وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گەیشتە ئیسرائیل

30/01/2023 - 17:33 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن لە دووەم وێستگەی گەشتەکەی بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە کەناری رۆژئاوا لەخۆدەگرێت، گەیشتە ئیسرائیل.

 وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە میسرەوە، گەیشتووەتە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بێن گوریۆن نزیک تەل ئەبیب و لەلایەن وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ئێلی کۆھن پێشوازی لێکراوە.

سەردانەکەی ئەنتۆنی بلینکن بۆ ئیسرائیل دوو رۆژ دەخایەنێت کە لە میانیدا لەگەڵ سەرکردەکانی ئیسرائیل لە تەل ئەبیب و سەرکردەکانی فەڵەستین لە رامەڵڵا کۆدەبێتەوە.

ئیسرائیل دووەم وێستگەی گەشتەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن-ە کە دوێنێ یەکشەممە بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەستی پێ کرد و سەرەتا سەردانی میسری کرد و سبەی سێشەممە سەردانی کەناری رۆژئاوا دەکات.

ئەنتۆنی بلینکن سێیەم بەرپرسی باڵای ئەمریکایە کە سەردانی ناوچەکە دەکات، لەو کاتەی حکوومەتی ئێستای ئیسرائیل لە کۆتایی کانوونی یەکەمی رابردوو بەسەرۆکایەتی بێنیامین ناتانیاھو پێکھێنراوە.

پێشتر راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، جەیک سولیڤان و بەڕێوەبەری ھەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA)، ویلیام بێرنز سەردانی ئیسرائیلیان کردبوو.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن لە میانی سەردانەکەی بۆ تەل ئەبیب لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاھو و وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ئێلی کۆھن و سەرۆکی ئیسرائیل، ئیسحاق ھێرزۆگ کۆدەبێتەوە.

ئەمەیش لە کاتێکدایە، ماوەی چەند رۆژێکە، رەوشی ناوچەکانی فەڵەستین گرژ و ئاڵۆزتر بووە، ئەوەیش دوای ئەوەی رۆژی پێنجشەممەی ھەفتەی رابردوو، نۆ فەڵەستینی بە گولـلەی سوپای ئیسرائیل لە کەمپێکی باکووری کەناری رۆژئاوا کوژران و دواتر رۆژی ھەینی رابردوو، حەوت ئیسرائیلی بە تەقەی گەنجێکی فەڵەستینی لە قودس کوژران.