سەرکۆماری ئێران، ئیبراهیم رەئیسی رایگەیاند کە پێویستە گوێ لە داواکارییەکانی خۆپیشاندەران بگیرێت.
ئاژانسی هەواڵیی فەرمی ئێران بڵاوی کردەوە، ئیبراهیم رەئیسی بەشداری کردووە لە چالاکییەک لە زانکۆی تاران کە بەبۆنەی رۆژی خوێندکارانی زانکۆ لە ئێران ئەنجام دراوە.
ئیبراهیم رەئیسی کاردانەوەی نیشان دا لە بەرامبەر ئەوەی لەو خۆپیشاندانانەی نزیکەی سێ مانگە لە وڵاتەکەی ئەنجام دەدرێن دروشم دژبە رابەری ئێران، عەلی خامنەیی بە گوتنی "لەناو بچێت دیکتاتۆر" دەگوترێتەوە و گوتی: "ئەمڕۆ دەڵێن دیکتاتۆر. کێ دیکتاتۆرە؟ ئەمریکا بە دڵنیایییەوە ئێرانێکی بەهێزی ناوێت. ئەوان ئێرانێکیان دەوێت وەک ئەفغانستان، سووریا و لیبیا بێت کە داگیری کردوون. ئێران وەک ئەو وڵاتانە نییە. گەلی ئێران رێگە نادات ئەو گەلەکۆمەکییەی ئەمریکا سەر بگرێت".
سەرکۆماری ئێران، ئیبراهیم رەئیسی ئاماژەی بەوە دا کە جیاوازی هەیە لەنێوان خۆپیشاندان و یاخیبوون و گوتی: "خۆپیشاندان بونیادنەرە و پێویستە گوێ لە خۆپیشاندەران بگیرێت".
ئیبراهیم رەئیسی بانگەشەی ئەوەیشی کرد کە هەڵئاوسانی ئابووری لە ئێران دادەبەزێت و گوزەران و ژیانی هاووڵاتییانیش گۆڕانکاری بەسەردا دێت".
- خۆپیشاندانەکانی ئێران
رۆژی ١٣ی ئەیلوول دوای دهستگیركردنی لهلایهن پۆلیسی ئیرشادی تارانهوه بە پاساوی "پابەند نەبوون بە یاساکانی باڵاپۆشی"، مەهسا ئەمینیی تەمەن ٢٢ ساڵان رەوشی تهندروستیی تێکچوو و گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە. رۆژی ١٦ی ئەیلوول ئهمینی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا. مهرگی مەهسا ئەمینی بووه هۆی سهرههڵدانی خۆپیشاندان و ناڕەزایهتی له زۆربەی شارەکانی ئێران.
لە ئاکامی خۆپیشاندانەکاندا زیاتر لە ١٠ هەزار کەس دەستگیر کراون و سەدان کەسیش گیانیان لەدەستداوە.