پوتین 15%ـی خاكی ئۆكرانیا به‌ ڕوسیاوه‌ ده‌لكێنێت

رزگار اسلام 30/09/2022 - 10:53 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

ڤلادیمیر پوتینی سه‌رۆكی ڕووسیا به‌ واژوویه‌ك نزیكه‌ی 15 له‌سه‌دی خاكی ئۆكرانیا به‌ ڕووسیاوه‌ ده‌لكێنێت كه‌ پێشتر ریفراندۆمیان تێدا ئه‌نجام درابوو.

كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی ڕووسیا (كرملن) له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا ئه‌وه‌ی بڵاوكرده‌وه‌، ئه‌مڕۆ هه‌ینی، سه‌رۆكی رووسیا ڤلادیمیر پوتین واژووى له‌سه‌ر ئه‌نجامی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی ناوچه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ئۆكرانیا كرد و ده‌لكێنرێن به‌ وڵاتی رووسیاوه‌.

ئه‌و ناوچانه‌ له‌ میانه‌ی جه‌نگی سه‌ر ئۆكرانیاوه‌ له‌لایه‌ن سوپای رووسیاوه‌ كۆنترۆڵكراون و له‌ هه‌فته‌ی رابردوو بۆچونه‌ پاڵ رووسیا ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییان ئه‌نجام دا و زۆرینه‌ی ڕه‌ها ده‌نگیان بۆ چوونه‌ پاڵ رووسیا دا.

له‌ مه‌راسیمه‌كه‌ی سه‌رۆكی رووسیا وتارێك ئاراسته‌ی گه‌لی ئه‌و ناوچانه‌ و جیهان كرد و واژوو له‌سه‌ر لكاندنیان به‌ رووسیاوه‌ كرد كه‌ نزیكه‌ی 15 له‌سه‌دی خاكی ئۆكرانیا پێكده‌هێنن.

ئه‌و ناوچانه‌ بریتین له‌ هه‌رێمی دۆنباس كه‌ ناوچه‌ی دۆنێتسك و لوهانسك ده‌گرێته‌وه‌، هه‌روه‌ها هه‌رێمی خیرسون و به‌شێكی زۆری هه‌رێمی زاپۆریژیا كه‌ زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی به‌ زمانی ڕووسی ده‌دوێن.