ژمارەی کەسانی جگەرەکێش لەجیهاندا ئاشكراده‌كرێت

17/11/2021 - 16:02 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتال میدیای سپێده‌

رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، هەرچەندە لەئێستادا ژمارەی کەسانی جگەرەکێش لەجیهاندا بەرەو کەمبونەوە چوە، بەڵام هۆشداری دەدەن لەوەی پێویستە سنورێکیش بۆ بەرهەمهێنان و بازرگانیکردن بە توتن دابنرێت وەک بەشێک لە چالاکییەکانی ئەم هەڵمەتە.

رێکخراوی تەندروستی جیهانی لەراگەیەنراوێکدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کردوە، ساڵی رابردو 1,3 ملیار کەس لەجیهاندا جگەرەکێش بون، ئەوەش بەراورد بە دو ساڵ لەمەوبەر نزیکەی 20 ملیۆن کەس کەمیکردوە، پێشبینیش دەکرێت تاساڵی 2025 رێژەکە بەردەوام بێت لەکەمبونەوە و بگاتە 1,27 ملیار کەس.

باس له‌وه‌ش كراوه‌، هەوڵەکان بۆ هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتییان لەسەر کاریگەرییەکانی جگەرەکێشان تائێستاش پێویستی بە هەوڵێکی دورودرێژی دیکە هەیە، بەتایبەت کە ئەوانەی خاوەنداریەتی لە پیشەسازی توتن دەکەن هەمو شتێک ئەنجام دەدەن بۆ بەرگری لەو قازانجە گەورەیەی کە لە فرۆشتنی ئەو بەرهەمەدا دەستیان دەکەوێت.

رێکخراوی تەندروستی جیهانی باوەڕیوایە یەکێکی دیکە لەهەوڵە سەرەکییەکان بۆ کەمکردنەوەی جگەرەکێشان بریتییە لە سنوردارکردنی بەرهەمهێنان و بازرگانیکردن بە توتن وەک بەشێک لە چالاکییەکانی ئەم هەڵمەتە.