پاش ئەوەی خەونی پەلكێشكردنی " كریستانۆ رۆناڵدۆ "ـی ئەفسانەی تۆپی پێی پرتوگال و خاوەن پێنج تۆپی ئاڵتونی بۆ خولی سعودیە هاتە دی ، ئێستا باس لە پەیوەندیكردنی " لیۆنێل مێسی " بە خولی ئەو وڵاتە عەڕەبییە دەكرێت ، ئەویش بە خەونێكی نزیك دادەندرێت ، كلیلی پەیوەندیكردنی ئەم ئەفسانە ئەرجەنتیینە لە خودی وڵاتی سعودییە دایە .
پەیوەندیكردنی " رۆناڵدۆ " بە یانەی نەسڕی سعودی ، پاڵنەر بووە تاكو یانەی هیلالیش بیر لە كڕینی " لیۆنێل مێسی " بكاتەوە . لەلایەك مێسی و رۆناڵدۆ ململانێكاری یەكترن و ئەو ململانێیەش ماوەی زیاتر لە (10) ساڵە لە لوتكە دایە .
لەلایەكی تریش یانەكانی نەسڕ و هیلالیش لە خولی وڵاتەكەیان ململانێكاری سەرسەختی یەكترن ، ئەو ململانێیە بۆ خولی یانە پاڵەوانەكانی ئاسیاش پەڕیوەتەوە . ئەم دوو یانەیەش بۆ یەكەمین جار لە ساڵی 1981 لە یەكەم یاری كۆتاییدا بەیەك گەیشتن ، ئەویش لە جامی پاشای سعودیە بوو ، كە یانەی نەسڕ بە ئەنجامی (3-1) ئەنجامەكەی بۆ خۆی یەكلایی كردەوە .
ئەمجارە یانەی هیلال دەیەوێت پاڵەوانی مۆندیالی (2022 ) ، كە لیۆنێل مێسییە ، بباتە ریزەكانی و لەسەر ئاستی باشترین یاریزانانی جیهان شانازی بەخۆی بكات ، كە ئەستێرە ئەرجەنتینییە لە ریزەكانی یاری بكات .
یانەی هیلال هەر لە ئێستاوە هەوڵەكانی دەستپێكردووە بۆ كڕینی مێسی هەڵگری نازناوی جامی جیهانی لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەكەیدا . ئەم هەوڵانەش لەو كاتە دایە ، كە یانەكە بە بەرزی و نزمی زۆر تێدەپەڕێت ، كە لەوانەیە (رامۆن دیاز )ـی راهێنەری لە پۆستەكەی دوور بخاتەوە .
نزیكترین شوێنگرەوەی ئەم راهێنەرەش ، كەسێكە زۆر لە مێسی نزیكە ، ئەویش " ماڕسیلۆ گایاردۆ "ـیە ، ئەم راهێنەرەش مەشقی بە تیپی " ئەستێرەكانی ریاز " دایەوە ، كە رووبەڕووی مێسی و یانەی پاریس سانجیرمان بوونەوە .
ئێستا " گایاردۆ " بە دوای یانەیەكی نوێدا دەگەڕێت ، پاش ئەوەی لە یانەی " ریڤەر پێلت "ـی جێهێشت . پەیوەندییەكی بەتینیشی لەگەڵ " مێسی " هەیە ، چونكە ئەستێرە ئەرجەنتینییەكە ماوەیەك بوو ئارەزووی دەكرد " گایاردۆ " ببێتە راهێنەری بەرشلۆنە .
هەرچی " توركی ئال شێخ "ـی سەرۆكی دەستەی چالاكییەكانی كاتبەسەربردن و سەرۆكی یانەی ئەلمیریای ئیسپانی ، هیواخوازە یەكێك لە یانە گەورەكانی سعودیە بۆندێك لەگەڵ " گایاردۆ " واژوو بكەن . ئەمەش لەلایەن چاودێرانەوە وەكو كلیلێك دادەندرێت تاكو لە رێگەی " گایادرۆ " ئەمجارەیان " لیۆنێل مێسی " پەیوەندی بە خولی " رۆشن " بكات و جارێكی تر ململانێێ رۆناڵدۆ و مێسی سەرهەڵبداتەوە .