ئەمریکا رایگەیاند، رەزامەندیی نیشانداوە لەسەر فرۆشتنی سیستەمی مووشەکیی پێشکەوتووی نیشتمانیی (NASAMS) زەمین-ئاسمان بە ئۆکراینا.
ئاژانسی ئاسایش و هاوکاریی بەرگریی (DSCA) سەربە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی ئاشکرا کردووە، بە بەهای ٢٨٥ ملیۆن دۆلار سیستەمی مووشەکیی پێشکەوتووی نیشتمانیی (NASAMS) زەمین-ئاسمان و راداری "lAN/MPQ-64FI Sentinel" و وەرگری "GPS" و سیستەمی هەڵدانی مووشەک و چەندین کەلوپەلی سەربازیی دیکە دەفرۆشێتە ئۆکراینا.
لە راگەیندراوەکەدا هاتووە: "ئاگادارییەک سەبارەت بە پەسەندکردنی فرۆشتنەکە بۆ کۆنگرێس نێردراوە. سەقامگیریی ئاسایشی ئەو وڵاتە (ئۆکراینا) لەو رێگەیەوە پشتگیری دەکرێت و بڕیارەکە لەگەڵ سیاسەتی دەرەوە و ئامانجەکانی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکادا دەگونجێت".
هاوکات جەخت لەوە کراوەتەوە کە "ئۆکراینا لە بەرامبەر هێرشە مووشەکییەکانی رووسیادا پێویستی بە زیادکردنی توانای بەرگریی خۆی هەیە" و ئاماژە بەوە کراوە دەستڕاگەیشتنی ئۆکراینا بەو توانایە و بەکارهێنانی بەشێوەیەکی کاریگەر، یارمەتیدەر دەبێت بۆ پاراستنی ژێرخانی گرنگ لەو وڵاتەدا.
لە دەستپێکی جەنگی رووسیا و ئۆکرایناوە، ئەمریکا بە دوو شێوە هاوکاریی سوپای ئۆکرانیای کردووە.
'دەستپێشخەریی هاوکاریی ئەمنیی ئەمریکا' رێگای یەکەمە کە چەک و تەقەمەنی لە رێگەی کۆمپانیا ئەمریکییەکانەوە دابین دەکرێت، ئەوەش لە رێگەی سندوقێکی داراییەوە دەبێت کە وەک بەشێک لە بوودجەی بەرگریی ئەمریکا لەلایەن کۆنگرێسەوە بۆ سوپای ئۆکراینا دیاری کراوە.
هاوکات سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن ناوبەناو دەسەڵات دەدات بە پنتاگۆن چەک لە کۆگاکانی سوپای ئەمریکاوە دابین بکات.