هەنگاوێکی گرنگ و گۆڕانکارییەکی نەوعییە کە باڵی سەرەکیی سەلەفییەت هەڵبژاردن و ئینتیخابات بەکارێکی شەرعیی دەزانن و بەئاشکرا بەڵگەی بۆ دەهێننەوە و تەئسیلی شەرعییبوونی دەکەن و هانی خەڵکی دەدەن دەنگ بدات. بەنهێنی و لە کۆبوونەوەی تایبەتدا ڕاشکاوانە قسە لەو بابەتە دەکەن و بەگرووپیش بەشدارن لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا، دیارە پاساوی جۆراوجۆریان هەیە و من نامەوێ لەو بارەوە هیچ بڵێم و هەڵسەنگاندن بکەم و ئەوە باسێکی قوڵترە...
دەمێنێتەوە دەنگ بەکێ بدرێت؟
بەهەموو پێوەرێکی شەرعیی لەلای هەموو مسوڵمانێکی شارەزا و پابەند بەئایینەوە ڕوونە کە دەبێت دەنگ بەخەڵکی ئەمین و بەهێز، زانا و پاک و پارێزکار بدرێت و کەسێک بێت پێش خەڵکی خوای گەورە بەچاودێری خۆی بزانێت.
بڕوا ناکەم هیچ مسوڵمانێکی ڕاستەقینە بڕوای وەها بێت کە درووست و ئاساییە دەنگ بە کەسێک بدرێت کە ناپاکی لە دین و ژینی خەڵکی بکات، زیان لەسامانی گشتی بدات و هەموو شت بکاتە قوربانیی بەرژەوەندیی تایبەت و حەزو شەهەواتە شەخسییەکانی، بان بیقۆزێتەوە بۆ خزمەتکردنی حیزب و گرووپێک کە باوەڕی بەڕۆڵی ڕاستەقینەی ئایین نەبێت لە ژیانی تاک و کۆمەڵگە و دەوڵەتدا، یاخود ببێتە ڕاگر و کۆڵەکەی حیزب و کەسە خراپەکان!
کەواتە لێرەوە داوا لە برایانی سەلەفیی دەکەم کە ئیمان و دواتر ویژدان و ئاوەزی خۆیان بکەنە داوەر و پێوەر بۆ ئەوەی باشترین و لێوەشاوەترین کەس هەڵبژێرن و خۆیان وتەنی شەخس پەرست نەبن و شوێنی هەق بکەون نەک فڵان و فیسار، کێ لە خوا و پاشان لە خەڵکەوە نزیکترە و بەرژەوەندی ڕاستەقینەی خەڵکیی دەوێت پشتیوانیی لێبکەن، با لەم هەنگاوەیاندا شایەتییەکەیان بۆ خوا بێت(...وَأَقِيمُوا الشَّهَادَةَ لِلَّهِ...). ئەگەر قسەیەکیشیان کرد با دادپەروەرانە بێت ( ... وَإِذَا قُلْتُمْ فَاعْدِلُوا ...)، گەرنا بێلایەنی و دەنگنەدانەکەی ڕابردوویان باش و سەلامەت تربووە بۆ دین و ئیمانیان، چونکە شایەتییدانی ناهەق لای خوای گەورە بەرپرسیارێتی لەدوایە! خوای گەورە خۆ بەدووربگرین لە قسەی ناڕاست و شایەتیی ناهەق: (واجتنبوا قول الزور).
خوای گەورە هەمووان سەلامەتکا و بمکاتە هۆکاری خێر و خزمەت و لە ڕەزامەندیی خۆیدا بەکارمان بهێنێت.