هـه‌واڵـه‌كـان وتــار بـه‌رنـامـه‌ درامـــا وه‌رزش ته‌كنه‌لۆجیا پـه‌یـوه‌نـدی ده‌ربــاره‌

ئەمریکا بۆ پێشخستن و گەشەپێدانی کەرتی تایبەت 50 ملیۆن دۆلار وەک قەرز دەداتە عێراق

لیژنەی باڵای ھەماھەنگی نێوان عێراق و ئەمریکا ڕایگەیاند، بوونی غازێکی زۆر لە ھەرێمی کوردستان، خاڵێکی سەرەکییە لە ئاسایشی وزە لە عێراقدا.

لیژنەی باڵای ھەماھەنگی نێوان عێراق و ئەمریکا لە واشنتۆن لەچوارچێوەی ڕێککەوتننامەی ستراتیژی کە ساڵی ٢٠٠٨ واژووکراوە، بەسەرۆکایەتی وەزیری پلاندانانی عێراق، محەممەد تەمیم و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن کۆبووەوە.

لیژنەکە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە لە کۆبوونەوەکەدا کە نوێنەرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، ھەردوولا جەختیان کردووەتەوە لەسەر گرنگی ھاوبەشی نێوان ھەردوو وڵات و خواستی خۆیان نیشانداوە بۆ پتەوترکردنی پەیوەندی نێوان عێراق و ئەمریکا، بە تایبەتی لە بوارەکانی سەربەخۆیی وزە، چاکسازیی دارایی، خزمەتگوزاری بۆ گەلی عێراق، بەھێزکردنی دیموکراسی و سەروەریی یاسا و پتەوترکرنی پەیوەندی کولتووری و پەروەردەیی.

بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، ھەردوولا بۆچوونی ھاوبەشی خۆیان دووپات کردەوە کە عێراق توانای ئەوەی ھەیە سوود لە سەرچاوەی زۆری غازی سروشتی وەربگرێت و وەبەرھێنان لە ژێرخانی نوێی وزە و سەرچاوەی وزەی نوێبووەوە بکات، بۆ ئەوەی بتوانێت تا ساڵی ٢٠٣٠، پێویستی خۆی لە غاز دابین بکات.

باسی لەوەش کردووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، شاندی ئەمریکا ستایشی ئەو پێشکەوتنانەی کردووە کە عێراق لە کەمکردنەوەی دەردانی غاز و وەبەرھێنان لە غازی ھاوەڵدا بەدەستیھێناوە و ڕایگەیاندووە بوونی غازێکی زۆر لە ھەرێمی کوردستان، خاڵێکی سەرەکییە لە ئاسایشی وزە لە عێراقدا، ھەروەھا دەبێتە مایەی زیادبوونی وەبەرھێنان لە کەرتی تایبەت لە عێراق.

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە عێراق و ئەمریکا یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نوێیان واژوو کردووە بۆ چارەسەرکردنی بەفیرۆنەدانی غازی ھاوەڵ بۆ ئەوەی لە بەرھەمھینانی کارەبا لە عێراق سوودی لێ ببنرێت.

ھەروەھا لە ڕاگەیەندراوەکەدا، ھاتووە: "لە کۆبوونەوەکەدا باسی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستانیش کراوە و لەوبارەیەوە ھەردوولا جەختیان کردووەتەوە لە گرنگی دووبارە دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت لەڕێگەی بۆریی نەوتی عێراق – تورکیا".

ئاماژەی بەوەشداوە کە ھەر لە کۆبوونەوەکەدا، شاندی ئەمریکا ھەوڵەکانی عێراقی بەرز نرخاندووە لە بواری بەستنەوەی ھیڵی کارەبا لەگەڵ ئوردن و سعوودیە و وڵاتانی ئەنجوومەنی کەنداو.

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە لە کۆبوونەوەکەدا، لیژنەی باڵای ھەماھەنگی نێوان عێراق و ئەمریکا ڕایگەیاندووە، دامەزراوەی ھاوکاری دارایی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی لەڕێگەی ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمریکا (USAID) بۆ پێشخستن و گەشەپێدانی کەرتی تایبەت لە عێراق، ٥٠ ملیۆن دۆلار وەک قەرز دەداتە بانکی نیشتمانی عێراق.

. بابه‌تی هاوبه‌ش

نرخی دراوه‌كان

100 دۆلار
146,100 دینار
100 یۆرۆ
171.000 دینار
100 پاوه‌ند
195.500 دینار
100 لیره‌
6.000 دینار
100 تمه‌ن
3.250 دینار