گرنگترین مانشێتەکان

كێشه‌كانی رۆناڵدۆ ده‌رگا به‌ ڕووی چه‌ند یانه‌یه‌ك ده‌كاته‌وه‌ گرنگ

كێشه‌كانی رۆناڵدۆ ده‌رگا به‌ ڕووی چه‌ند یانه‌یه‌ك ده‌كاته‌وه‌

راپۆرته‌ رۆژنامه‌وانیه‌كان له‌ ئیتاڵیا ئاشكرای ده‌كه‌ن یانه‌ی مانچسته‌ریۆنایتد به‌شێوه‌یه‌كی جدی بیر له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ جارێكی تر ده‌رگای گفتوگۆ له‌گه‌ڵ كریستیانۆ رۆناڵدۆی پورتوگالی بكاته‌وه‌و گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ بكات و بۆ ریزه‌كانی بیگوازێته‌وه‌.
ماڵپه‌ری كاڵچۆ میركاتۆ رایگه‌یاندووه‌ ئیدوو دواردی جێگری سه‌رۆكی یانه‌ی مانچسته‌ریۆنایتد گفتوگۆی له‌گه‌ڵ كارگێری یانه‌كه‌ی كردووه‌ باسی بیرۆكه‌ی مۆركردنی گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ كریستیانۆ رۆناڵدۆی ته‌مه‌ن 34 ساڵه‌ی یاریزانی یانه‌ی یۆڤنتۆس كردووه‌ كه‌ ئێستا له‌ دۆخێكی خراپدایه‌ له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ی.
كارگێرانی یانه‌ی مانچسته‌ریۆنایتد ئه‌م كاته‌ به‌ كاتێكی نموونه‌یی ده‌زانن بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ رۆناڵدۆ چونكه‌ ئه‌م یاریزانه‌ كێشه‌ی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ساری ڕاهێنه‌ری یۆڤنتۆس.
كاڵچۆ میركاتۆ رایگه‌یاندووه‌ ئه‌گه‌ر كێشه‌كانی نێوان رۆناڵدۆ و ڕاهێنه‌ر زیاتر گه‌شه‌ بكه‌ن ئه‌وا رۆناڵدۆ له‌ ماوه‌یه‌كی نزیك ریزه‌كانی یانه‌ ئیتاڵیه‌كه‌ جێده‌هێڵێت.
رۆناڵدۆ له‌وكاته‌ی له‌ساڵی 2003 له‌ سپۆرتینگ لشبۆنه‌ په‌یوه‌ندی به‌ مانچسته‌ریۆنایتد كرد ئاستێكی به‌رزی پێشكه‌ش كرد توانی نازناوی یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌وروپا له‌گه‌ڵ تیپه‌كه‌ له‌ساڵی 2008 به‌ده‌ست بهێنێت له‌هه‌مان ساڵ توانی بۆ جاری یه‌كه‌مین له‌ مێژوویدا خه‌ڵاتی تۆپی زێڕین بباته‌وه‌ وه‌ك باشترین یاریزانی جیهان به‌ر له‌وه‌ی له‌ساڵی 2009 بۆ یاری كردن په‌یوه‌ندی به‌ ریال مه‌درید بكات.
هانده‌ران توشی سه‌رسامی بوون له‌ ساری راهێنه‌ر چونكه‌ له‌ دوو یاری رابردووی تیپه‌كه‌ به‌رامبه‌ر به‌ لۆكۆمۆتیف مۆسكۆی روسی و میلان رۆناڵدۆی له‌ یاریگا ده‌رهێنا و دیبالای خسته‌ شوێنی.
وێنه‌گرانی ناو یاریگا زوومی كامێراكانیان به‌ ئاڕاسته‌ی رۆناڵدۆ سوڕاند تیایدا توڕه‌یی رۆناڵدۆیان نیشاندا كه‌ پێشتر چ له‌ مانچسته‌ر یۆنایتد یانیش له‌ ریال مه‌درید به‌م شێوه‌یه‌ توڕه‌ نه‌بووه‌.
له‌باره‌ی ئه‌م رووداوه‌ش ساری ڕاهێنه‌ر گوتی :" ئه‌و هه‌موو شتێكی كرد بۆ ئه‌وه‌ی یاری بكات به‌ڵام من بروام وابوو ته‌ندروستی باش نیه‌ به‌ باشترم زانی له‌ یاریگا بێته‌ ده‌ره‌وه‌".
گوتیشی:" ئاساییه‌ هه‌ر یاریزانێك توڕه‌بێت به‌هۆی هێنانه‌ ده‌ره‌وه‌ی له‌ یاریگا، به‌تایبه‌تی ئه‌و یاریزانه‌ی هه‌موو توانای خۆی به‌كار بخات له‌ یاریگا، له‌ مانگی رابردوو چه‌ند ئازارێكی له‌ ڕانی هه‌بوو، له‌ مه‌شقه‌كانیش له‌ به‌سته‌ره‌كانی توشی پێكان بووه‌، ئه‌م یاریزانه‌ پێویستی به‌ پشوو هه‌یه‌.
رۆناڵدۆ له‌ هاوینی 2018 له‌ ریال مه‌درید په‌یوه‌ندی به‌ یۆڤنتۆس كرد ئه‌م گرێبه‌سته‌ هه‌موولایه‌كی توشی سه‌رسوڕمان كرد، به‌تایبه‌تی ئه‌م یاریزانه‌ سێ ساڵ له‌دوای یه‌ك نازناوی یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌وروپای بۆ ریال مه‌درید به‌ده‌ست هێنا بوو.