کێشەی کەمی دەرمان لە ئەورووپا کۆتایی نایەت

خوبه‌یب گه‌ردی 30/01/2023 - 19:34 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتال میدیای سپێده‌

کێشەی دابینکردنی دەرمان لە وڵاتانی ئەورووپا ماوەیەکە بەردەوامە و ئاماژە بەوە دەکرێت، کێشە هەیە لە دابینکردنی سەدان جۆر دەرمانی وەک دژەزیندەیی (ئەنتیبایۆتیک)، شروبی کۆکە بۆ منداڵان، دەرمانی دژەتا و پەستانی خوێن.

دەرئەنجامی ئەو توێژینەوەیەی کە لەلایەن گرووپی دەرمانسازیی یەکێتیی ئەورووپا (PGEU)ەوە لە ماوەی ١٤ی تشرینی دووەم-٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، لەبارەی دەرمانخانەکانی ٢٩ وڵاتی ئەورووپا ئەنجامدراوە، بڵاوکرایەوە.

بەو پێیە زیاتر لە ٦٠٠ جۆر دەرمان لە یەک بەسەر چواری ئەو وڵاتانەدا کەمن و نزیکەی ٣٠٠ جۆر دەرمانیش لە یەک لەسەر پێنجی ئەو وڵاتانەدا کەمن. کەمیی دەرمان لە دەرمانخانەکان لە سێ لەسەر چواری وڵاتانی ئەورووپادا لە ئاستێکی زۆر خراپترە دایە بە بەراورد بە ساڵێک لەمەوبەر.

ئەو ئامارانەی کە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانی وڵاتانی ئەورووپا لە بواری تەندروستی و پزیشکییدا بڵاو کراونەتەوە دەرەنجامەکانی ئەو توێژینەوەیە پشتڕاست دەکەنەوە.

بۆ نموونە باس لەوە کرا کە کێشە لە دابینکردنی نزیکەی ٣٠٠ جۆر دەرمان لە بەلجیکا، ٤٠٨ جۆر دەرمان لە ئەڵمانیا و زیاتر لە ٦٠٠ جۆر دەرمان لە نەمسادا، هەیە. لە ئیتاڵیا باس لەوە کرا کە دۆخەکە زۆر لەوە خراپترە و دۆزینەوەی زیاتر لە سێ هەزار جۆری دەرمان زۆر ئەستەمە.

هەروەها راگەیەندرا، ئەو دەرمانانەی کە دابینکردنیان زۆر ئەستەمە لە دەرمانخانەکانی سەرانسەری ئەورووپا، ئەو دەرمانانەن کە لە چارەسەرکردنی هەوکردنی کۆئەندامی هەناسە، نەخۆشییەکانی منداڵان و پەستانی خوێندا بەکار دەهێندرێن.

هۆکاری سەرەکیی کێشەی کەمیی دەرمان کەمبوونەوەی دابینکردنە سەرەڕای زیادبوونی خواست.

ئاماژە بەوەش کراوە کە ئەمساڵ لە وڵاتانی ئەورووپادا، پەتا وەرزییەکان زووتر لە وادەی خۆی دەستی پێ کردووە، هەروەها هەوکردنی قوڕگ بەشێوەیەکی نائاسایی لە منداڵاندا باو بووە.

پسپۆڕان لاوازیی سیستەمی بەرگریی لەشی هاووڵاتییان بۆ کەرەنتینە درێژخایەنەکانی سەردەمی کۆرۆنا دەگەڕیننەوە کە لە ماوەی کەرەنتینەدا، خەڵکەکە کەمتر تووشی ڤایرۆس بوون لە میانی ژیانی رۆژانەیاندا، بەم هۆیەوەشە بەرگریی جەستەیان لاواز بووە و ئەمەش وا دەکات رێژەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی لە زستانی ئەمساڵدا زیاد بکات.

هاوکات ئەوەش خراوەتە روو کە دەرمانسازان ئامادەکاریی تەواویان ئەنجام نەداوە بەرامبەر بەرزبوونەوەی ئەو خواستە پێشبینی نەکراوەی لەسەر دەرمانی پەتا وەرزییەکاندا هەیە، هەروەها بوونی قەیرانی وزە و بەرزبوونەوەی نرخی کەرەسەی خاو لە ئەورووپا کاریگەری نەرێنیی لەسەر بەرهەمهێنانی دەرمان دروست کردووە.