گازپرۆم: "هەناردەکردنی رۆژانەی گازی سروشتیی بۆ چین ژمارەی پێوانەیی تۆمار کرد"

ڕابه‌ر كه‌لهوڕی 08/12/2022 - 16:39 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتال میدیای سپێده‌

کۆمپانیای گازپرۆمی رووسی رایگەیاند کە هەناردەکردنی رۆژانەی گازی سروشتیی بۆ چین لە رێگەی بۆری گوجوی سیبیریاوە، ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمار کردووە.

گازپرۆم لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە لە حەوتی کانوونی یەکەمی ئەمساڵدا، 16.1% زیاتر گازی سروشتیی هەناردەی چین کراوە لە چاو ئەوەی کە لە گرێبەستەکاندا رێککەوتنی لەسەر کراوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ژمارەی پێوانەیی رۆژانە لە هەناردەکردنی گاز لە رێگەی هێڵی گوجوی سیبیریاوە تۆمار کراوە و راگەیەندراوە کە پڕۆسەی هەناردەکردنەکە بەپێی گرێبەستی درێژخایەنی گازی سروشتیی کە لەنێوان گازپرۆم و کۆمپانیای چینی "CNPC" واژووکرابوو، ئەنجامدراوە.

لە راگەیەندراوەکەدا زانیاری سەبارەت بە قەبارەی ئەو گازە ئاشکرا نەکراوە کە هەناردەکراوە.

لە کاتێکدا زۆرێک لە وڵاتانی ئەورووپا کڕینی گازی رووسیایان بەتەواوی راگرتووە، هەندێک وڵات کڕینی گازیان کەم کردووەتەوە.

هەناردەکردنی گازی سروشتیی لەلایەن گازپرۆمەوە، لەنێوان مانگی کانوونی دووەم تا تشرینی دووەم بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بەڕێژەی 44.5% و بەرهەمهێنانی 19.4% دابەزیبوو.