گرنگترین مانشێتەکان
نیشان دان به‌پێی به‌روار : حوزەیران 2019

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

 

دۆڕانى هه‌ڵبژارده‌ى ئه‌رجه‌نتین له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ڵبژارده‌ى كۆڵۆمبیا له‌و یارییه‌ى له‌ به‌ره‌به‌یانى ئه‌مڕۆ یه‌ك شه‌ممه‌ (16-6-2019) له‌ جامى كۆپا ئه‌مریكا به‌ڕێوه‌چوو ، ژماره‌یه‌كى نه‌رێنى بۆ هه‌ڵبژارده‌ى تانگۆ نوسییه‌وه‌ كه‌ (40) ساڵ بوو ئه‌م ژماره‌ نه‌رێنییه‌ى تۆمارنه‌كردبوو .
هه‌ڵبژاره‌ى كۆڵۆمبیا توانى به‌ دوو گۆڵى بێ به‌رامبه‌ر له‌ هه‌ڵبژارده‌ى ئه‌رجه‌نتین بباته‌وه‌ ، له‌و یاریه‌ى له‌ گه‌ڕى یه‌كه‌مى كۆمه‌ڵه‌ى دووه‌مى پاڵه‌وانییه‌تى كۆپا ئه‌مریكاى 2019 به‌ڕێوه‌چوو ، كه‌ ئێستا ئه‌م پاڵه‌وانیه‌تییه‌ وڵاتى به‌رازیل میواندارى ده‌كات .
گێمى یه‌كه‌مى یارییه‌كه‌ به‌ یه‌كسان بوون به‌ بێ گۆڵ كۆتایى هات و ، له‌ گێمى دووه‌م و له‌ خوله‌كى (71) هه‌ڵبژارده‌ى كۆڵۆمبیا له‌ رێگه‌ى (رۆجێر مارتینز) پێشكه‌وت ، به‌ر له‌ ته‌واوبوونى یاریه‌كه‌ش به‌ (چوار) خوله‌ك (دۆڤان زاباتا) ئه‌نجامه‌كه‌ى بۆ هه‌ڵبژارده‌ى كۆڵۆمبیا دوو هێند كرد .
به‌ پێى تۆڕى هه‌واڵى "سكاواكا " بۆ ژماره‌ و سه‌رژمێرییه‌كان ، یه‌كه‌مین جاره‌ هه‌ڵبژارده‌ى ئه‌رجه‌نیتن له‌وه‌ته‌ى ساڵى 1979 له‌ یه‌كه‌م یارى خۆى له‌ جامى كۆپا ئه‌مریكا به‌و ئه‌نجامه‌ ده‌دۆڕێت .
تۆڕى هه‌واڵى "سكاواكا " ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌ ، له‌ ساڵى 1979 ئه‌رجه‌نتین له‌ قۆناغى كۆمه‌ڵه‌كان ماڵئاوایى له‌ پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌ كرد ، ئه‌وكاتیش هه‌ڵبژارده‌ى تانگۆ ته‌نها یه‌ك خاڵى كۆكرده‌وه‌ ، وه‌ك خراپترین به‌شدارى كردنیشى بووه‌ له‌ مێژوویى پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌ .

 

ئاماده‌كردنى : هیوا قادر

 


دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

 

