فەرماندەیی پۆلیسی کەرکووک رایگەیاند کە زنجیرەیەک رێوشوێنیان بە ئامانجی ئەوەی کە چەک تەنها لەدەستی دەوڵەتدا بێت گرتووەتەبەر.
لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری راگەیاندن لە فەرماندەیی پۆلیسی کەرکووک، موقەدەم عامر نوری لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاندووە، فەرماندەیی پۆلیسی کەرکووک زنجیرەیەک رێوشوێنی بە ئامانجی ئەوەی کە چەک تەنها لەدەستی دەوڵەتدا بێت، گرتووەتەبەر و گوتی: "بۆ ئەو مەبەستە ژمارەیەک لیژنە بۆ تۆمارکردنی چەک لە بنکەکانی پۆلیس پێکهێنراون".
گوتیشی: "لە قۆناغی یەکەمدا، چەکە بێ مۆڵەتەکان لە بنکەکانی پۆلیسدا تۆمار دەکرێن".
عامر نوری هۆشداری دا لە مەترسی هەڵگرتنی چەک بەبێ ئاگاداری دەزگا ئەمنییەکان و گوتی: "هەر کەسێک چەکی هەیە، پێویستە چەکەکەی لە بنکەکانی پۆلیسدا، تۆمار بکات".
ئاماژەی بەوەیشدا کە لە ماوەکانی داهاتوودا، هێزە ئەمنییەکان زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆن بە ئامانجی دەست بەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت لە پارێزگای کەرکووک ئەنجام دەدەن و گوتی: "ئەگەر لە میانی ئۆپەراسیۆنەکاندا، دەست بەسەر هەر چەکێکدا بگیریت کە لە بنکەکانی پۆلیسدا تۆمار نەکرابێت، ئەوا رێکاریی یاسایی لەبەرامبەر هەڵگرەکەیدا دەگیرێتەبەر".