسی و سۆزداری و وێنەی گوماناوی و تەسفیەی حسابات بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی زیاتر و دروستکردنی گروپی فشار و دەستەبەرکردنی بەرژەوەندی تاکەسی و تایبەت.

تاوتوێ و شیکردنەوەکانی ئەمڕۆی میدیای کوردی لەبری ئەوەی هاندان بێت بۆ بیرکردنەوەی تاکی کورد و پاراستی خێزان و تاکی کورد،
کارکردنە لەسەر ڕاهێنانی جەماوەر بۆ خوێندنەوەی هەڵەی روداوو پێشهاتەکان و تانەدان لە کەسایەتییەکان و دروستکردنی چیرۆکی درۆ و دوور لەراستی.

بە داخەوە میدیای کوردی لەسەر هەموو ئاستەکان لەبری ئەوەی سەنگەرێک بێت بۆ بەرگری لە ماف و بەهابەرزەکانی کورد و کوردەواری و لەگۆڕنانی ناکۆکییەکان و ئەو تۆفانەی کە هەڵیکردووە بۆ سڕینەوەی کورد و دەستەکەوتەکانی، بووەتە سەکۆیەک بۆ میوانداری کەسانی زمان درێژ و گوماناوی و بەرژەوەندخواز و جوینەوەی زانیاری هەڵەو بێ بنەمای دوژمن و نەیارەکانی و دنەدانی ناکۆکییەکان و بچوککردنەوەی و داپۆشینی کێشە و کەموکوڕییە راستەقینەکانی خەڵک .


Failed to connect to MySQL: Access denied for user 'speda_2020'@'localhost' (using password: YES)