سه‌رله‌به‌یانى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ (15-6-2019) پێشبڕكێى كۆپا ئه‌مریكا بۆ یاریه‌كانى تۆپى پێ له‌ كیشوه‌رى ئه‌مریكاى باشوور ده‌ستپێكرد و ، هه‌ڵبژارده‌ى به‌رازیلیش توانى به‌ربه‌ستى هه‌ڵبژارده‌ى پۆلیڤیا ببڕێت و یاریه‌كه‌شى به‌ سێ گۆڵى بێ به‌رامبه‌ر برده‌وه‌ .
له‌ یاریه‌كه‌ بۆ یه‌كه‌مین جار له‌ دوا ساڵى 1957 هه‌ڵبژارده‌ى به‌رازیل له‌ یارییه‌كى فه‌رمى به‌ درێسى سپى ده‌ركه‌وت ، توانیشى له‌ گێمى دووه‌م سێ گۆڵ تۆماربكات ، كه‌ له‌لایه‌ن هه‌ریه‌كه‌ له‌ (فلیپ كۆتینیۆ ) دوو گۆڵ له‌ خوله‌كه‌كانى (50) و (53) تۆماركران و له‌ خوله‌كى (85) یش (ئیڤرتۆن سوسا سوارێس) توانى واژوو له‌سه‌ر گۆڵى سێ یه‌مى به‌رازیل بكات .
به‌م ئه‌نجامه‌ش به‌رازیل یه‌كه‌م سێ خاڵى له‌ كۆمه‌ڵه‌ى یه‌كه‌م دروێنه‌كرد ، كه‌ له‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ هه‌ڵبژارده‌كانى پیرۆ و فه‌نزیولاش یارى ده‌كه‌ن .وڵاتى به‌رازیلیش بۆ یه‌كه‌مین جاره‌ له‌ دواى ساڵى 1989 میواندارى كۆپا ئه‌مریكا ده‌كات ، ئه‌ویش به‌ به‌شدارى هه‌ڵبژارده‌كانى ئه‌مریكا باشورن و ، هه‌ریه‌كه‌ له‌ هه‌ڵبژارده‌كانى ژاپۆن و قه‌ته‌ریش بانگهێشتى پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌ كراون .

 

ئاماده‌كردنى : هیوا قادر


دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

 

له‌ ژماره‌ى ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌ (13-6-2019)ى دا ، رۆژنامه‌ى "مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ "ى ئیسپانى هه‌واڵێكى خۆشى به‌ هانده‌ران و عاشقانى یانه‌ى به‌رشلۆنه‌ى ئیسپانى داوه‌ ، به‌ ناونیشانێكیش نوسیویه‌تى " گریزمان یارى بۆ یانه‌ى به‌رشلۆنه‌ ئه‌نجامده‌دات " .
ئه‌وه‌شى نوسیوه‌ :" به‌رپرسێكى كارگێڕى له‌ یانه‌ى ئه‌تله‌تیكۆ مه‌درید دووپاتى كردووه‌ته‌وه‌ ، ئه‌نتوان گریزمان له‌ ماوه‌ى ئه‌م هاوینه‌ درێسى یانه‌ى به‌رشلۆنه‌ ده‌پۆشێت " .
به‌رپرسه‌كه‌ رایگه‌یاندووه‌ :" له‌وه‌ته‌ى مانگى ئازارى رابردوو ئاگادارى ئه‌م رێككه‌وتنه‌ین " .
رۆژنامه‌ى "سپۆرت "ى كه‌ته‌لۆنیش هه‌واڵى په‌یوه‌ندیكردنى "گریزمان "ى به‌ یانه‌ى به‌رشلۆنه‌ دووپاتكردووه‌ته‌وه‌ و ، له‌ ژماره‌ى ئه‌مڕۆش به‌ ناونیشانێك نوسیویه‌تى :" گریزمان له‌ ریزى یانه‌ى به‌رشلۆنه‌ یارى ده‌كات " .
ئه‌وه‌شى نوسیوه‌ :" میگل ئه‌نخل جیل مارینى به‌ڕێوه‌به‌رى جێبه‌جێكار له‌ یانه‌ى ئه‌تله‌تیكۆ مه‌درید داهاتووى گریزمان ئاشكراده‌كات و ، ده‌ڵێت له‌وه‌ته‌ى مانگى ئازارى رابردوو ئاگادارى رۆیشتنى ئه‌م یاریزانه‌ فه‌ره‌نسییه‌ بۆ یانه‌ى به‌رشلۆنه‌ " .

 

ئاماده‌كردنى : هیوا قادر


دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

 

