ئه‌ڕسناڵ و لێسته‌ر سیتی یاری لووتكه‌ی پرێمه‌رلیگ ئه‌نجامده‌ده‌ن

25/10/2020 - 15:46 بڵاوکراوەتەوە لە وه‌رزش
 لەسەر یاریگای ئیماڕات لەیاری لوتكەی جەولەی شەشەم یانەی ئەرسناڵی لەندەنی میوانداری لیستەرسیتی دەكات. ئەرسناڵ خاوەنی نۆ خاڵە لە پێنج یاری ڕابردوو سێ بردنەوەو دوو دۆڕانی هەیەو پلەی هەشتەمی ڕیزبەندی گرتوە، ئەم یانەیە پێویستی بە بردنەوەی چوارەم هەیە بۆ ئەوەی پێشبركێی یانەكانی پێشەوەی ریزبەندی بكات. ئەرسناڵ بەورەیەكی بەرز ئەم یارییە ئەنجام دەدات بەتایبەتی دوای بەدەست هێنانی سێ خاڵ لە جەولەی یەكەمی خولی ئەوروپی لەدەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر بە یانەی رابید ڤییەننای نەمسا. تیپەكەی ئارتیتا لە جەولەی رابردوو لە دەرەوەی یاریگای خۆی بە مانچستەرسیتی دۆڕا، لەم وەرزە بە لیڤەرپولیش دۆراوەو لە یانەكانی فۆڵهام و وست هام یۆنایتد و شیفیلید یۆنایتدی بردۆتەوە. لەم یارییەدا ئەرسناڵ پشت بە ئۆبامیانگ و نیكۆلاس پیپی و ئەلیكساندەر لاكازێت و ویلیان دەبەستێت نایەوێت هیچ خاڵێك لەدەست بدات چونكە لەسەر یاریگای خۆی یاری دەكات. هەرچی یانەی لیستەرسیتیە لەم وەرزە نۆ خاڵی هەیەو پلەی حەفتەمی ریزبەندی گرتوە،ئەم یانەیە دوای سەرەتایەكی بەهێز لە پرێمەرلیگ بردنەوەی سێ یاری بەرامبەر بە یانەكانی وست برۆمی ئەلبیۆن و بێرنلی و مانچستەرسیتی ، لەدوو یاری رابردوو ئاستی تیپەكە بەرەو دابەزین چووەو توشی دوو دۆرانی لەدوای یەك هاتوە بەرامبەر بە یانەكانی وست هام یۆنایتد و ئەستۆن ڤێلا، لە چەند رۆژی رابردووش لە خولی ئەوروپی لەیەكەمین یاری سێ خاڵی بەدەست هێنا بە بردنەوەی لە زۆریا لۆهانسكی ئۆكرانی، ئێستاش هەوڵ دەدات لەخولی ناوەخۆ بگەڕێتەوە سەركەوتنەكان. لیستەر خاوەنی چەندین یاریزانی بەتوانایە لەسەرووی هەموویانەوە جێمی ڤاردی و جێمس مادیسۆن راهێنەر هەوڵ دەدات بۆ بەدەست هێنانی ئەنجامێكی باش پشت بەم یاریزانانە ببەستێن. لە ئەیلوولی رابردوو هەردوو یانە لە قۆناغی دووەمی جامی رابیتەی یانەكانی ئینگلتەرا بەرامبەر بەیەكتری یارییان كرد لەیارییەكەش ئەرسناڵ بە دوو گۆڵی بێ بەرامبەر براوە بوو ئەمەش دواین یاری نێوان هەردوو یانەیە كە بەرامبەر یەكتری ئەنجامییانداوە.