دیجیتاڵ میدیاى سپێده
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ئەحمەد ساڵح فۆڕمی ئاشکراکردنی سەروەتی خۆی بۆ دەستەی دەستپاکی عێراق پڕ کردەوە.
لەمبارەیەوە دەستەی دەستپاکی لە عێراق لە راگەیانراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە كه، بەرھەم ئەحمەد ساڵح لە فۆڕمێکدا کە ئاراستەی دەستەی دەستپاکی کردووە، تیایدا سەروەتی دارایی خۆی بۆ دەستەکە بەیانکردووە.
ئەمەیش دوای ئەوە دێت پێشتر سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی فۆڕمی ئاشکراکردنی سەروەتی خۆ بۆ دەستەی دەستپاکی عێراق پڕ کردبوویەوە و سەروەتی دارایی خۆی بۆ دەستەکە بەیانکردبوو.
لە راگەیاندراوەکەدا ئەوە وەبیرھێنراوەتەوە کە لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩دا وردەکاری ھەمواری یەکەمی یاسای دەستەی دەستپاکی ژمارە ٣٠ی بۆ ساڵی ٢٠١١ خراوتەڕوو ئەوەیش دوای ئهوهی كه، ھەموارکردنەوەکە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەران بەپێی بەندی یەکەم لە ماددەی ٦١ و بەندی سێ لە ماددەی ٧٣ی دەستوور پەسەندکرابوو.
لە کۆتایی راگەیاندراوەکەدا ھاتووە: "لە ماددەی (٦١/یەکەم/ج) لە یاسای دەستەی دەستپاکی ئاماژە بەوەدراوە کە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران لەگەڵ سەرۆکوەزیران و وەزیرەکان لەگەڵ بەرپرسانی دیکە ناچارکراون لەوەی دەبێت سەروەتی دارایی خۆیان ئاشکرا بکەن".