دیجیتاڵ میدیای سپێده
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن پێشوازیی کرد لە باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا، ئالینا رۆمانۆسکی.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڵاوی کردەوە کە لە دیدارەکەدا، چۆنێتی پتەوترکردنی ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان بەغدا و واشنتۆن، ھەروەھا رەوشی عێراق و ئاستەنگەکانی بەردەم پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق تاوتوێ کراون.
باسی لەوەش کردووە کە ھەر لە دیدارەکەدا، ژمارەیەکی پرسی ھەرێمیی و نێودەوڵەتیی کە جێگای بایەخی ھاوبەشبوون خراونەتە بەرباس لەوانە، پێشھاتە ئەمنیی و سەربازییەکان لە ئۆکرانیا و کاریگەرییان لەسەر ئەمنی ناوچەکە بە گشتیی و رەوشی ئابووریی بەتایبەتی.
ئاماژەی بەوەیش داوە کە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی نێوان وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن و باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا، ئالینا رۆمانۆسکی تایبەت بووە بە دانوستانەکانی ڤیەننا لە نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەمریکا و وڵاتە پەیوەندیدارەکان.
راشیگەیاندووە کە لە دیدارەکەدا، ئالینا رۆمانۆسکی رایگەیاندووە کە ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی عێراق.