ئیسماعیلزەهی رووداوەکەی 30ـی ئەیلوولی زاهیدانی بە کارەسات ناوزەند کرد

خوبه‌یب گه‌ردی 03/10/2022 - 12:50 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی
دیجیتال میدیای سپێده‌

کەسایەتی ئایینی سوننە مەزهەب لە ئێران و گوتاربێژی مزگەتی شاری زاهیدان، مەولەوی عەبدولحەمید ئیسماعیلزەهی باسی لەوە کرد کە لەو رووداوەی رۆژی هەیینی ٣٠ی ئەیلوول روویدا و کوژرانی دەیان کەسی لێکەوتەوە، پۆلیس هێزی لەڕادەبەدەری بەکارهێناوە.

لە روونکردنەوەیەکدا کە لە ماڵپەڕی تایبەت بەخۆی بڵاوی کردەوە، ئیسماعیلزەهی ئەو رووداوەی بە کارەسات ناوزەند کرد کە لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران لە شاری زاهیدانی سەربە پارێزگای سێستان و بەلۆچستان باشووری خۆرهەلاتی ئێران روویدا.

ئیسماعیلزەهی باسی لەوە کردووە کە بەهۆی ئەوەی رووداوەکە بە لاڕێدا براوە بڵاوکردنەوەی روونکردنەوەیەکی لەم شێوەیەی بە پێویستزانیوە بۆ خستنەڕووی راستییەکان و رایگەیاند: ''ئەو رۆژە نوێژی هەیینی لە مزگەوتی مەککی ئەنجامدرا و خۆیشی لە گوتاری هەیینیدا داوای دانبەخوداگرتن و ئارامی لە خەڵکەکە کردووە''.

مەولەوی عەبدولحەمید ئیسماعیلزەهی باسی لەوە کرد کە نوێژەکەیان بە ئارامی کردووە و رایگەیاند: ''لە دوای نوێژی هەیینی، کاتێ کۆمەڵێک لە خەڵکی سەرقاڵی نوێژی سوننەت بوون، دەنگی تەقە بیسترا. دوای روون بووەوە کە پاش نوێژی هەیینی گرووپێک لە گەنجان کە لە چەند کەسێکی سنووردار پێکهاتوون لە بەردەم بنکەی پۆلیسی نزیک لە مزگەوتەکە کۆبوونەتەوە و هوتافیان کێشاوە. هەندێ لەو گەنجانە بەردیان گرتووەتە بنکەکە''.

ئیسماعیلزەهی ئاماژەی بەوە کرد کە لە بەرامبەردا، هێزە ئەمنییەکان بە هەڕەمەکی و بێ جیاکاریی تەقەیان بەنێو خۆپیشاندەران و نوێژکەراندا کردووە و رایگەیاندووە: ''بەپێی زانیاری دەستکەوتوو، سەرەتا هێزی پۆلیسی تایبەت کە لە بنکەکە جێگیرکراون تەقەیان بە سەر خەڵکەکەدا کردووە، لە سەربانی بنکەکەوە نەک تەنیا تەقە لە گەنجەکانی بەردەم بنکەکە کرا، بەڵکو تەقە لە مزگەوت و نوێژکەرانیش کرا، لەگەڵ ئەوەشدا غازی فرمێسکڕێژ هەڵدرایە نێو نوێژکەران لە ژنان و پیاوان و ژنێک لە نوێژکەران شەهیدبوو''.

هەروەها ئیسماعیلزەهی باسی لەوە کرد کە جگە لەو گرووپە گەنجەی بەردەم بنکەکە هیچ کەسێک لە کەسەکانی ناو مزگەوتەکە هوتافیان نەکێشاوە، بەڵام ئەو پۆلیسانەی لە سەربانی ماڵەکان جێگیرکرابوون تەقەیان لەو خەڵکە دەکرد کە دەگەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان و ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە فیشەک بەر سەریان یان دڵیان کەوتووە.

ئیسماعیلزەهی رووداوەکەی ئەو رۆژەی بە کارەسات ناوبرد و رایگەیاند: ''بەداخەوە ئەو رۆژە کارەساتێک روویدا. ستەمێکی بێ وێنە روویدا. لەو رووداوەدا تەقە کرا لەو کەسە دەست بە دەستنوێژانەی کە تەنیا بۆ ئەنجامدانی نوێژ هاتبوون بۆ مزگەت، کەسانی بێ چەک و بێ بەرگریی بوون. بەپێی دوایین ئامار لەو رووداوەدا زیاد لە ٤٠ کەس شەهیدبوون و زیاد لە ١٠٠ کەس برینداربوون''.