گرێبه‌سته‌كانی بایرن میونخ له‌ بازاڕی گواستنه‌وه‌ی هاوینه‌ی یاریزانان

06/10/2020 - 11:28 بڵاوکراوەتەوە لە هه‌واڵی وەرزشی

گرێبه‌سته‌كانی بایرن میونخ
بایرن میونخ سه‌ركه‌وتوو بوو له‌ مۆركردنی گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ یاریزانی پێشووی تیپه‌كه‌ی دۆگلاس كۆستای به‌رازیلی یاریزانی یانه‌ی یۆڤینتۆسی ئیتاڵی له‌دوا كاتژمێره‌كانی بازاری گواستنه‌وه‌ی یاریزانان.
بایرن میونخ رایگه‌یاند گرێبه‌سته‌كه‌ به‌شێوه‌ی خواستن ده‌بێت تا كۆتایی ئه‌م وه‌رزه‌ به‌خۆرایی ته‌نها بایرن میونخ موچه‌ی یاریزانه‌كه‌ دابین ده‌كات.
كۆستا سێ وه‌رزی له‌ساڵانی 2015 تا 2017 بۆ بایرن میونخ یاری كردووه‌،كۆستا دڵخۆشی خۆی راگه‌یاند به‌ گه‌رانه‌وه‌ی بۆ بایرن میونخ كه‌ پێشتر سه‌ركه‌وتنی باشی له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ به‌ده‌ست هێناوه‌.
هه‌ر له‌دواین رۆژی گواستنه‌وه‌ی یاریزانان بایرن میونخ گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ یاریزانی به‌رگری مارسیلیای فه‌ڕه‌نسی بۆنا سار واژوو كرد.
گرێبه‌ستی ئه‌م یاریزانه‌ ته‌مه‌ن 28 ساڵیه‌ بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ ده‌بێت له‌گه‌ڵ بایرن میونخ،دوای ئه‌نجامدانی پشكنینی پزیشكی گرێبه‌سته‌كه‌ی واژوو كرد.
هه‌ر له‌كۆتا رۆژی گواستنه‌وه‌ی یاریزانان بایرن میونخ گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ یاریزانی كامیرۆنی پێشووی پاریس سان جێرمان ئیریك ماكسیم چۆبۆ بۆ ماوه‌ی یه‌ك وه‌رز واژوو كرد.
ئه‌م یاریزانه‌ ته‌مه‌ن 31 ساڵیه‌ گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ پاریس سان جێرمان كۆتایی هاتووه‌و به‌خۆرایی په‌یوه‌ندی به‌ بایرن میونخ كردووه‌.
چۆبۆ دڵخۆشی خۆی به‌ مۆركردنی گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ بایرن میونخ رایگه‌یاندوو گوتی بۆ من شه‌ڕه‌فێكی گه‌وره‌یه‌ گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ یانه‌یه‌كی وه‌ك بایرن میونخ واژوو ده‌كه‌م،خه‌ونی هه‌موو یاریزانێك ئه‌وه‌یه‌ له‌یانه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئاوا یاری بكات.
ئه‌م یاریزانه‌ پێشتر بۆ یانه‌كانی هامبۆرگ و ماینز و شاڵكه‌ و ستۆك سیتی و پاریس سان جێرمان یاری كردووه‌.
به‌ر له‌و سێ گرێبه‌سته‌ش بایرن میونخ گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ یاریزانی ئیسپانی مارك رۆكای ته‌مه‌ن 23 ساڵه‌ تا حوزه‌یرانی 2025 واژوو كرد.
ئه‌م یاریزانه‌ش له‌هه‌مان شوێنی تیاگۆ ئه‌لكانتارا یاری ده‌كات كه‌ بۆ یاری كردن په‌یوه‌ندی به‌ یانه‌ی لیڤه‌رپول كرد.
نرخی ئه‌م گرێبه‌سته‌ نۆ ملیۆن یۆرۆیه‌ ، رۆكاش له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ گوتی دڵخۆشم به‌ په‌یوه‌ندی كردن به‌یانه‌ی بایرن میونخ به‌بڕوای خۆم باشترین یانه‌یه‌ له‌ جیهان هه‌وڵ ده‌ده‌م له‌گه‌ڵ ئه‌م یانه‌یه‌ ئه‌نجامی باش تۆمار بكه‌ین.
رۆما له‌ 121 یاری له‌گه‌ڵ ئیسپانیۆڵ به‌شداری كردووه‌و سێ گۆڵی تۆمار كردووه‌و له‌گه‌ڵ ئیسپانی ژێر ته‌مه‌ن 21 ساڵان جامی نه‌ته‌وه‌كانی ئه‌وروپای به‌ده‌ست هێناوه‌.