سیرخیۆ رامۆسی دڵی بەرگری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، بەردەوامە لە كاركردن بۆ زووتر چاكبوونەوەی لە پێكانەكەی، كە لە ئەژنۆی چەپیدا تووشی بووە.
رامۆس دەیەوێت زوو بگەڕێتەوە نێو پێكهاتەكەی زینەدین زیدانی راهێنەر، كە بەدەست زۆریی پێكرانی یاریزانەكانییەوە دەناڵێنێت.
سیرخیۆ رامۆس لە مانگی كانوونی دووەمی رابردوو تووشی پێكان بوو و دەبووایە بەپەلە نەشتەرگەری بۆ بكرێت و بڕیاربوو دوای 6 تا 8 هەفتە بگەڕێتەوە نێو یاریگەكان.
سەرچاوەیەكی نزیك لە یانەی ریال مەدرید ئاشكرایكرد كە پرۆسەی چاكبوونەوەی رامۆس پێشكەوتنێكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و یاریزانەكە پلانی هەیە لە 13ـی مانگی داهاتوودا بگەڕێتەوە نێو یاریگەكان، ئەمە وەك كەمترین ماوەیە كە پزیشكان دوای نەشتەرگەری بۆ گەڕانەوەی یاریزان دیاری دەكەن.
ئەو سەرچاوەیە باس لەوە دەكات كە رامۆس خۆی زۆر ماندوو دەكات بۆ ئەوەی خێراتر چاكببێتەوە و ئامادەبێت بۆ یاریكردن و دەڵێت "رامۆس دەیەوێت بەشداری لە یاریی لالیگای ریال مەدرید بەرامبەر ئیلچێ بكات، كە رۆژی 13ـی ئادار ئەنجام دەدرێت، بۆ ئەوەی بەتەواوی ئامادەبێت بۆ یاری گەڕانەوەی قۆناخی 16ـی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا، كە رۆژی 16ـی ئادار لەسەر یاریگەی ئەلفرێدۆ دی ستیفانۆ بەرامبەر یانەی ئاتالانتای ئیتالی دەكات.