سەرۆکی رووسیا: ڕۆژئاوا قەیرانی جیهانیی خۆراک دەوروژێنێت

27/09/2022 - 17:40 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو دانەوێڵەیەی لە ئۆکرایناوە رەوانە دەکرێت لە بری وڵاتە هەژارەکان دەچێت بۆ وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا و رایگەیاند: "خۆرئاوا قەیرانی جیهانیی خۆراک دەوروژێنێت".

لە میانی کۆبوونەوەیدا لەگەڵ بەرپرسانی کەرتی کشتوکاڵی رووسیا لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە، پوتین گوتارێکی پێشکەش کرد.

پوتین باسی لەوە کرد کە رووسیا ئەمساڵ ١٣٨ ملیۆن تۆن بەرهەمی دانەوێڵەی هەبووە و گوتی: ''چاوەڕوان دەکرێت تا کۆتایی ساڵ بەرهەمەکە بگاتە ١٥٠ ملیۆن تۆن. ئەمە لە مێژووی رووسیادا دەگاتە ئاستێکی پێوانەیی، بەو شێوەیەش لە دۆخێکی سەختی وەک ئێستا تەواو پێداویستی خۆمان دەستەبەر دەکەین و سەرچاوەیەکی دیکەش دەست دەخەین بۆ زیادکردنی هەناردە''.

ڤلادیمیر پوتین ئاماژەی بەوە کرد کە بەربەستەکانی بەردەم گواستنەوەی دانەوێڵەی رووسیا درێژەی هەیە و رایگەیاند: ''سزاکانی سەر رووسیا هەڕەشەی قووڵکردنەوەی قەیرانی جیهانیی خۆراکی دەکەن کە چەند ساڵێکە لە ئارادایە. ئێمە بەهۆی سیاسەتی دارایی و خۆراكی هەندێك وڵاتی دیارەوە ئەو دۆخەی ئێستامان بەسەردا دێت. كۆی بەرپرسیارێتی ئەم كارە لە ئەستۆی خۆرئاوادایە''.

سەرۆکی رووسیا ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو دانەوێڵەیەی لە ئۆکرایناوە دەگواسترێتەوە ناچێت بۆ وڵاتانی هەژار و گوتی: ''لە کۆی ٢٠٣ کەشتی کە لە ٢٣ی ئەیلوولەوە بەندەرەکانی ئۆکراینایان جێهێشتووە تەنیا چواریان چوون بۆ وڵاتانی هەژار. هەفتەی رابردوو لە رۆژی دوو شەممەوە تا رۆژی هەیینی لە کۆی ٤٦ کەشتی ١٤ کەشتی چووە بۆ تورکیا کە نێوەندگیری کردووە و ئەو ٣٢ی دیکەشیان ٢٥یان چوون بۆ یەکێتیی ئەورووپا. ئایا ئەمانە هەژارترین وڵاتانن؟ ئەمە هەمووی فریودانە. خۆرئاوا قەیرانی جیهانیی خۆراک دەوروژێنێت. لەژێر ئەم هەلومەرجەدا دەبێت ئاسایشی خۆراکمان مسۆگەر بکەین، دەبێت پشتبەستنمان بە سەرچاوە هاوردەکراوەکان کەم بکەینەوە، بەتایبەتی ئامێر و تۆو''.

سەرچاوە - aa