له‌سه‌ر یاریگاى "دراگاو " هه‌ڵبژارده‌ى پرتوگال و هۆڵه‌ندا له‌ یارى كۆتایى خولى نه‌ته‌وه‌كانى ئه‌وروپا (نه‌یشن لیگ ) رووبه‌ڕووى یه‌كتر بوونه‌وه‌ و ، هاوڕێیانى كریستیانۆ رۆناڵدۆش نازناوه‌كه‌یان به‌ده‌ستهێنا .
ئه‌م پاڵه‌وانییه‌تیه‌ له‌ خولى یه‌كه‌مى خۆیدابوو كه‌ بۆ یه‌كه‌مین جاره‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت و ، له‌لایه‌ن یه‌كێتى تۆپى پێى جیهانى "فیفا " رێكخرابوو ، هه‌ڵبژارده‌ى پرتوگالیش به‌ بردنه‌وه‌ى له‌ هۆڵه‌ندا به‌ تاكه‌ گۆڵێك بووه‌ پاڵه‌وانى ئه‌م خوله‌ نوێیه‌ .
دواى ئه‌وه‌ى یاریه‌كه‌ له‌ گێمى یه‌كه‌م به‌ یه‌كسان بوون به‌ بێ گۆڵ كۆتایى هات ، له‌ خوله‌كى (60)ى گێمى دووه‌مدا (گۆنزالۆ جیدیس ) واژووى له‌سه‌ر تاكه‌ گۆڵى یاریه‌كه‌ و بردنه‌وه‌ى پرتوگال كرد .
ئه‌مه‌ش دووه‌م نازناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى نه‌وه‌یه‌ى ئێستاى پرتوگال ، پاش ئه‌وه‌ى له‌ ساڵى 2016 توانیان له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندى هه‌ڵبژارده‌ى فه‌ره‌نسا نازناوى جامى نه‌ته‌وه‌كانى ئه‌وروپا به‌ده‌ستبێنن .

 

ئاماده‌كردنى : هیوا قادر


دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

 

هه‌ڵبژارده‌ى تۆپى پێى توركیا به‌ شێوه‌یه‌كى چاوه‌ڕواننه‌كراو له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ڵبژارده‌ى فه‌ره‌نساى پاڵه‌وانى مۆندیالى 2018ى روسیا ده‌ركه‌وت و ، توانیشی یاریه‌كه‌ به‌ دوو گۆڵى بێ به‌رامبه‌ر باته‌وه‌ ، ئه‌مه‌ش له‌ یارییه‌كانى پاڵاتنى یۆڕۆى 2020 بوو .
یاریه‌ له‌ شارى (قۆنیا ) له‌ توركیا له‌ چوارچێوه‌ى ململانێكانى كۆمه‌ڵه‌ى هه‌شته‌م به‌ڕێوه‌چوو ، به‌ بردنه‌وه‌ى توركیاش له‌ یاریه‌كه‌ توانى ژماره‌ى خاڵه‌كانى بۆ (9) خاڵ به‌زربكاته‌وه‌ و به‌ سێ خاڵیش پێش هه‌ڵبژارده‌ى فه‌ره‌نسا كه‌وت .
توركیا توانى ئه‌نجامى یاریه‌كه‌ له‌ گێمى یه‌كه‌م مسۆگه‌ر بكات ، پاش ئه‌وه‌ى له‌ خوله‌كى (30) دا (كاهان ئیهان ) گۆڵى یه‌كه‌مى تۆماركرد و له‌ خوله‌كى (40)یش دا (جه‌نگیز ئۆنده‌ر ) واژووى له‌سه‌ر گۆڵى دووه‌م كرد .

 

ئاماده‌كردنى : هیوا قادر


دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

 

