یەكێتی تۆپی پێی بەرازیلی سووربوونی خۆی نیشانداوە تاكو بۆند لەگەڵ " كارلۆ ئەنشیلۆتی " ئیتاڵی واژوو بكات و بیكاتە راهێنەری هەڵبژاردەی یەكەمی وڵاتەكەیان . چوار هۆكاریش پاڵ بە ئەنشیلۆتی دەنێن ، تاكو بەو داواكارییە رازی بێت .
-1-
زانیارییەكی تەواوی لەسەر ئەستێرەكانی هەڵبژاردەی بەرازیل هەیە ، لەسەرووی هەموویان " فینیسیۆرس جۆرنیۆر " و " رۆدریگۆ " و " میلیتاو " و " كاسیمێڕۆ "ـن .
-2-
ئەزموونی ریال مەدرید بۆ ئەنشیلۆتی دوایین ئەزموونی دەبێت لەگەڵ یانەكان . دەرفەتی مەشقدانەوەش بە هەڵبژاردەی بەرازیل ، دەرفەتێكی گەورە و مەزنە بۆ راهێنەرێك ، كە كاروانی راهێنەرایەتی بۆ (30) ساڵ درێژ دەبێتەوە .
-3-
ئەنیشلۆتی وەكو راهێنەر هەموو دەستكەوتێكی لەسەر ئاستی یانەكان بەدەستهێناوە ، ئێستاش ئەو راهێنەرە تەمەن (63) ساڵییە بەدوای دەستكەوتی جیاواز و سەركێشییەكی نوێ دەگەڕێت ، تاكو كاروانی راهێنەرایەتی خۆی بە دەستكەوتێكی نێودەڵەتی گەشاوەتر بكات .
-4-
یەكێتی تۆپی پێی بەڕازیلی زۆر بە پەرۆشە تاكو بۆندێك لەگەڵ ئەم راهێنەرە جیهانییە واژوو بكات ، وازیش لەو بنەمایە بێنێت ، كە دەبێت راهێنەری نیشتمانی بەرازیلی تەنها هاوڵاتی و خاوەنی رەگەزنامەی بەرازیلی بێت .
لە كاتێكدا راهێنەرە بەرازیلییەكان لەوەتەی ساڵی 2002 بێتوانا بوونە ، نازناوی جامی جیهانی بۆ هەڵبژاردەی سیلیساو بەدەست بێنن ، هەرچەندە خاوەنی پێكهاتەیەكی زۆر بەهێز بوونە ، لەسەرووی هەمووشیان لە ساڵی 2014 لەسەر خاك و لەبەردەم جەماوەرەكەیان ئەم دەستكەوتەیان لەدەست دا .
بەڵام لەگەڵ ئەم سووربوونەی یەكێتی تۆپی پێی بەرازیلی ، ئایا ئەنشیلۆتی ئامادەیە بۆ وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی سیلیساو ؟ ئایا دەتوانێـت جارێكی تر هەڵبژاردەكە بگەڕێنێتەوە بۆ شكۆی خۆی لە جامی جیهانیدا ؟
......................