گرنگترین مانشێتەکان

ئەمە ئەرز و ئەوەش گەز

ئەمە ئەرز و ئەوەش گەز

یادگار سدیق

حکومەتی هەرێم لە چەند مانگی رابردوودا و هەرلەسەرەتاوە و لەبەرنامەی کاریدا درووشمی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی هەڵکردووە. زۆر بەخێرایی و لە یەکەمین دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیرانەوە یەکەم هەنگاو دەستی پیکردوو بوو بە مانشێتی راگەیاندنەکان، کە سەرۆکی کابینە قبووڵی ناکات لە هیچ وەزیرێک کاتژمێر هەشت لە دەوام نەبێت. ئەمە هەنگاوی یەکەم بوو کە دەبێت چاکسازی لە سەرەوە بۆ خوارەوە دەست پێبکات ، پاشان بریارەکە شۆڕبووە وە بۆهەموو فەرمان بەرێکی حکومەت.لە رواڵەتدا ئەمە هەنگاوێکی باشە جێی دەستخۆشییە بەڵام ئەبێت ئەوەیان لەبیر نەچێت دەوامکردنی فەرمانبەر بەو شێوەیە دەرەنجامی ئەو بارودۆخە ناهەموارەیە کە حکومەت فەرمانبەری تێخستووە و هۆکارەکانیش ڕوونە.

چاکسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بە درووشم چارەسەر نابێت هەموو کابینەکانی پێشوو سەیری بەرنامەی کاریان بکەین و گوێ لە لێدوانەکانیان بگرین، هەڵگری هەمان درووشمن بەڵام عیبرەت بەکردارە نەک گوفتار.

ئەوهەنگاوەی حکومەت ناوێتی راستە وەکو سەرۆک وەزیر لە چەند بۆنەیەکدا دەڵێت" گەندەڵی تەنها گەندەڵی مالی نییە" قسەیەکی زۆر تەواوە .منیش دەڵێم برینداریش تەنها لێبوونەوەی ئەندامێکی جەستە نییە بەڵکو بە بڕینی پەنجەش دەوترێت برینداریی بەڵام جیاوازیان زۆرە.

شەفافییەت و لێپرسینەوە بنەمای هەر حکومەتێکی بەهێز و سەرکەوتووە، هەرێمی کوردوستان رۆچووە لە گەندەڵی دا بە تیمار کردنی پەنجەیەک گەندەڵی چارە ناکرێت بەڵکو سەرۆک وەزیران بە حوکمی پێگەی بنەماڵەیی و حیزبی و ئەمنی دەتوانێت گەر بییەوێت ڕووبەڕوی گەندەڵ کاران ببێتەوە، و گەندەڵییەکانی کە بوونەتە خۆرە و بەسەر لاشەی میللەتەوەن یەک یەک هەڵیان کەنێت و حکومەتەکەی بکات بە حکومەتێکی بەهێز بە وەش پێش هەموو کەس خزمەت بەخۆی و حیزبەکەی دەکات و لەهەموو کات زیاتر پشتگیری لێدەکرێت لەلایەن خەڵک و حیزبەکانیشەوە.

