پرۆگرامی خوێندنی فه‌لسه‌فه‌ بۆ منداڵانمان یان په‌روه‌ردی ئیسلامی؟

عەلی سوبحانی 16/05/2022 - 23:51 بڵاوکراوەتەوە لە وتار

پرۆگرامی خوێندنی فه‌لسه‌فه‌ بۆ منداڵانمان یان په‌روه‌ردی ئیسلامی؟

پرس وبابه‌تی پێویستی بوونی خوێندنی فه‌لسه‌فه‌ له ‌ سیسته‌می خوێندنی هه‌رێمی كوردستان بۆ منداڵان، پرسێكی ساده‌ نییه‌ وا به‌ ئاسانی باس بكرێت، له‌ كاتێك دا خودی ئه‌م پرسه‌ له‌ وڵاته‌ پێشكه‌وتووه‌كانی جیهان ده‌توانین بڵێن له‌ هه‌نگاوه‌كانی سه‌ره‌تاییدان ‌ كه‌ له‌ نێوان كۆتایی شه‌سته‌كان بۆ سه‌ره‌تای حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابووردوه‌وه‌ هاتۆتە رۆژه‌ڤه‌وه‌. سه‌ره‌تا پێویسته‌ بزانین خوێندنی چ جۆره‌ فه‌لسه‌فه‌یه‌ك گرنگه‌ له‌م رۆژگاره‌ی ئێمه‌دا‌ كه‌ شیاوی منداڵه‌ چاوگه‌شه‌كانمان بێت و خزمه‌ت به‌ عەقڵ وهزرو تێگه‌یشتن وهۆشیاری وژینگه‌یان بكات، چونكه‌ ئه‌وان ئاینده‌ی گه‌ڵێك بونیاتده‌نێن، وئه‌گه‌ر گه‌لێك نه‌وه‌كانی له‌ رووی په‌روه‌رده‌ی عەقڵی وهزرییه‌وه‌ بۆ داهاتووی خۆی ئاماده‌ نه‌كات، گومان له‌وه‌دا نییه‌ كه‌ داهاتوویه‌كی شكستخواردووی عەقڵی وهزری وهۆشیاری بونیات ناوه‌. هه‌روه‌ها كاتێك كه ئه‌وانه‌ی‌ باس له‌م بابه‌تە‌ ده‌كه‌ن پیویسته‌ په‌یامیان روون بێت نه‌ك ته‌نها بابه‌ت وپرسه‌كه‌ بورووژێنن و بێ ئاگابن له‌ ناوه‌رۆكی خودی بابه‌ت وپرسه‌كه‌، كاتێك ئێمه‌ ده‌ڵێن پرۆگرامێكی خوێندی فه‌لسه‌فه‌ بۆ منداڵان پێویسته‌ بكرێته‌ نێو سیسته‌می خوێندنه‌وه له‌ هه‌رێم‌، سه‌ره‌تا ده‌بێت بپرسین ئایه‌ چ بۆشاییه‌كی فێربوون وپه‌روه‌رده‌یی وایكرده‌وه‌ ئه‌م پرسه‌ بھێنێتە‌ رۆژه‌ڤه‌وه؟‌،

وپاشان ئه‌و رێگه‌یه‌شمان لا روون بێت كه‌ ئه‌مه‌ی باسی ده‌كه‌ن چ جۆره‌ فه‌لسه‌فه‌یه‌كه‌ وله‌سه‌ر چ بنه‌مایەکی عەقڵ و هزری وهۆشیاری پێكهاتووه‌ و تا چ راده‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ژینگه‌ی په‌روه‌رده‌ و فێربوون وپێوه‌ری ئایین و ئاقڵ و لۆژیكمان ده‌گونجێت؟ بۆیه‌ مه‌به‌ستمان لێره‌ خوێندنی ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌ نییه‌ كه‌ به‌ شێوازێكی ئه‌كادیمی له‌ به‌شه‌ تایبه‌ته‌كه‌ی خۆی له‌ زانكۆكان ده‌خۆێندرێت؛ و مه‌به‌ستمان خوێندی ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌ش نییه‌ كه‌ ئاسانكردنی خوێندنی چه‌مكه‌‌ فه‌لسه‌فییه‌كان بێت بۆ منداڵان؛ و هه‌روه‌ها ئێمه‌ باس له‌ خوێندنی ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌ش ناكه‌ین كه‌ چه‌ندین منداڵ پێكه‌وه‌ كۆبكه‌ینه‌وه‌ وچیرۆكێكیان بۆ باس بكه‌ین وپاشان سوود وخراپییەکانی ئه‌م چیرۆكه‌ به‌ رێگایه‌كی هزری پێكه‌وه‌ شرۆڤه‌ بكه‌ین وچی لێتێگه‌یشتبین وبگه‌ین به‌ ئه‌نجامه‌كانی وشتێكی لێ فێرببین؛ وباس له‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌ش ناكه‌ین كه‌ به‌ ده‌وری یه‌ك سه‌رچاوه‌ی تایبه‌تی مه‌عریفی دا ده‌خولێته‌وه‌ وسه‌رچاوه‌ ساخڵه‌م وسه‌ره‌كییه‌كانی تری مه‌عریفه‌ وه‌لابنێ له‌پێناو مه‌رامی سیاسی خۆیان!؛ ‌

