هاووڵاتییانی ئه‌مریكا ده‌توانن سپۆنسه‌ری په‌نابه‌رانی ئه‌فغانستان بكه‌ن

24/10/2021 - 09:53 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتال میدیای سپێده‌


ئیداره‌ی ئه‌مریكا به‌مه‌به‌ستی ره‌خساندنی ده‌رفه‌ت بۆ ئه‌و ئه‌فغانستانییانه‌ی په‌نایان بۆ ئه‌و وڵاته‌ بردووه‌، بوونه‌ سپۆنسه‌ری هاووڵاتییانی ئه‌مریكا به‌ تایبه‌ت برینداربووانی جه‌نگ بۆ هاووڵاتییانی ئه‌فغانستان ده‌ڕه‌خسێنێت.

تۆڕی CNN بڵاوی كرده‌وه‌، ئیداره‌ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا، جۆ بایدن به‌مه‌به‌ستی به‌ یه‌كجاره‌كی جێگیركردنی زیاتر له‌ ٥٥ هه‌زار ئه‌فغانستانی كه‌ له‌ بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ ده‌مێننه‌وه‌، كار له‌سه‌ر به‌رنامه‌یه‌كی سپۆنسه‌ری ده‌كات.

له‌ میانی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌دا كه‌ به‌ گه‌وره‌ترین گۆڕانكاری لێك ده‌درێته‌وه‌ تا ئێستا له‌ سیسته‌می په‌نابه‌راندا كرا بێت له‌ ئه‌مریكا، ئه‌و هاووڵاتییه‌ ئه‌مریكییانه‌ی ته‌مه‌نیان له‌ سه‌رووی ١٨ ساڵه‌وەیە، ده‌توانن گرووپی پێنج كه‌سی پێك بهێنن و داواكاری بۆ بوونه‌ سپۆنسه‌ر پێشكه‌ش بكه‌ن.

دوای پشكنینی ئه‌منیی پێویست، ئه‌وانه‌ی ده‌بنه‌ سپۆنسه‌ر بۆ ماوه‌ی ٩٠ رۆژ بۆ خانه‌واده‌ ئه‌فغانستانییه‌كان هاوكاریی دارایی دابین ده‌كه‌ن و ئه‌گه‌ر پێویستیش بكات ده‌توانن سپۆنسه‌ری یه‌ك خانه‌واده‌ بكه‌ن.

به‌رپرسی به‌رنامه‌ی جێگیركردنی ئه‌فغانستانییه‌كان و فه‌رمانڕه‌وای پێشووی ویلایه‌تی دێلاوێر، جاك ماركێڵ رایگه‌یاندووه‌، له‌سه‌ر داوای برینداربووانی جه‌نگ ئه‌مه‌ ده‌رفه‌تێكی گرنگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا باوه‌ش بۆ ئه‌و ئه‌فغانستانییانه‌ بكاته‌وه‌ كه‌ خزمه‌تی ئه‌مریكایان كردووه‌.