نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان 51 ملیار دۆلار كۆده‌كاته‌وه‌ بۆ فریاگوزاری ملیۆنان كه‌س

رزگـار اسلام 02/12/2022 - 10:39 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بانگه‌وازێكی كرد بۆ كۆكردنه‌وه‌ی زیاتر له‌ (51) ملیار دۆلار بۆ دابینكردنی بودجه‌ی هه‌وڵه‌كانی فریاگوزاری بۆ ملیۆنان كه‌س كه‌ له‌ 68 وڵاتی جیهاندان.


هاوكات ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ كه‌ بۆ ئه‌مساڵ ئه‌و بڕه‌ نزیكه‌ی چاره‌كێك له‌ پێشوو زیادیكردووه‌ به‌هۆی قه‌یرانی كه‌شوهه‌وا، شه‌ڕی ئۆكرانیا و گه‌وره‌ترین قه‌یرانی خۆراكی جیهانی.
مارتن گریفیتس، یاریده‌ده‌ری سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروباری مرۆیی و ڕێكخه‌ری فریاگوزاری، بۆ رۆژنامه‌ی گاردیانی بریتاسنی وتی: 339 ملیۆن كه‌س كه‌ به‌ به‌راورد به‌ ساڵی ڕابردوو 65 ملیۆن كه‌س زیادی كردووه‌، ساڵی داهاتوو له‌ ئه‌نجامی ڕووداوه‌ توندوتیژه‌كانه‌وه‌ زیانیان پێده‌گات و پێویستییه‌كی زۆر هه‌یه‌ بۆ یارمه‌تیدانیان.
نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و ده‌زگا هاوبه‌شه‌كان داوا له‌ به‌خشه‌ره‌كان ده‌كه‌ن كه‌ "51.5 ملیار دۆلار وه‌ك بودجه‌ بۆ هه‌وڵه‌كانی فریاگوزاری دابین بكه‌ن، ئه‌مه‌ش ژماره‌یه‌كی پێوانه‌یی دیكه‌یه‌ و له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 2022دا به‌ ڕێژه‌ی 25% زیادبووه‌".
گریفیتس ده‌ڵێت زۆربه‌ی به‌خشه‌ره‌كان "تاڕاده‌یه‌ك به‌ به‌خشنده‌یی" ماونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێداویستییه‌كان به‌رزبوونه‌ته‌وه‌.
به‌گوێره‌ی ڕۆژنامه‌ بریتانییه‌كه‌، "له‌شكركێشیی ڕووسیا بۆ سه‌ر ئۆكرانیا كه‌ ملیۆنان كه‌سی ناچاركرد له‌ ماڵه‌كانیان ده‌ربچن و دامه‌زراوه‌ ته‌ندروستییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی وێران كرد، قه‌یرانی خۆراكی به‌رفراوانی له‌ زۆرێك له‌ وڵاتان - وه‌ك سۆماڵ، ئه‌فغانستان و یه‌مه‌ن، به‌ پرسی گه‌رمبوونی زه‌وی-شه‌وه‌ دروستكرد".