گرنگترین مانشێتەکان

گۆڕانکاری

گۆڕانکاری

عوسمان كاروانى

گۆڕانکاری زەرورەتێکی ژیانە چونکە گەردون خۆی هەمیشە لە گۆڕاندایە و ئێمەش پیویستە بەرەو باشتر هەنگاو بنێین و بگۆڕێین تا بتوانین گەشەی زیاتر بەڕوح و فکر و عەقڵمان بدەین .
دەبێت لە ناخی خۆمانەوە دەست پێ بکەین ، ئەگەر چی وازهێنان لە هەندێ بیرکردنەوە وئیدارەدانی کاروبارەکانمان کە لە ڕابردوودا لەسەری ڕاهاتووین سەخت و دژوارە ،بەڵام ئەگەر ئیرادە و هیممەت و پشوو درێژی و کۆڵنەدان وخۆڕاگریمان هەبێت هیچ شتێک لە ژیاندا زەحمەت نیە ، دەبێت مرۆڤەکان هەمیشە لە هەوڵدابن بۆ ئەوەی بگەن بە باشتر تازۆرترین خزمەت بەچوار دەوریان پێشکەش بکەن .
خوداش دەفەرموێت (إِنَّ اللّهَ ڵا یُغَیِّرُ مَا بِقَوْمٍ حَتَّی یُغَیِّرُواْ مَا بِأَنْفُسِهِمْ) .
ناو بە ناو بیرکردنەوە لە خۆمان و بژارکردنی ڕەفتار و بیرکردنەوە سلبیەکان لە ژیاندا بۆ هەر تاکێکمان زەرورەتە چونکە نابێت کەس ئەوەندە لە خۆی ڕازی بێت و وابزانێت هەموو شتێ دەزانێ و پێویستی بە بەخۆداچوونەوە و بژارکردنی کردار و ڕەفتارە سلبیەکانی نەماوە .
لەگەڵ ڕۆیشتنی تەمەن و دەوڵەمەندبوونمان لەڕووی فکرییەوە و زیادکردنی ئەزموونمان پێویستە بەرهەم و دەسکەوتەکانیشمان زیاد بکات ، ئەگەروانەبوو دەبێ بە خۆماندا بچینەوە و تەقیمێکی وردی خۆمان بکەین و هۆکارەکان دیاری بکەین و لە پاڵیشیدا نەخشە ڕێگای سەرکەوتن دابنێین بۆ خۆمان .
چونکە گەرهەر لەسەر هەنگاوەکانی ڕابردوومان بڕۆین و وا بزانین کە ئەمە ڕێگە ڕاستەکەیە لەهەمان کاتدا بەتاقیکردنەوە بۆمان دەرکەوتووە ماندوبوون و بەخشینی وزەکانمان یەکسان نیە بە دەستکەوتەکانمان بەهەدەردانی ووزە تواناكانە بۆیەدەبێت بەربەستەکانی بەردەم گۆڕانکاری ژیانمان بە بەرنامە و پلانێکی ورد تێک بشکێنین بۆ ئەوەی باشتر گەورەبین وگەشە بکەین تا باشتر خزمەت بە خۆشمان و چواردەورەکەشمان بکەین .
هیچ کەسێک نیە پێویستی بە نوێبوونەوە نەبێت چونکە ئەگەر جەستە لە گەشە بوەستێت خۆ ناکرێت گەشەی فکر و عەقڵ بوەستێت كەئێمەش بەهۆی پێشكەوتنی خێرایی ژیانەوە دەبێ‌ بەردەوام میكانیزمی كاركردن نوێ‌ بكەینەوەو لەگەڵ گەشەی ژیان و پێشكەوتنی جیهان میكانیزمەكانی ئێمەش بەرەو پێش بڕوات و گەشەبكات تابەشێوازە نوێكان ڕووبەڕوی كردنەوەی گرێ‌ كوێرەكانی ژیان بین.
بەڵام پێویستە هەر نوێبوونەوەیەکیش كەدەكرێت بەهەر جۆرێک بێت دەبێت ڕاستەقینە و بەرهەمدار بێت نەک ڕۆتینی و وەهمی و کاتی .
بۆیە وەک تاک پێویستە هەمیشە لە گەشە و نوێبوونەوەدا بین ، چونکە تەنانەت ئاو ئەگەر لە شوێنی خۆی بوەستێت و سەرچاوەکانی گەشە نەکەن و لەبەری نەڕوات و ئاوی نوێی نەیەتە ناو ڕەنگ و بۆن و تامی تێک دەچێت .
کەواتە وەک تاک پێویستمان بە نوێبوونەوەیە چونکە گەر تاکەکانی هەر نیشتمانێ لەگەشە و نوێبوونەوەدابوون ئەوە هەمیشە ئەو نیشتمانە گەشە و کەش وهەوای ئارامە و ژیان تیایدا شەرەفەمەندانەیە وپێکەوە ژیانیش لە لوتکەدا دەبێت .