ئه‌مه‌شیان ئه‌وه‌یه‌ كه ئه‌مرۆ هه‌ندێك بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن له‌ هه‌رێمی كوردستان و ده‌یانه‌وێت ئه‌م فه‌لسه‌فه‌یه‌ بكه‌نه‌ پرۆگرامێكی خوێندن بۆ منداڵان! ئێمه‌ پێویسته پرۆگرامێكی فه‌لسه‌فی بكه‌ینه‌ سیسته‌می خۆێندنی منداڵانمان له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ فه‌لسه‌فه‌یه‌ك بێت له‌ قاڵبێكی نوێی سه‌رده‌می ساخڵه‌می خۆماڵی دا و دوور له‌ هزره‌ چه‌وته‌كان و له‌سه‌ر پرسه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی خودی منداڵان‌ كه‌ به‌ زمانی خۆیان ده‌یكه‌ن وپێویسته‌ هه‌ر به‌و زمانه‌ی خۆیان نووسرابێته‌وه‌ و رێكخرابێت، به‌ڵام بێ ده‌رچوون له‌ژێر چه‌تری ژینگه‌ی په‌روه‌رده‌ و فێربوونێكی ساخڵه‌م وپێوه‌ر وسه‌رچاوه‌ مه‌عریفیه‌ ئیسلامیه‌كان ( عا‌قڵ - وه‌حی – هه‌سته‌وه‌ر – ئه‌زموون وهتدد..). ئه‌وه‌ی كه‌ زۆر پێویسته‌ له‌ سیسته‌می ئه‌م خۆێندندا جێبه‌جێبكرێ له‌ژێر ناوی فه‌لسه‌فه‌ بۆ منداڵان، دانانی پرۆگرامێكی تایبه‌ته‌ به‌م بابه‌ته‌وه‌ ئه‌ویش ناساندنی هه‌موو شتێكه‌ بۆ جیهانی منداڵانی به‌شداربووی ئه‌م پرۆگرامه‌ به‌ چیرۆكێك كه‌ به‌ زمانی خۆیان نووسراوبێت، وله‌سه‌ر بنه‌مای ئاسۆی گفتوگۆكردن و ئاراسته‌ی پرسیاركردن وره‌خنه‌گرتن وگه‌ڕان به‌دوای بها تایبه‌ته‌كانی منداڵان رێكخرابێت، كه‌ پێویسته‌ تێدا منداڵان هانبدرێت هزری خۆیان به‌گه‌ڕبخەن وله‌نێویان خۆیاندا هزرەکانیان به‌ شێوه‌یه‌كی روون و پڕ له‌ رێزه‌وه‌ ئاڵوگۆڕ بكه‌ن وبه‌و چاوه‌وه‌ سه‌یری ئه‌م منداڵانه‌ بكرێت كه‌ هه‌موویان خاوه‌ن توانان و ده‌توانن گوێ له‌ هه‌موو شتێك بگرن و وه‌ڵامیش بده‌نه‌وه‌، وپشتگیریش له‌ هزره‌ تایبه‌ته‌كانیان بكرێت بۆ په‌ره‌پێدانی عەقڵی و هزری و هۆشیاریان. ئه‌وه‌مان له‌بیر نه‌چێ ئه‌وانه‌ی ئه‌مرۆ له‌ جیهان كار له‌سه‌ر پرۆگرامی خوێندنی فه‌لسه‌فه‌ی منداڵان ده‌كه‌ن مه‌به‌ست و ئامانجیان باشتركردنی توانا هزرییه‌كان وگه‌شه‌كردن وپه‌ره‌پێدانی خودی وهۆشیاری وداهێنان وپه‌یوه‌ندییه‌ خودییه‌كانی‌ منداڵانه بۆ گه‌ڕان وگه‌یشتن به‌ ره‌وشت و به‌هاكان.

له‌كاتێكدا خودی فه‌لسه‌فه‌ی په‌روه‌رده‌ی ئیسلامی به‌ر له‌ نێزیكه‌ی چوارده‌‌ سه‌ده‌ ونیو له‌سه‌ر سیسته‌مێكی تۆكمه‌ی عەقڵی وهزری وهۆشیاری وپه‌ره‌پێدانی خودی وبه‌ها وره‌وشت وهتدد.. بونیاتنراوه‌‌، وبه‌هه‌زاران زانا هه‌ن‌ له‌ هه‌موو بواره‌كانی زانست وژیاندا ده‌رچووی ئه‌م فه‌لسه‌فه‌ی په‌روه‌رده‌ی ئیسلامیه‌ن، كه‌ هه‌موویان نموونه‌ی زیندوون وشاهیدن له‌ حاڵی ئه‌م جۆره‌ فه‌لسه‌فه‌یه‌، به‌ڵام به‌هۆی چه‌ندین هۆكاری سیاسی وپشگۆێخستنی نه‌تواندراوه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان بكرێته‌ پرۆگرامێكی تایبه‌ت بۆ خزمه‌تكردنی‌ منداڵان‌ كه‌ به‌ هه‌موو لایه‌نێكیەوە له‌گه‌ڵ عەقڵیەت و ژینگه‌ و ره‌وشی خۆمان ومنداڵه‌كانمام ده‌گونجێت، و ئه‌و بۆشاییه‌ی ئێستاش هه‌یه‌ پریبکاتەوە.