بنزيمه‌ بووه‌ باشترین یاریزانی جیهان

بۆتان 18/10/2022 - 17:19 بڵاوکراوەتەوە لە وه‌رزش

كەریم بنزیما، ئەستێرەی فەرەنسی و یانەی ریال مەدرید بۆ یەكەمجار لە مێژوویدا خەڵاتی باڵۆن دۆری بۆ باشترین یاریزانی جیهان بردەوە، دوای ئەوەی وەرزی رابردوو مێژوویەكی گەورە لەگەڵ یانەی ریال مەدرید تۆماركرد و رۆڵی گەورەی لە بردنەوەی نازناوەكانی یانەكەدا بینی.ئاهەنگەكەش لە پاریس پایتەخیتی فەرەنسا بەرێوەچوو تیایدا چەندین كەسایەتی وەرزشی و شاندێكی گەورەی ریال مەردید لە مەراسیمەكە ئامادەبوون.
بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی لە وەرزی رابردوو 2021-2022 پێشكەشی كرد لەگەڵ ریال مەدرید نازناوی خولی ئیسپانیا و یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپای بەدەست هێناو لەگەڵ فەرەنساش نازناوی نەیشن لیگی بردەوە، بۆ جاری یەكەمین نازناوی باشترین یاریزانی جیهانی پێدرا، بەمەش دەبێتە یەكەمین فەرەنسی لەدوای زێنەدین زێدان لە ساڵی 1998 ئەم نازناوە دەباتەوە.
كەریم بۆ بردنەوەی نازناوە بە پێش چەندین ئەستێرە كەوتەوە لەوانەش محمد سەلاح و سادیۆ مانی و تیبۆ كۆرتوا .
بنزیما پێنجەم یاریزانی فەرەنسییە دوای رامۆند كۆپا، میشێل پلاتینی، جان پیێر بابین و زینەدین زیدان، خەڵاتەكە دەباتەوە.
هەر لە ئاهەنگەكە یانەی مانچستەرسیتی خەڵاتی باشترین یانەی جیهانی بۆ وەرزی رابردوو پێدرا، سێباستیان هالەر، هێرشبەری یانەی بۆرووسیا دۆرتموند كە تووشی شێرپەنجە بووە هاتە سەر ستەیج و خەڵاتی باشترین گۆڵپارێزی دایە تیبۆ كۆرتوا، گۆڵپارێزی یانەی ریال مەدرید.
رۆبەرت لیڤاندۆفسكی خەڵاتی جێرد مۆلەری وەك باشترین گۆڵكاری وەرزی رابردوو لە نێوان یانە و هەڵبژاردەكان پێدرا لە وەرزی رابردوو 57 گۆڵی تۆمار كرد.
سادیۆ مانی خەڵاتی سوقراتی پێدرا بەهۆی بەشداری كردنی لە چەندین كاری خێرخوازی لە وەرزی رابردوو.
گاڤی یاریزانی یانەی بەرشلۆنە خەڵاتی كوبای بۆ باشترین یاریزانی لاوی لەسەر ئاستی جیهان پێدرا.
كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی لە ریزبەندی بیستەم باشترین یاریزانی 2022 هات، لیۆنێل مێسیش بۆ یەكەمجار لە دوای 16 ساڵ ناوی لە هیچ پلەیەكی ریزبەندییەكەدا نەبوو.