له‌ ماوه‌ى رابردوو ره‌خنه‌گران له‌ "كریستیانۆ رۆناڵد " ى پرتوگالى ناویان له‌م یاریزانه‌ نابوو " كۆتایى هاتوو " ، ئه‌مه‌ش به‌ بۆچوونى خۆیان وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ دابه‌زینى ئاستى یاریكردنى بوو ، به‌ڵام ئه‌م یاریزانه‌ سه‌رله‌نوێ گه‌ڕایه‌وه‌ یاریكردن و توانیشى هه‌ڵبژارده‌ى وڵاته‌كه‌ى بپه‌ڕێنێته‌وه‌ یارى كۆتایى خولى ئه‌وروپا .
له‌ یارى پێش كۆتایى خولى ئه‌وروپا بۆ هه‌ڵبژارده‌كان ، كریستیانۆ رۆناڵد سه‌ركردایه‌تى هه‌ڵبژارده‌ى پروگالى كرد و توانی به‌ تۆماركردنى "هاتریك " هه‌ڵبژارده‌ى سویسڕا تێبپه‌ڕێنن و هه‌ڵبژارده‌ى وڵاته‌كه‌شى گه‌یاند یارى كۆتایى ئه‌م پاڵه‌وانیه‌تییه‌ و ، چاوه‌ڕوانى براوه‌ى یارى هه‌ڵبژارده‌ى هۆڵه‌ند و ئینگلته‌راش ده‌كه‌ن .
رۆناڵدۆى ته‌مه‌ن (34) ساڵ و ئه‌ستێره‌ى یانه‌ى یۆڤینتۆس ، دواى (350) رۆژ مانگرتن له‌ گۆڵ تۆماركردن ، دواین جاریش كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌كه‌ى گۆڵى تۆماركرد له‌به‌رامبه‌ر هه‌ڵبژارده‌ى مه‌غریب بوو ئه‌ویش له‌ مۆندیالى 2018 بوو ، ئه‌مه‌ش درێژترین ماوه‌بوو ئه‌ستێره‌ى شارى "مادێرا " له‌ گۆڵ تۆماركردن له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ى وڵاته‌كه‌ى دووركه‌وتبێته‌وه‌ .
له‌ یارى به‌رامبه‌ر سویسڕا رۆناڵدۆ توانى به‌ شێوازێكى جیاواز مانگرتنه‌كه‌ى له‌ گۆڵ تۆماركرد كۆتایى پێبێنێت و ، دواى (28) هه‌وڵى شكستخواردوو له‌ جێبه‌جێكردنى لێدانى راسته‌وخۆ توانى گۆڵێك به‌ لێدانى راسته‌وخۆ تۆماربكات ، دواین جاریش كه‌ به‌ لێدانى راسته‌وخۆ گۆڵى تۆماركردبوو له‌ به‌رامبه‌ر ئیسپانیا بوو ، ئه‌ویش بۆ مۆندیالى 2018 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ .
ئه‌و هاتریكه‌ش كه‌ تۆڕى سویسڕا تۆماریكرد ، هاتریكى ژماره‌ (7)ى بوو له‌ گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ى وڵاته‌كه‌ى له‌ كاروانى یاریكردنى خۆى له‌گه‌ڵ پرتوگال ، به‌م جۆره‌ش ژماره‌ى گۆڵه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌كه‌ى بۆ (88) گۆڵ به‌رزكردنه‌وه‌ له‌ كۆى (153) یارى كه‌ ئه‌نجامى داوه‌ و ، گۆڵكارى مێژوویی ئه‌وروپاشه‌ بۆ ئه‌و یاریزانانه‌ى له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌كانى وڵاته‌كانیان یاریان ئه‌نجامداوه‌ .
له‌سه‌ر ئاستى جیهانیش ته‌نها عه‌لى دائى ئێرانى له‌پێش رۆناڵدۆ دێت ، كه‌ ئه‌ویش له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ (109) گۆڵى له‌ (149) یارى له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ى ئێران تۆماركردوون .

 

ئاماده‌كردنى : هیوا قادر

 


دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

 

یه‌كێتى تۆپى پێى جیهانى (فیفا ) رایگه‌یاند ، بۆ چوار ساڵى تر (جیانى ئینفانتینۆ ) به‌ سه‌رۆكى گه‌وره‌ترین دامه‌زراوه‌ى تۆپى پێى جیهانى هه‌ڵبژێردرایه‌وه‌ و ، تاكو ساڵى 2023 له‌و پۆسته‌ ده‌بێت .
ئه‌كاونتى فه‌رمى (فیفا ) له‌سه‌ر تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى (تویته‌ر ) بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ " ئینفانتینۆى سویسرى بۆ خولێكى ترى سه‌رۆكایه‌تى یه‌كێتى تۆپى پێى جیهانى تاكو ساڵى 2023 ده‌ستبه‌كارده‌بێته‌وه‌ " .
هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ى ئینفانتینۆ له‌ دواى ئه‌وه‌ هات كه‌ هیچ ململانێكارێكى نه‌بوو ، هه‌ر بۆیه‌ به‌ چه‌پڵه‌لێدان كرایه‌وه‌ به‌سه‌رۆكى (فیفا ) ، پاش ئه‌وه‌ى له‌ شوباتى ساڵى 2016 كاروانى به‌رپرسیاریه‌تى وه‌ك سه‌رۆكى فیفا ده‌ستپێكردبوو ، ئه‌ویش له‌ شوێنى (جۆزیف پلاته‌ر )ى سه‌رۆكى پێشوو بوو .
جێگه‌ى باسه‌ "ئینفانتینۆ " سه‌رۆكى نۆیه‌مینى فیفایه‌ و پێشتریش له‌ پۆستى سكرتێرى گشتى یه‌كێتى تۆپى پێى ئه‌وروپا بوو .

