نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و سه‌ركرده‌كانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا كۆبوونه‌وه‌

15/09/2021 - 09:46 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

 


نوێنه‌ری تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروباری سووریا، گێیر پێدێرسه‌ن و سه‌ركرده‌كانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا كۆبوونه‌وه‌.

دوای ئه‌وه‌ی گێیر پێدێرسه‌ن سه‌ردانی دیمه‌شقی پایته‌ختی سووریای كرد له‌ ئیستانبوڵ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هاوپه‌یمانیی نیشتمانیی هێزه‌ شۆڕشگێڕه‌كان و ئۆپۆزسیۆنی سووریا، سالم موسڵەت و سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی دانوستانه‌كانی سووریا، ئه‌نه‌س عه‌بدە له‌ ئیستانبوڵ كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، دوا پێشهاته‌كانی پرۆسه‌ی سیاسیی له‌ سووریا تاوتوێ كرا و هاوسه‌رۆكی ئۆپۆزسیۆن له‌ لیژنه‌ی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری سووریا، هادی به‌حرە له‌ڕێگای ڤیدیۆ كۆنفرانسه‌وه‌ به‌شداری له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كرد.

سالم موسڵەت له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌وه‌ له‌ هه‌ژماری فه‌رمیی خۆی له‌ تویته‌ر نووسیوویه‌تی "ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروباری سووریا، گێیر پێدێرسه‌ن كۆبووینه‌وه‌ و له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، له‌باره‌ی ئه‌نجامی سه‌ردانه‌كان و هه‌وڵه‌كان بۆ پێشخستنی پرۆسه‌ی سیاسیی زانیاریمان پێ درا. له‌ڕێگای پێدێرسه‌ن-ه‌وه‌ داوامان كرد بڕیار‌ی ژماره‌ ٢٢٥٤ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ته‌نها بۆ ئاماده‌كردنی ره‌شنووسی ده‌ستوور سنووردار نه‌كرێت و ببێته‌ هۆی كردنه‌وه‌ی ته‌واوی رێگاچاره‌ سیاسییه‌كان".