تەقینەوەی تانکەرێکی سووتەمەنی لە نێجیریا گیانیان لەدەستدانی 20 کەسی لێکەوتەوە

ڕابه‌ر شه‌كرالی 29/09/2022 - 14:22 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

لە ئاکامی وەرگەڕانی تانکەرێک لە ویلایەتی کۆگی لە نێجیریا، تەقینەوەیەک روویدا و بەپێی زانیارییە بەراییەکان بەهۆیەوە 20 کەس گیانیان لەدەستداوە.

بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی لە راگەیاندنە ناوخۆییەکاندا بڵاوبوونەتەوە، تەقینەوەکە دوای وەرگەڕانی تانکەرێک کە سووتەمەنی هەڵگرتبوو لەسەر پردی عەنکپا لە ویلایەتی کۆگی روویداوە.

بەپێی زانیارییە بەراییەکان لە ئەنجامی تەقینەوەکەدا، 20 کەس گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون.

رێکخەری سەلامەتی رێگاوبانی نیشتمانیی ویلایەتی کۆگی، ستیڤن داولونگ رایگەیاند کە تیمە پەیوەندیدارەکان رەوانەی ناوچەکە کراون و دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە.

ستیڤن داولونگ ئەوەیشی خستەڕوو، باری تەندروستیی بەشێک لە بریندارەکان سەختە و نیگەرانن لە زیادبوونی ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی رووداوەکەوە.