 

ئاماده‌كردنى : هیوا قادر

 


دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

 

سه‌رله‌به‌یانى ئه‌مڕۆ چوار شه‌ممه‌ (5-6-2019) محه‌ممه‌د سه‌ڵاحى میسڕى و یاریزانى یانه‌ى لیڤه‌رپولى ئینگلیزى ، هێرشێكى توندى كرده‌ سه‌ر ده‌زگاكانى راگه‌یاند ، به‌ هۆى گه‌مارۆدرانى له‌ نێو ماڵى خانه‌واده‌كه‌ى له‌ پارێزگاى رۆژئاواى باكورى میسڕ .
محه‌ممه‌د سه‌ڵاح له‌ تویتێك له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى تویته‌ر نوسیویه‌تى :" ئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن هه‌ندێك رۆژنامه‌نوس و هه‌ندێك خه‌ڵك ئه‌نجامده‌درێت و ، به‌هۆى ئه‌وانیش نه‌توانیت له‌ ماڵه‌وه‌ بچیته‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ ئه‌نجامدانى نوێژى جه‌ژن ، ئه‌مه‌ په‌یوه‌ندى به‌ خۆشه‌ویستى نیه‌ ، ئه‌مه‌ پێى ده‌وترێت رێز نه‌گرتن له‌ تایبه‌تمه‌ندى به‌رامبه‌ر و كارێكى ناپیشه‌ییه‌ " .
گردبوونه‌وه‌ى خه‌ڵكى گوندى (نجریج )ى شوێنى له‌دایكبوونى محه‌ممه‌د سه‌ڵاح له‌ به‌رده‌م ماڵى باوانى ، هۆكاربوو بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م یاریزانه‌ نه‌توانێت بێته‌ ده‌ره‌وه‌ و نوێژى جه‌ژن له‌ گۆڕه‌پانى گونده‌كه‌ى ئه‌نجامبدات ، هاوسه‌ره‌كه‌شى ناچاربوو له‌ ناو خه‌ڵكى نوێژى جه‌ژن ئه‌نجامبدات .
جێگه‌ى باسه‌ ئێستا محه‌ممه‌د سه‌ڵاح له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ى له‌ پشووى جه‌ژندایه‌ له‌ گوندى (نجریج )ى شوێنى له‌دایكبوونى ، پاش ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ یانه‌ى لیڤه‌رپول نازناوى خولى یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانى ئه‌م وه‌رزه‌ى به‌ده‌ستهێنا .

 

داڕشتنه‌وه‌ : هیوا قادر


دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

 

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ (1-6-2019 ) خۆسییه‌ ئه‌نتۆنیۆ رییه‌سى یاریزانى پێشووى هه‌ڵبژارده‌ى ئیسپانیا له‌ ته‌مه‌نى (35) ساڵى به‌هۆى رووداوى هاتوچۆ گیانى له‌ده‌ستدا .
یانه‌ى ئییشبیلیه‌ى ئیسپانى هه‌واڵى كۆچى دوایى (ئه‌نتۆنیۆ رییه‌س)ى بڵاوكرده‌وه‌ ، كه‌ پێشتر ئه‌م یاریزانه‌ له‌ ریزه‌كانى ئیشبیلیه‌ و ئه‌رسناڵ و ریال مه‌دریدیش یاریكردبوو .
له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كى فه‌رمى یانه‌ى ئیشبیلیه‌ له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى "تویته‌ر " هاتووه‌ :" هه‌واڵێكى زۆر ناخۆش راده‌گه‌یه‌نین ، یاریزانى پێشووى یانه‌كه‌مان خۆسییه‌ ئه‌نتۆنیۆ رییه‌س ، به‌ رووداوێكى هاتوچۆ گیانى له‌ده‌ستداوه‌ " .
(خۆسییه‌ رییه‌س)یش یاری بۆ چه‌ند یانه‌یه‌كى ئه‌وروپا كردووه‌ ، له‌ نێوانیان ئه‌رسناڵى ئینگلیزى و ئیشبیلیه‌ و ریال مه‌درید و ئه‌تله‌تیكۆ مه‌درید و ئیسپانیۆڵى ئیسپانى و به‌نفیكاى پرتوگالى بوونه‌ ، دوایین یانه‌ش كه‌ ئه‌م یاریزانه‌ یارى بۆ ئه‌نجامداوه‌ یانه‌ى (ئیكستریمادۆرا ) بوو كه‌ یانه‌یه‌كه‌ له‌ ریزى یانه‌ پله‌ دووه‌كانى ئیسپانیا .
ئه‌م یاریزانه‌ خاوه‌نى تۆمارێكیشه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ى ئیسپانیا به‌ ئه‌نجامدانى (21) یارى نێوده‌وڵه‌تى بۆ هه‌ڵبژارده‌ى وڵاته‌كه‌ى و ، چوار گۆڵیشى به‌ درێسى هه‌ڵبژارده‌ى نیشتمانى تۆماركردوون .

 

ئاماده‌كردنى : هیوا قادر


............
چاوه‌ڕێ ده‌كرێت له‌ رۆژى شه‌ممه‌ ناوێكى تر بۆ لیستى ئه‌و راهێنانه‌ زیادبێت كه‌ توانیویانه‌ نازناوى خولى یانه‌ پاڵه‌ونه‌كانى ئه‌وروپا ببه‌نه‌وه‌ ، ئه‌و ناوه‌ش یان ناوى (یۆڕگن كڵۆب )ى ئه‌ڵمانى ده‌بێت یاخود ناوى ماوریسیۆ بۆكیتینۆى ئه‌رجه‌نتینى ده‌بێت ، ئه‌و لیسته‌ش له‌ راستى دا ناوى مه‌زنترین راهێنه‌رانى تۆپى پێى له‌خۆگرتووه‌ .
یۆڕگن كڵۆب خۆى ئاماده‌ده‌كات تاكو بۆ جارى سێ یه‌م یارى كۆتایى خولى یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانى ئه‌وروپا ئه‌نجامبدات ، كاتێك وه‌ك راهێنه‌ری لیڤه‌رپول رووبه‌ڕووى یانه‌یه‌كى ترى ئینگلیزى ده‌بێته‌وه‌ ئه‌ویش یانه‌ى تۆتنهام هۆتسبێره‌ ، یاریه‌كه‌ش له‌ مه‌دریدى ئیسپانیا به‌ڕێوه‌ده‌چێت .
كڵۆب یارى كۆتایى خولى یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانى ئه‌وروپاى ساڵى 2013 ى به‌ یانه‌ى بایرن میونخ دۆڕان ، ئه‌ویش كاتێك مه‌شق و راهێنانى به‌ بڕوسیا دۆرتمۆندى تیپى پێشووى ده‌دایه‌وه‌ ، ئه‌مه‌ به‌رله‌وه‌ى جارێكى تر له‌ یارى كۆتایى خولى یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانى ئه‌وروپا دووچار دۆڕان بێت ، ئه‌مجاره‌ش وه‌ك راهێنه‌رى لیڤه‌رپول له‌ به‌رامبه‌ر یانه‌ى ریال مه‌دریدى ئیسپانى بوو ، ئه‌مه‌ بۆ وه‌رزى رابردوو (2017-2018) ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ .
له‌لایه‌ن خۆشییه‌وه‌ ، بۆكیتینۆى راهێنه‌رى یانه‌ى تۆتنهام به‌ دواى یه‌كه‌م نازناوى خۆى له‌ كاروانى مه‌شق و راهێنان ده‌گه‌ڕێت ، به‌ڵام له‌ ئه‌گه‌رى بردنه‌وه‌ى نازناوه‌كه‌ ، ئه‌م راهێنه‌ره‌ له‌ بیروه‌رى هانده‌رانى یانه‌ى تۆتنهام به‌ درێژایى مێژوو ده‌مێنێته‌وه‌ ، ئه‌مه‌ش یه‌كه‌م ده‌ركه‌وتنى یانه‌كه‌یه‌ له‌گه‌ڵ جامه‌ ئه‌وروپییه‌كان .
بۆكیتینۆ به‌ پێگه‌ى فه‌رمى یه‌كێتى ئه‌وروپا (یوفا)ى راگه‌یاندووه‌ :" یارى تۆپى پێ كه‌ هه‌موومان ئه‌م یاریه‌مان خۆشده‌وێت ، له‌ جه‌رگه‌ى سۆز و ووره‌ به‌رزى و هاندان هه‌ڵده‌قوڵێت " .
