له‌ سوپه‌ر كلاسیكۆ به‌رازیل میوانداری ئه‌رجه‌نتین ده‌كات

سامان زاهیر 05/09/2021 - 15:26 بڵاوکراوەتەوە لە وه‌رزش

له‌ یاری سوپه‌ڕ كلاسیكۆی پاڵاوتنه‌كانی جامی جیهانی له‌ كیشوه‌ری ئه‌مه‌ریكای باشور له‌سه‌ر یاریگای كۆره‌نشیانز له‌ یاری دواخراوی جه‌وله‌ی شه‌شه‌م هه‌ڵبژارده‌ی به‌رازیل میوانداری هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌رژه‌نتین ده‌كات.
به‌رازیل تا ئێستا له‌ ئه‌نجامدانی حه‌فت یاری سه‌رجه‌م یارییه‌كانی بردیته‌وه‌و پله‌ی یه‌كه‌می ریزبه‌ندی گرتوه‌ به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 21 خاڵ ، له‌ جه‌وله‌ی رابردووش له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگای خۆی له‌ چیللی برده‌وه‌، تیتی به‌شێوه‌یه‌كی باش تیپه‌كه‌ی بۆ ئه‌م یارییه‌ ئاماده‌ كردووه‌ هه‌وڵ ده‌دات درێژه‌ به‌سه‌ركه‌وتنه‌كان بدات و به‌ته‌نها له‌ پێشه‌نگ بمێنێته‌وه‌و تۆڵه‌ی دۆرانی یاری كۆتایی كوپا ئه‌مه‌ریكا له‌ ئه‌رژه‌نتین بكاته‌وه‌ كاتێك له‌ ته‌موزی رابردوو پێی دۆرا.
راهێنه‌ری به‌رازیل بۆ ئه‌م یارییه‌ یاریزانی دواوه‌ی به‌رگری لیۆ ئۆرتیزی یاریزانی یانه‌ی براگانتینۆی بانگهێشت كرده‌وه‌ تا له‌ شوێنی ماركینیۆس به‌شداری له‌ یارییه‌كه‌ بكات به‌هۆی سزادانه‌وه‌ ناتوانێت له‌م یارییه‌دا ئاماده‌بێت.
له‌هه‌مان كات ئارتۆری هێرشبه‌ری براگانتینۆی له‌ شوێنی مالكۆم بانگهێشت كردووه‌ چونكه‌ یانه‌ی زینت ڕێگه‌ی به‌ مالكۆم نه‌دا به‌شداری له‌ یارییه‌كان بكات.
جگه‌ له‌م یاریزانانه‌ به‌رازیل به‌هۆی رێگه‌نه‌دانی یانه‌كانی ئینگلته‌را بۆ گه‌شت كردن له‌ توانای چه‌ند یاریزانێكی سه‌ره‌كی بێ به‌ش ده‌بێت .
هه‌رچی ئه‌رژه‌نتینه‌ له‌ جه‌وله‌ی رابردوو به‌ سێ گۆڵ به‌رامبه‌ر به‌ گۆڵێك له‌ فه‌نزوێلای برده‌وه‌و ئێستا پله‌ی دووه‌می ریزبه‌ندی گرتوه‌ به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 15 خاڵ به‌ جیاوازی شه‌ش خاڵ له‌دوای به‌رازیلی پێشه‌نگ دێت.
ئه‌رژه‌نتینی پاڵه‌وانی كوپا ئه‌مه‌ریكا به‌وره‌یه‌كی به‌رز ئه‌م یارییه‌ ئه‌نجام ده‌دات هه‌وڵ ده‌دات سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت و جارێكی تر سه‌ركه‌وتنه‌كانی كوپای رابردوو دووباره‌ بكاته‌وه‌.
له‌یاری رابردوو میسی توشی پێكان بوو به‌ڵام یارییه‌كه‌ی ته‌واو كرد، بۆ ئه‌م یارییه‌ش ئاماده‌یه‌و به‌شداری ده‌كات و له‌ پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی ده‌بێت.
لیۆنێل سكالۆنی راهێنه‌ری ئه‌رژه‌نتین تیپه‌كه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی باش ئاماده‌ كردووه‌، ده‌یه‌وێت جارێكی تر سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر به‌رازیل دووباره‌ بكاته‌وه‌و پلانێكی گونجاو بۆ یارییه‌كه‌ دابڕێژێت، ئه‌رژه‌نتین له‌ پاڵه‌وانه‌كان چوار بردنه‌وه‌و سێ به‌رامبه‌ر بوونی هه‌یه‌و 12 گۆڵی تۆمار كردووه‌و شه‌ش گۆڵیان لێ تۆمار كراوه‌.
هه‌رچی به‌رازیلیه‌ تا ئێستا خاوه‌ن به‌هێزترین هێڵی هێرشبردنی پاڵاوتنه‌كانه‌ به‌ تۆمار كردنی 17 گۆڵ و خاوه‌ن به‌هێزترین هێڵی به‌رگریشه‌ ته‌نها دوو گۆڵی لێ تۆمار كراوه‌.