لەبارەی دۆسیەی کۆچبەران ناتۆ پشتیوانی خۆی بۆ پۆڵندا دوپاتدەکاتەوە

17/11/2021 - 09:23 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتال میدیای سپێده‌

یانز ستۆڵتنبێرگ ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانیی ناتۆ رایگەیاند، هاوپەیمانییەکەیان لەبارەی دۆسیەی کۆچبەران پشتیوانی خۆی بۆ پۆڵندا دوپاتدەکاتەوە و نیگەرانیشن بەرامبەر سیاسەتی بیلاڕوسیا کە گیانی کۆچبەرانی بۆ ململانێی سیاسی خستوەتە مەترسییەوە.

یانز ستۆڵتنبێرگ بە رۆژنامەنوسانی راگەیاندوە، نیگەرانن لەو رێکارانەی سەرۆکی بیلاڕوسیا گرتویەتیەبەر و کۆچبەران وەک کارتی فشار بەرامبەر وڵاتانی دیکە بەرکاردەهێنێت، ئەوەش وایکردوە گیانی کۆچبەران بکەوێتە مەترسییەوە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئێمە هاوسۆز و پشتیوانی بەردەوامی پۆڵندا و ئەو وڵاتانەش دەبین کە بەهۆی کۆچبەرانەوە زیانیان بەرکەوتوە".

قه‌یرانی كۆچبه‌ران له‌سه‌ر سنوری بیلاڕوسیا له‌چوارچێوه‌ی كێشه‌ی نێوان دو وڵاته‌وه‌ بوه‌ته‌ پرسێكی نێوده‌وڵه‌تی، دوای ئه‌وه‌ی هه‌زاران كۆچبه‌ر له‌رێگه‌ی بیلاڕوسیاوه‌ خۆیان گه‌یاندوه‌ته‌ سنوره‌كانی پۆڵندا و خواستی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ خۆیان بگه‌یه‌ننه‌ناو وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپا.