دیجیتال میدیای سپێده
وەزیری دەرەوەی لیتوانیا، گابریلیۆس لاندسبێرگیس لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ بەغدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن کۆبوویەوە و دوای کۆبوونەوەکەیش کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ھاوبەش ساز کرا.
فوئاد حوسێن رایگەیاند کە ئەمە چوارەم جارە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی لیتوانیا، گابریلیۆس لاندسبێرگیس کۆدەبنەوە و گوتی: "لە کۆبوونەوەکەدا، باسمان لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی ھەردوو وڵات و پرسی کۆچکردنی عێراقییەکان بۆ بێلاڕووس، لیتوانیا و پۆڵەندا کرد".
وەزیری دەرەوەی عێراق گوتیشی: "ئەو پرسە لەسەر ئاستی میدیا، رەنگدانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا ھێناوە، بەڵام بە ھاوکاری لەگەڵ چەند وڵاتێکی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا و لیتوانیا، توانیمان لە میانی ئەنجامدانی ١٠ گەشتی ئاسمانییدا، چوار ھەزار کۆچبەر کە لە سنووری بێلاڕووس و لیتوانیا گیریان خواردبوو، بگەڕێنینەوە".
راشیگەیاند "ھێشتا ژمارەیەک کۆچبەری دیکە لە سنووری بێلاڕووس و لیتوانیا گیریان خواردووە، چاوەڕوانی بڕیاری ئەوان دەکەین بۆ ئەوەی بە ئارەزوومەندانە بیانگەڕێنینەوە".
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوەیش دا کە لە کۆبوونەوەکەدا، لەبارەی پتەوترکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ھەردوو وڵات، گفتوگۆیان کردووە.
فوئاد حوسێن ھەروەھا سوپاسی لیتوانیای کرد کە لە چوارچێوەی یەکێتیی ئەورووپا لەسەرجەم بوارەکاندا یارمەتی عێراق دەدات و رایگەیاند، لیتوانیا رۆڵی گرنگیی گێرا لە دەرھێنانی ناوی عێراق لە لیستی وڵاتە زۆر مەترسیدارەکانی سەبارەت بە سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر و گوتی: "دەرھێنانی عێراق لە لیستی وڵاتە زۆر مەترسیدارەکانی سەبارەت بە سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر، سەرکەوتنی دیپلۆماسییەتی عێراقە لە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا، بەتایبەتیش لە بڕۆکسل".
گوتیشی: "ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی لیتوانیا لەگەڵ سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمی کۆدەبێتەوە و دواتر سەردانی ھەولێر دەکات و لەوێ چاوی بە گەورە بەرپرسانی ھەرێم دەکەوێت".
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی لیتوانیا، گابریلیۆس لاندسبێرگیس رایگەیاند کە ھەندێک عێراقی بەڵێنی درۆ پێشکەش دەکەن بە ئامانجی کۆچکردن بۆ ئەورووپا و گوتی: "ئەو کەسانەی کە کۆچ دەکەن وا بیر دەکەنەوە کە دەتوانن خۆیان بگەیەننە سنووری لیتوانیا".
گابریلیۆس لاندسبێرگیس باسی لەوەش کرد کە عێراق و لیتوانیا ھاریکاری یەکتر دەکەن بۆ راگرتنی کۆچکردن و رایگەیاند، یەکێتیی ئەورووپا، عێراق بە وڵاتێکی باش لەقەڵەم دەدات، لەوەی بە متمانەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و گوتی: "لە بەغدا پرسی زۆر و ھاریکارییەکانمان لەگەڵ گەورە بەرپرسانی عێراق تاوتوێ دەکەم، حکوومەتی عێراق وەک ھەنگاوی یەکەم بە ئامانجی بەرگرتن لە کۆچکردن، گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ بێلاڕووس راگرت".