ووتیشى :" سروشتییه‌ یاریزانه‌ پیشه‌گه‌ره‌كان له‌ هه‌موو یانه‌یه‌ك خاوه‌نى به‌هره‌ و لێهاتوویى خۆیان بن ، به‌ڵام ئه‌و كاره‌ى زۆر گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ست به‌ داهێنان بكه‌یت له‌و كاره‌ى ئه‌نجامى ده‌ده‌یت ، ده‌بێت له‌ ناخه‌وه‌پاڵنه‌رێكیشت هه‌بێت بۆ ئه‌م كاره‌ " .
ئه‌مه‌ لێدوانى بۆكیتینۆ بوو ، به‌ڵام ئه‌م راهێنه‌ره‌ رۆڵێكى كاریگه‌رى هه‌بووه‌ له‌ پێشخستن و گه‌شه‌سه‌ندنى (هارى كین )ى هێرشبه‌رى یانه‌كه‌ى ، به‌م جۆره‌ش بووه‌ سه‌ركرده‌ى یانه‌ى تۆتنهام و هه‌ڵبژارده‌ى ئینگلته‌را .
(هارى كین)ى هێرشبه‌رى تۆتنهام به‌ پێگه‌ى یوفاى راگه‌یاندووه‌ :" له‌ ماوه‌ى چوار ساڵى رابردوو یان پێنج ساڵى رابردووه‌ ، له‌ یانه‌ى تۆتنهام له‌گه‌ڵ بۆكیتینۆ پلانمان هه‌بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ببینه‌ یه‌كێك له‌ یانه‌ باشه‌كانى ئه‌وروپا " .
هارى كین ووتیشى :" له‌ راستى دا شتێكى زۆر نایابه‌ كه‌ ئێستا له‌ یارى كۆتایى خولى یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانى ئه‌وروپاین .. ئێستا هه‌وڵده‌ده‌ین زیاتر بیر له‌ كاره‌كه‌ بكه‌ینه‌وه‌ ، نامانه‌وێت هه‌ر ته‌نها به‌ یارى كۆتایى تێبپه‌ڕین به‌ڵكو ده‌مانه‌وێت كاریگه‌رییه‌ى زۆر جێبهێڵین " .
له‌ ساڵى 2014 بۆكیتینۆ له‌ مه‌شقدانه‌وه‌ى یانه‌ى ساوزهامبتۆنه‌وه‌ په‌یوه‌ندى به‌ یانه‌ى تۆتنهام كرد ، ئه‌مه‌ش به‌ر له‌ یه‌ك ساڵ بوو له‌ دامه‌زراندنى یۆڕگن كڵۆب به‌ راهێنه‌رى یانه‌ى لیڤه‌رپول ، پاش ئه‌وه‌ى ئه‌وه‌ى دووه‌میان كاروانێكى سه‌ركه‌وتووى له‌گه‌ڵ دۆرتمۆند به‌سه‌ربرد .
دواى رۆیشتنى كڵۆب له‌ یانه‌ى دۆرتمۆند ، ئه‌نجامه‌كانى یانه‌ ئه‌ڵمانییه‌كه‌ى به‌ره‌و دواوه‌ گه‌ڕانده‌وه‌ ، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدابوو كه‌ كڵۆب له‌ ئه‌ڵمانیا رۆیشت یانه‌كه‌ى ململانێى یانه‌ گه‌وره‌كانى ئه‌وروپاى ده‌كرد ، دوو جاریش نازناوى خولى ئه‌ڵمانیا بردبووه‌وه‌ ، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ بردنه‌وه‌ى جامى ئه‌ڵمانیا ئه‌ویش له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندى یانه‌ى بایرن میونخى ململانێكارى بوو .
