تەنها یەکگرتوو ڕێگا دروستەکەی گرتۆتەبەر

خوبه‌یب گه‌ردی 16/10/2022 - 22:01 بڵاوکراوەتەوە لە وتار

هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن لە نێوان مانەوە و کشانەوە لە پەڕلەمانی ماوە درێژکراوەدا

هەموو هێزەکان بەهێزەکانی دەسەڵاتیشەوە لەگەڵ درێژکردنەوەی پەڕلەماندا نەبوون، بەوپێیەی خەڵکی بۆ چوارساڵ ئەوانی هەڵبژاردووە و درێژکردنەوە زیاتر خواستێکی نایاساییە و پاساوی بۆ دەهێنرێتەوە، گەرچی هێزە دەسەڵادارەکان بە زمانی حاڵ و کرداریان و بە مەبەستەوە درێژکردنەوە و دواخستنیان کردە واقیع و بە کرداریی پەڕلەمانیان بۆ ماوەی دوو وەرز درێژکردەوە.
ئەوەندەشی پەیوەستە بە هەموو هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە هەر لە سەرەتاوە دژی ئەم درێژکرنەوەیەبوون و بە نایاساییان زانیوە، ئەمەش پێویست دەکات لەسەریان هەڵوێستی نوێ و جیدیی بنوێنن لە دوای پەسەندکردنی پرۆژە یاسایی درێژکردنەوەکەوە، بۆ ئەم مەبەستەش سێ ڕێگە هەیە:
1. دەستلەکارکێشانەوە و بەجێهێشتنی پەڕلەمان.
2. بایکۆتکردنی دانیشتنەکانی پەڕلەمان .
3. مانەوە لەناو پەڕلەماندا وەک ئەمری واقیع بەڵام بە تایبەتمەندێتی خۆیانەوە.

ئەگەر بڕوانینە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن لە ئێستادا و هەڵوێستیان هەڵسەنگێنین لە بەرامبەر درێژکردنەوەی پەڕلەمانی ماوە بەسەرچوودا ئەوا بەم شێوەیەیە:

یەکەم: کشانەوە و وازهێنان(دەست لەکار کێشانەوە).

ئەم هەڵوێستە تاوەکو ئەم چرکە ساتە کە من تێیدا دەنووسم تەنها فراکسیۆنی یەکگرتوو گرتویەتییەبەر و هێشتا هیچ هێزێکی ئۆپۆزسیۆن پەنای بۆ نەبردووە و بڕیاری وەهای نەداوە بەمەش لە لایەکەوە بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی داوە و لە لایەکی ترەوە هیچ قسەیەکی نەهێشتووەتەوە بۆ ئەوەی بووترێت ئێوە دەڵێن ئەم درێژکردنەوەیە نایاساییە و چۆن بەشداریی تێدا دەکەن و تێیدا دەمێننەوە و هۆکارو پاساوەکانی کشانەوەشیان زۆرە کە ئێرە باسی تەرخانکراوی ئەو بابەتە نییە. بە تێگەشتنی من ئەم هەنگاوەی یەکگرتوو لە گەڵ چەند بڕیارێکی تری وەک کشانەوە لە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک و وەستانەوە لە بەرامبەر زۆر پرۆژە یاسای نەگونجاو و هەڵوێستگرتن لەزۆردیاردەی خراپی ڕەواج پێدراویتر، دەری دەخات یەکگرتوو هەرکات قەناعەتی بە کارێک هەبوو بوێرانە و بێ دوودڵی بڕیاری سەربەخۆی خۆی دەدات و نەیاریی خۆی دەردەبڕێت، کە ئەمەش دوا هەڵوێست و بڕیارە.