تەنها ناوی چوار لە و خۆرانەی کە داویەەتی لەلاشەی هاووڵاتی پاشان حکومەت دێنم بۆ ئەوەی گەر چاکسازی لەمانەدا بکرێت ئەو کات بێویژدانییە بڵیین چاکسازییەکەتان هەر درووشمە بەڵکو سەروەری گەورە بۆ خۆتان تۆمار دەکەن :
خۆراک ، دەرمان، دەروازە سنورییەکان، نەوت .
من تەنها باسی نەوت دەکەم ئەو سێ خۆرەی تر بەجێ دێڵم بۆ ئەوانەی کە بەداوداچوون بۆ ئەو بوارەنە دەکەن.
بە حوکمی بەدوا داچوون و چاودێریم بۆ بارودۆخی نەوت ئەمەوێ چەند خاڵێک باس بکەم کە دەکرێت سودی لێ وەربگیرێت .
سێکتەری نەوت هەروەکو ئاشکرایە شادەماری داهاتی هەرێمە ، بمانەوێ و نەمانەوێ هەڵەی گەورە لە بەڕێوەبردنی ئەم سەکتەرەدا کراوە دەرەنجامەکانیش گەواهیدەری ئەم راستییەن. لە چەند نوسێنێکی رابوردوودا باسی هەیکەلییەت و پەیوەندی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتەکانی ترمان کردووە. لێرەدا دەمەوێت باسی یاسای نەوت و گاز و بە تایبەتی بەشی پێنچەم کە پەیوەستە بە دامەزراندنی کۆمپانیاکانی نەوت کە دەبێت حکومەت دایان مەزرێنێت و وەزارەت کاری رێکخستنیان بۆ بکات ئەوانیش:
)KEPKO کۆمپانیای کوردستان بۆ دۆزینەوە و بەرهەمهێنان(
)KNOC کۆمپانیای کوردستانی نیشتیمانی نەوت (
(KOMO) کۆمپانیای کوردستان بۆ هەناردەکردنی نەوت
(KODO) کۆمپانیای کوردستان بۆ پاڵاوتن و پاشکۆکانی نەوت
ئەوانە بەروحی یاساکە ناو دەبرێن ، بەڵام تا ئێستا هێچ کار بە و ئاراستەیە نەکراوە بەڵکۆ ئەوەی لەسەر ئەرزی واقیع دەبینرێت هێنانی کۆمپانیای حیزبی و گەورەکردنیانە لەسەر حسابی ئەم کۆمپانیایانەی لە یاساکەدا هاتوون. بەدیاری کراوی هەردوو کۆمپانیای کار و قەیوان و چەند وردە کۆمپانیایەکی تر .
کار بەدەرەجەی یەکەم پشکی هەیە لەکێڵگەکانداو خاوەندارێتی بۆری گواستنەوەی نەوتی هەرێمی هەبوو تاوەکو ئەوکاتەی رۆسنفتی کرد بە هاوپشکی خۆی و ئێستاش لەگەڵ رۆسنفت خاوەندارێتی ١٠٠% بۆریەکەیان هەیە. لە کێڵگەی خورمەڵەش هەمە کارەیە ئەوە با پاڵاوگەو بازاری ناوخۆ بووەستی . لە زۆۆنی سلێمانیش قەیوان هەمان رۆڵ دەبینێت. کە دەکراهەر لە کاتی دەرچوونی یاساکەوە کار بۆ ئەو کۆمپانیایانە بکرایە کە یاساکە دیاری کردووە نەک کۆمپانیای تایبەت و قۆرغکار. گەر بوترێت شارەزایی نەبووە و کادری بەتوانامان نەبووە بۆیە نەمان توانیوە ئەوا ئەمە ئیدعایەکی بەتاڵە چونکە هیچ کام لەم کۆمپانیایانە هیچ شارەزاییەکیان نەبووە لەوکاتەدا ،هەر بە بەڵگەی ئەو نامانەی کە دانا گاز لە گەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئاڵو گۆڕی کردووە کە دەڵێت کار و نۆ کان و زۆزک کارەکانیان زۆر خراپە تەناننەت کارە شارستانییەکانیشیان ( مدنی لە بیناو ئامادەکردنی پێگە..). وەکو دەزانین راکێشانی بۆری گاز بۆ ویستگەکانی کارەبا لە چەمچەماڵ و هەولێر بەوان سپێردرابوو لە سەر داوای وەزارەتی سامانە سروشتییەکان. وە دانا شارەزای لەحیمی لەدەرەوە بۆ هێنانبوون بۆ ئەوەی کارەکانیان بەڕێکەن، ئێستا ئەو دوو کۆمپانیا خاوەنی هەموو شتن و وەزارەتیش هێچ .
بەڕێز سەرۆکی حکومەت گەر چاکسازی دەکەیت لە سێکتەری نەوت دا بفەرموو بە دامەزراندنی ئەو کۆمپانیانە بەپێی یاسا و لەسەر بنەمای لێهاتوویی بۆ ئەوەی نەڵێی ئەوان(کار و قەیوان بەتایبەت کار ) ئێستا هەموو شتن لەم بوارەدا، دەکرێت سود لەوانیش وەربگریت بەڵام لەژێر دەستەڵاتی حکومەت و وەزارەتا نەوەک بۆ خۆیان حکومەتێک بن لەناو حکومەت و بەدەر بن لە لێپرسینەوە.
ئامادە بوونی خاوەنی کۆمپانیای کار لە دانیشتنی لیژنەی دانوستان کاری هەرێم بۆ کێشەی نەوت و بوجە لەگەڵ بەغدا لە غیابی وەزیری سامانە سروشتییەکان ئاماژەی ئەوەیە کە ئەو بۆشاییە بەو پڕ دەکرێتەوە لەکاتێکدا ئەو بەڕێزە سەرۆکی کۆمپانیایەکی تایبەتە و کۆمپانیاکەی وەکو پەرلەمانتارێک وتی لیژنەی لەسەر پێکهێنراوە بۆیە ئاماژەیەکی باش نییە. دەکرێت ئەو کەسە کەسێکی لێهاتوو بێت لە بەڕێوەبردنی کۆمپانیاکەید،ا وە لە وڵاتێکی سەقامگیر لە رووی سیاسی و ئابووری سەروەری یاساوە دەکرێت ئەمە گونجاوبێت ،بەڵام لە و هەلومەرجەی کوردوستاندا کە تەواو پێچاوانەی وڵاتێکی سەقامگیرە، لە لایەک زیاتر نا ئومێدی لای هاوڵاتی دروست دەکات و متمانەی بە گۆرانکارییەکان نامێنێت کە لە خزمەتی چاکسازیدا بێت لە لایەکی تر زەمینە سازییە بۆ قۆرغکاریی و بێ هیوایی لای ئێمەی چاودێردروست دەبێت کە ناتانەوێ یاسای نەوت و گاز و بەشی پێنجەمی کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێکرد وەکو خۆی جێبەجێ بکەن.
دڵنیام گەر گۆرانکاری ریشەیی لە بەڕێوەبردنی نەوت و گازدا بکرێت بەشێکی زۆری گرفتەکانی ئەو بوارە چارەسەر دەکرێت وەکو کوردیش دەڵێت" ئەمە ئەرز و ئەوەش گەز".