له‌ لێدوانێكدا یۆڕگن كڵۆبى راهێنه‌رى یانه‌ى لیڤه‌رپول به‌ پێگه‌ى یوفا رایگه‌یاندووه‌ :" دواى پێنج رۆژ ئینجا یاریزانان له‌ گرنكى بیركردنه‌وه‌كانم تێده‌گه‌ن ، روون و ئاشكرایه‌ كه‌ یاریزانان من ده‌ناسن و یانه‌ى دۆریتمۆندیش ده‌ناسن ، شێوازى یاریكردنه‌كه‌ى ئێمه‌ش روونه‌ ، به‌ڵام ئێمه‌ نه‌مانویست هه‌موو شتێك هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ بخه‌ینه‌روو " .
راهێنه‌رى لیڤه‌رپول روونیشیكرده‌وه‌ :" ویستمان سودى زیاتر له‌ تایبه‌تمه‌ندى یاریزانان وه‌ربگرین و متمانه‌ى زیاتریان پێببه‌خشین ، تاكو ئه‌و بڕوایه‌یان هه‌بێت كه‌ ئه‌وان یاریزانى گونجاون بۆ یانه‌ى لیڤه‌رپول " .
فه‌لسه‌فه‌ى یاریكردنى كڵۆب
فه‌لسه‌فه‌ى پلانى یاریكردنى كڵۆب پشتبه‌ستنه‌ به‌ فشارى زۆر و جوڵه‌ى خێرا و ، له‌ نێو ئه‌م پلانه‌ش هه‌ردوو یاریزانانى باڵ له‌ یانه‌كه‌ له‌ ئه‌ركه‌كه‌یان سه‌ركه‌وتووبوونه‌ ، ئه‌وانیش (ترینت ئه‌لیسكه‌نده‌ر ئه‌رنۆڵد ) له‌ باڵى راست و (ئه‌ندى رۆبرتسۆن ) له‌ باڵى چه‌پ ، ئه‌م دوو یایزانانه‌ش له‌ باشترین یاریزانانى جیهانن له‌م شوێنه‌ى یاریكردنه‌ و یاریگا .
رۆبرتسۆن بۆ پێگه‌ى فه‌رمى یانه‌ى لیڤه‌رپول رایگه‌یاند :" بیرمه‌ له‌وكاته‌ى من ده‌چووم سه‌یرى یارى تۆپى پێم ده‌كرد ، چوار یاریزان له‌ هێلى به‌رگرى بوون ، ئه‌و یاریزانانه‌ش هه‌ر له‌ شوێنى خۆیان ده‌مانه‌وه‌ " .
ووتیشى :" بڕوام وایه‌ ئێستا له‌ رووى هێرشبردنه‌وه‌ ئه‌رك و ماندووبوونى زیاتر كه‌وتووه‌ته‌ سه‌ر یاریزانانى باڵه‌كان ، ئێستا كاره‌كه‌ زۆر گۆڕاوه‌ ، روون و ئاشكرایه‌ كه‌ راهێنه‌ر ئازادى زیاترم پێده‌به‌خشێت ، به‌ هه‌مان شێوه‌ كاره‌كه‌ بۆ (ترینت)یش راسته‌ ، تاكو له‌ كاتى پێویست پاڵپشتى هێلى هێرشبه‌ران بكه‌ین " .
به‌ بێ گومان یۆڕگن كڵۆب له‌ قه‌ڵاى (ئه‌نفڵد ) ده‌مێنێته‌وه‌ ، به‌ چاوپۆشین له‌ ئه‌نجامى یارى كۆتایى خولى یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانى ئه‌وروپا ، كه‌ لیڤه‌رپول و تۆتنهام له‌ شارى مه‌درید كۆده‌كاته‌وه‌ .
هه‌رچى ماوریسیۆ بۆكیتینۆیه‌ ،ئه‌گه‌ر بۆ یه‌كه‌مین جاریش له‌ مێژوودا یانه‌ى تۆتنهام بكاته‌ خاوه‌نى نازناوى چامپیۆنس لیگ ، به‌ڵام مانه‌وه‌ى له‌ یانه‌ ئینگلیزییه‌كه‌ جێگه‌ى مشتومڕه‌ ، چونكه‌ به‌ دواى سه‌ركێشییه‌كى تر ده‌گه‌ڕێت .

.....................