کاریزما کێیە.؟

خوبه‌یب گه‌ردی 01/09/2022 - 13:23 بڵاوکراوەتەوە لە وتار

جیاوازیان زۆرە ڕەمزو کاریزما بوون لەگەڵ بە ڕەقەم بوون.

کاریزما کۆڵەکەیەکە خەڵک پاڵی پێوەئەداو لەپەنایدا پشووئەدات وئارام ئەگرێت، بەڵام ژمارەبوون پاڵی بەخەڵکەوەداوەو بوەتە ماندوبون ومایەی خەم بۆیان، کاریزما بۆخەڵک ئەبێتە چەتر و سێبەر بەڵام ڕەقەم خەڵک ئەکاتە چەترو خۆیشی لەژیریا ئەبێتە عەنتەر ، کاریزما بە هوتافی کەس پێناگا ،کاریزما یان ڕەمزی وڵات ئەوکەسەیە خەمی خەڵکی لەکۆڵناوە بەڵام ژمارەبوون بوەتە خەم بۆ خەڵک ،سۆزانیەک ڕەقەمە ،هەڵتۆقیوێکی تاڵانچی ڕەقەمە بەڵام د.قەرەچەتانیەکان ڕەمزن ،ڕەقەمەکان دێن ودەڕۆن و تەنها کات ڕایگرتوون وبیرهێنانەوەشیان بۆ پەندو عیبرەتە نەک چاولێکردن، بەڵام ڕەمزەکان بۆهەتاهەتایە لەزاکیرەی مرۆڤدا حزوریان هەیە و خۆچواندن بەو سالارانەوە ئاواتی مرۆڤی نۆرماڵ وتەندروستە ، ڕەمز جیاکاری ناکات وخەمی گشتی لەسەرشانە ،بەڵام ڕەقەم داهات و ماڵی خەڵکی لەسەرشانناوە، کاریزما لەگەڵ بەرامبەر مامەڵەی وردئەکات وسەنگ ونرخی بۆدەرئەبڕێت وقەدری ئەگرێت، بەڵام ژمارەوڕەقەم یان حساب بۆ دەوروبەرناکات یان چاکبون وئەخلاق وپاکی بەرامبەر بەدەبەنگی تەماشا ئەکات ،کاریزما هەرگیز ناڵێ من کردومە ،ژمارەبوو ئەوەشی خەڵک کردویەتی لێی ئەدزێت خۆی ئەکاتە خاوەنی،

کاریزما بۆهەرشکستێک لێبوردنێکی ئامادەیە چونکە ئەزانێ دەیان دەستکەوتی گەورەی پێشکەشی کۆمەڵگاکەی کردوە، بەڵام ژمارەو ڕەقەمەکان چونکە خزمەتێکی ڕاستەقینەی گشتیان پێشکەشی نەتەوەکەیان نەکردوە بەفرت وفێڵ شکستە ئابڕو بەرەکانیشیان بەسەرکەوتن ئەسەپێنن بەسەر خەڵکا ئەژماری ئەکەن،ڕەمزی نەتەوەیەک خەڵک دیوەجوانەکانی وێنا ئەکا وئەیخاتەوە ناوکۆمەڵگاو خۆی ئەبێتە واقع بەڵام ژمارەبوو داوائەکات وپارەسەرف ئەکات ودەربار بەکرێ ئەگرێ تا لەناوکۆمەڵگادا وێنای جوانکەن بەڵام هەرنابێتە موڵک وخۆشەویستی گشتی هەرچەند بڵێ نابێتە قەزیەی شەقام ،قازی وپیران بونەتە ڕەمزی چوارپارچەی کوردستان چونکە دوای خزمەت وخەباتێکی کەم وێنە بەڕۆح وگیانیان لەبەر بەرژەوەندی گشتی خوێنی ئاڵیان کردە فیدای دەوروبەریان بەخوێنی ئاڵیان مێژووی شەرەفمەندیان نەخشان ملیان لەموو باریکتربوو لەبەردەم پەتی سێدارەی دوژمن، واتە ڕەمزبوون بەخۆلێبوردەیی ئەبێت بەهاتو هاوارو پڕوپاگەندە پێی ناگەین، بەڵام ڕەقەمبوون بڕۆرەسەرئەو شەقامە چوار هەڵوێستی دژەباو بکە ئیتر ڕەقەمی، هەرئێوارەو لەکەناڵێکەوە ڕاڤەو شیکاری بکەو ببە بەچاودێری سیاسی وئاینی وکۆمەڵایەتی و....هتد ئیتر ڕەقەمی بەڵام بشزانە ژمارە دوای خوێندنەوەی ون ئەبێت ونامێنێت و ژمێرراوەکان ئەمێننەوە. ئەکرێ ڕەمزوکاریزما لەشارێک وگەڕەکێکشدا بێت وخزمەتی بەرچاوی گشتی ئەنجام بدات.

بەکورتی کاریزمابوون میکانیزم ودیسپلین وبنەماو مەرجی خۆی هەیەوبەمردنیشی ناوی ناسڕێتەوەو لەکایەی گشتیدا ئامادەیی هەیە.

کە من لەماڵ خۆمدا کاریزمام نابمەکاریزما بۆتۆ، کاتێ کاریزمایی من بایەخی هەیە کەبۆ خەڵکی کاریزمابم وبەنەبوونی من قەیران وکێشە سەرهەڵبدەن.

ئەمەوێ بڵێم ئەگەر ناتوانی ببیتە ڕەمزی گشتی خۆیشت مەکەرە ڕەقەم ودواتر ناوهێنانت شەرمهێنەربێت.
خوا ڕاوەستاومان بکات لەسەر دینەکەی موحەمەد درودی خوای لەسەر.