فەرەنسا باڵیۆزەكانی لە ئەمریكا و ئوسترالیا دەكشێنێتەوە

18/09/2021 - 10:19 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا رایگه‌یاند: وڵاته‌كه‌ی باڵیۆزه‌كانی له‌ئه‌مریكا وئوسترالیا ده‌كشێنێته‌وه‌ ئه‌وه‌ش به‌هۆی رێككه‌وتنی ئه‌مریكا وئوسترالیا كه‌ئه‌مریكا به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ فه‌ره‌نسا بڕیاریداوه‌ كه‌شتی ژێرده‌ریایی ناوه‌كی بۆ ئوسترالیا دروست بكات.

ژان ئیڤ لۆدریان، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى فه‌ره‌نسا رایگه‌یاندوه‌: به‌هۆى رێككه‌وتنى نێوان ئه‌مریكا وئۆسترالیا بۆ دروستكردنى كه‌شتى ژێر ده‌ریایى ناوه‌كى، پاریس باڵیۆزه‌كانى له‌ئه‌مریكا وئۆسترالیا ده‌كشێنێته‌وه‌. كه‌به‌پێی رێككه‌وتنه‌كه‌، ئه‌مریكا وبه‌ریتانیا ژێرده‌ریایی ناوه‌كی ده‌ده‌نه‌ ئوسترالیا، ئه‌وه‌ش فه‌ره‌نسای تووڕه‌ كردووه‌، چونكه‌ له‌ساڵی 2016 دا هێزی ده‌ریایی ئوسترالیا رێككه‌وتنێكی گه‌وره‌ی له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا كرد بۆ دروستكردنی چه‌ند ژێرده‌ریاییه‌ك. ئه‌و رێككه‌وتنه‌ 55 ملیۆن یۆرۆ قازانجی فه‌ره‌نسای تێدا بوو و ئێستا هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌.

ژان ئیڤ لۆدریان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا راشیگه‌یاندوه‌: بڕیاری به‌په‌له‌ی كشاندنه‌وه‌ی ئه‌و دوو باڵیۆزه‌ به‌هۆی راگه‌یێندراوی ئه‌مریكا وئوسترالیا له‌ 15ـی ئه‌م مانگه‌ بووه‌.

رۆژی پێنجشه‌ممه‌ فه‌ره‌نسا، ئوسترالیای به‌وه‌ تۆمه‌تباركرد كه‌ له‌پشته‌وه‌ خه‌نجه‌ری لێداوه‌ وبه‌ئه‌مریكایشی راگه‌یاندوه‌: ئه‌و ره‌فتاره‌ له‌هی سه‌رده‌می دۆناڵد تره‌مپ ده‌چوو.

پێشتر جۆ بایدن سه‌رۆكى ئه‌مریكا رایگه‌یاندبوو: ئه‌مریكا به‌هاوكاریی به‌ریتانیا ته‌كنه‌لۆژیا وهاوكاری پێشكه‌شی ئوسترالیا ده‌كه‌ن له‌به‌ره‌وپێشبردنی ژێرده‌ریاییه‌ ناوه‌كییه‌كانیان.