کرملین: سبەی چوار ناوچەی ئۆکراینا کە ریفراندۆمیان تێدا ئەنجامدرابوو وەک بەشێک لە رووسیا رادەگەیەندرێن

29/09/2022 - 16:16 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

گوتەبێژی کرملین، دمیتری پێسکۆڤ رایگەیاند، سبەی لە کرملین رێورەسمی واژووکردن لەبارەی پەیوەستبوونی ناوچە نوێیەکان بە رووسیا بەڕێوەدەچێت و سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین گوتارێکی گشتگیر پێشکەش دەکات.

پێسکۆڤ لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان لە مۆسکۆی پایتەخت باسی لە پرۆسەی پەیوەستبوونی بەناو کۆماری میللیی دۆنێتسک و لوهانسک کە لەژێر کۆنترۆڵی جوداخوازانی لایەنگری رووسیادان، هەروەها ناوچەکانی خێرسۆن و زاپۆریژییا کە لەلایەن سوپای رووسیا دەستی بەسەردا گیراوە کرد.

گوتەبێژەکەی کرملین لەبارەی رێورەسمەکە کە سبەی بەڕێوەدەچێت گوتی: "سبەی کاتژمێر ١٥:٠٠ رێورەسمێکی واژووکردن لە کرملین سەبارەت بە پەیوەستبوونی ناوچە نوێیەکان بە رووسیا بەڕێوەدەچێت و پوتین گوتارێکی گشتگیر پێشکەش دەکات".

ناوبراو هەروەها رایگەیاند، ئامادەکاری بۆ پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نێوان پوتین و سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان کراوە.