دووەم: بایکۆتکردنی دانیشتنەکانی پەڕلەمان

لەم هەنگاوەدا نەوەی نوێ دەستپێشخەر بوو لە گەڵ زیادکردنی ئەوەی کە پەڕلەمانتارەکانی حسابی بانکییان دادەخەن و مووچە وەرناگرن. ئەمەش بە هەڵوێستەکی ناڕەزایەتی دادەنرێت. ئەم هەڵوێستەی نەوەی نوێ بە پێی پەیڕەوی ناوخۆی هەموارکراوی پەڕلەمانی کوردستان بە دەستکێشانەوە و دەست لەکارکێشانەوەی فراکسیۆن دانانرێت و ئەندامانی فراکسیۆنەکەیان بە ئەندامی پەڕەمانی ماوەدرێژکراوە دادەنرێن بەڵام ناڕازین، هەروەک لە خاڵی حەوتەمی مادەی ٢٣ی مافەکانی ئەندامدا هاتووە و دەڵێت:(کاتێک فراکسیۆن، یان ئەندام لەبەر هەڵوێستێک، بایکۆتی دانیشتنی پەڕلەمان دەکان لە ناو هۆڵی پەڕلەمان بە ئامادەنەبوو هەژمار ناکرێت)، بەڵام ئەمە بۆ نەوەی نوێ و هەر فراکسوێنێکیتر کە ئەم هەڵوێستە دەگرێتەبەر پێویستی بەوەیە لەگەڵ هەر دانیشتنێکدا پاساوی بایکۆتەکەیان پێشکەش بکەن. دەمێنێتەوە وەرنەگرتنی مووچە، ئەمەیان لە ڕووی یاساییەوە بۆیان خڕدەکرێتەوە گەرچی هەژماریشیان داخستبێت، مەگەر بە پاساوێکی یاسایی تر سەرۆکی پەڕلەمان مووچەکەیان ڕابگرێت، چوونکە ئەوان هێشتا هەر ئەندامی پەڕلەمانن. ئەمە هەڵوێستێکی ناڕازیی بوونە بەڵام نە فراکسوێن و نە ئەندامەکانی دەستیان لە کار نەکێشاوەتەوە، بۆچی هەمان برێار وهەڵوێستی یەکگرتوویان نەگرتووەتە بەر لە کاتێکدا لە ڕاگەیاندندا تووندتر بوون؟ بۆ ئەوە لەوانەیە پاساوی خۆیان هەبێت کە دەکرێت ئاراستەی ئەو بەڕێزانە بکرێت و ئەوەندەی کردویانە جێگەی تەقدیرە.

سێهەم: مانەوە لەناو پەڕلەماندا وەک ئەمری واقیع بەڵام بە تایبەتمەندێتی خۆیانەوە.

تاوەکو ئێستا فراکسوێنی کۆمەڵی دادگەری و هەندێک پەڕلەمانتاری سەربەخۆ یان پەڕلەمانتارانی پێشووی نەوەی نوێ و گۆڕان هیچ بڕیارێکیان نەداوە و چاوەڕێ دەکرێت یەک لەو دوو هەڵوێستەی سەرەوە بگرنە بەر یاخود بمێننەوە لە ناو پەڕلەماندا وەک هێزی ئۆپۆزسیۆن و ناڕازی درێژە بە بوونی خۆیان بدەن، ئەمەش لە داهاتوویەکی نزیکدا دەردەکەوێت.

ئەوەی بەلای منەوە گرنگە ئەوەیە هەر هێزێک پاساوی ڕەوا و یاسایی خۆی هەبێت و بتوانێت داکۆکی لە درووستی بڕیارەکانی بکات و پاڵنەرەکانیشی مەبدەئیبوون و بە هەند وەرگرتنی ماف و خواستی ڕاستەقینەی خەڵک و جەماوەر بێت. تۆمەتبارکردنی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ یەکتری کە هەموویان هێزی ناڕازین کارێکی نەشیاوە و خزمەت بە ئەجێندای کاریان ناگەیەنێت، مەگەر کەسێک بیەوێت لەسەر حسابی ئەوانیتر بوونی خۆی فراوانترکات نەک جەماوەری دەسەڵات، لە کاتێکدا هەموو دەزانین دەبێت لە بازنەیەکی تردا خەڵکی ناڕازی کۆکرێتەوە نەک تەنها بازنەی ناڕازی ئێستا.

گرنگ ئە وەیە هەریەکە لەم هێزانە بە جۆرێک ناڕازین لە ماوە درێژکردنەوەکە، بەڵام بە سێ شێوازی جیاواز، ئەوەشی کە کامیان بڕیارەکەی درووست ترەو جێگەی ڕەزامەندی و خۆش حاڵی خەڵکو دەسبژێری سیاسی و چینی خوێندەوار و ڕۆشنبیرانە، ئەوەیان با بۆ ئەوان جێ بهێڵرێت ودەرفەت نەدرێت ناکۆکی و نا تەبایی لێ بکەوێتەوە، چوونکە بە زیانی بەرەی ناڕازی و ئەو هێزانە خۆیشیانش کۆتایی پێ دێت.