دیجیتاڵ میدیای سپێده
حکوومەتی میسر کۆمەڵێک رێكاری پەسەند کرد کە دەبێتە هۆی جووڵاندنی كه‌رتی گەشتیاریی، له‌نێویشیاندا بڕیاری ئاسانكردنی هاتنە ناوەوەی گەشتیاره ئێرانییه‌كان بۆ وڵاتەكه.
وەزیری گەشتوگوزار و شوێنەوارەکانی میسر، ئەحمەد عیسا کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی له‌باره‌ی پلانی حکوومەت بۆ راکێشانی گەشتیاران بۆ وڵاتەکەی ئەنجامدا.
ئەحمەد عیسا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، گەشتیاره ئێرانییه‌كان لە کاتی گەیشتنه فڕۆکەخانەکانی باشووری سینا، له‌چوارچێوه‌ی ژماره‌یه‌ك پشكنین و مه‌رجدا ڤیزه وەردەگرن و جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه هاتنی ئێرانییەکان له‌چوارچێوه‌ی گرووپە گەشتیارییەکاندا لە ئێرانه‌وه بۆ میسر یەکێکە لەو مەرجانە.
ئاشكراشیكرد وەرگرتنی ڤیزه له‌لایه‌ن ئێرانییه‌كانه‌وه لە رێگەی ئەو گرووپانەی کە لەلایەن کۆمپانیا گەشتیارییەكانه‌وە رێکدەخرێن لەنێو مەرجەکاندایه و ده‌كرێت ڤیزه‌ی پێنج ساڵەی فرە مەبەست وه‌ربگیرێت و نرخه‌كه‌شی ٧٠٠ دۆلار دەبێت.
وەزیری گەشتوگوزار و شوێنەوارەکانی میسر تیشكی خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌ش ژماره‌ی ئه‌وگه‌شتیارانه‌ی لە دوو مانگی یەکەمی ئەمساڵدا هاتوونه‌ته میسر له‌سه‌ر ئاستی ساڵ بە ڕێژەی لەسەدا ٣٠ زیادیكردووه به‌ڵام هیچ زانیارییه‌كی وردی له‌وباره‌یه‌وه نه‌خسته‌ڕوو.
ئەحمەد عیسا ئاماژەی بەوەشکرد بەهۆی جه‌نگه‌وه ژمارەی گەشتیاره رووسی و ئۆکراینییه‌كان کەمیکردووە بەڵام ژمارەی گەشتیارانی ئەمریکا، فەڕەنسا، ئیتاڵیا و به‌ریتانیا به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو هه‌ڵكشاوه.
- پەیوەندییه‌كانی ئێران و میسر
پەیوەندییە دیپلۆماتییەکانی نێوان ئێران و میسر لە ساڵی ١٩٧٩دا پچڕا کاتێک قاهیرە مافی پەنابەری بە شای له‌سه‌ر كارلادراوی ئێران، محەمەد رەزا پەهلەویی دا و رێککەوتنی ئاشتی کەمپی دەیڤیدی لەگەڵ ئیسرائیل واژوو کرد.
پەیوەندییەکانی نێوان هه‌ردوو وڵات زیاتر تێکچوو کاتێک میسر پشتیوانی عێراقی کرد لە شەڕی وڵاته‌كه له دژی ئێران.
زیاتر لە ٤٠ ساڵە هەردوو وڵات باڵیۆزیان له‌لای یه‌كتر نییه و پەیوەندییەکان لەسەر ئاستی كاربه‌رێكه‌ر به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن.