هـه‌واڵـه‌كـان وتــار بـه‌رنـامـه‌ درامـــا وه‌رزش ته‌كنه‌لۆجیا پـه‌یـوه‌نـدی ده‌ربــاره‌

"ئیفا"بەناوی ئەو بارهەڵگرە کراوە کە تێدا لەدایکبووە و کەسوکارشی پێ ئەنفال کران

شادیە ئیسماعیل عەلی، منداڵێکی لەدایکبووی ناو بارهەڵگرێکی سەربازی سەردەمی پڕۆسەی ئەنفالە و دایک و باوکی لە پڕۆسەکەدا ئەنفالکراون، بەڵام بۆخۆی ڕزگاری بووە و بەهۆیەوە ناوی خۆی کردووەتە ئیفا، وەک ئاماژەیەک بۆ ناوی ئەو ئۆتۆمبێلەی کە تیایدا لەدایک بووە.

شادیە ئیسماعیل، لە ساڵی ١٩٨٨ لە سکی دایکی دەبێت، کاتێک دایک و باوکی بەر شاڵاوی ئەنفال دەکەون و، لەکاتی گواستنەوەیان لە گوندەکەی خۆیان، گوندی عەلیاوە لە سنووری شارەدێی قادرکەرەم لە قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی بۆ کەمپی زۆرەملێی تۆبزاوە لە سنووری پارێزگای کەرکووک، شادیە لەناو بارهەڵگرێکی سەربازیی لە جۆری ئیفا لە دایک دەبێت.

لەبارەی ڕووداوەکەوە، شادیە ئیسماعیل عەلی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ گوتی: "ساڵی ١٩٨٨ گوندەکەمان بەر شاڵاوی ئەنفال دەکەوێت و خەڵکەکەی دەگوازرێنەوە بۆ شارەدێی لەیلان لە سنووری پارێزگای کەرکووک، دواتر کاتێک لە لەیلانەوە دەمانگوازنەوە بۆ کەمپی زۆرەملێی تۆبزاوە، من لەناو ئۆتۆمبێلێکی ئیفای سەربازیی لە دایک دەبم، بۆیەش نازناوم دەبێتە ئیفا".

شادیە ئیسماعیل کە ئێستا خاوەنی سێ منداڵە، گوتیشی: "ئەوکاتەی کە گەورەبووم نازناوی ئیفام بۆخۆم هەڵبژارد و ویستم لە ناسنامەکەشم ناوەکەی خۆم لە شادیەوە بگۆڕم بۆ ئیفا، بەڵام لەسەر وەسیەتی باوکم ناوم هەر بە شادیە ماوەتەوە، ئێستا تەنیا لە ناسنامە ناوم شادیەیە ئەگەرنا هەموو کەسوکار و هاوڕێکانم هەر بە ئیفا بانگم دەکەن".

IFA بارھەڵگرێکی قەبارە مامناوەندە کە لەلایەن کۆمەڵەی IFA ی ئەڵمانیای ڕۆژھەڵاتەوە لە ساڵی ١٩٦٥ تا ساڵی ١٩٩٠ دروستکراوە، ئەم کۆمپانیایە لە ١٧ی کانوونی دووەمی ١٩٩٠ کۆتایی بە ھەموو بەرھەمھێنانی بارھەڵگرەکان ھێنا. ئەو بارهەڵگرە بۆ گواستنەوەی سەربازیی لە ڕێژێمی بەعسدا کەڵکی لێ وەردەگیرا و لە شاڵاوەکانی ئەنفالدا بەکار هێنرا.

لەبارەی بینینی ئۆتۆمبێلەکە و بیرهاتنەوەی بیرەوەرییە ناخۆشەکانی سەردەمی ئەنفال، شادیە ئیسماعیل (ئیفا) گوتی: "من پڕۆسەکەم بیرنایەت، بەڵام کاتێک ئۆتۆمبێلی ئیفا دەبینم دەڵێم ئەوە لانکی لەدایکبوونی من بووە و مێژوویەکی تراژیدیا و ناخۆشە، بەداخەوە هەرچەندە لە پڕۆسەکەدا دوای حەفت مانگ لە مانەوەمان لە کەمپی تۆبزاوە لێبوردنی گشتی دەرچوو بەڵام باوکم بەر لێبوردنەکە نەکەوت و لەگەڵ ١٩ کەسی دیکەی گوندەکەمان ئەنفالکران".

ئەنفال یەکێکە لە تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی کە لەلایەن ڕژێمی بەعس ڕووخاوەوە بەرامبەر کورد ئەنجامدرا و پڕۆسەکە لە ساڵی ١٩٨٨ بە چەند قۆناغێک بەردەوامبوو. بەپێی ئامارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئاکامی پرۆسەی ئەنفالدا، ١٨٢ ھەزار کەسی مەدەنی بووەنەتە قوربانی.

ڕووفاتی بەشێک لە ئەنفالکراوان کە دەگوترێت بەشێکیان بە زیندوویی خراونەتە چاڵەوە، لەلایەن حکوومەتی ھەرێمەوە بە ھەماھەنگی لەگەڵ دانیشتووانی پارێزگاکانی ئەنبار، نەجەف و موسەننا کە شایەتحاڵی ڕووداوەکانیش بوون و گۆڕە بەکۆمەڵەکانیان پێ دەزانی، ھێندرانەوە ھەرێمی کوردستان و لە زێدی خۆیان بە خاک سپێردران.

. بابه‌تی هاوبه‌ش

نرخی دراوه‌كان

100 دۆلار
145,450 دینار
100 یۆرۆ
171.000 دینار
100 پاوه‌ند
195.500 دینار
100 لیره‌
6.000 دینار
100 تمه‌ن
3.250 دینار