راوێژکاری ئەڵمانیا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو

خوبه‌یب گه‌ردی 27/09/2022 - 09:42 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتال میدیای سپێده‌

گوتەبێژی حکوومەتی ئەڵمانیا، ستیڤن ھێپیستریت رایگەیاند کە ئۆلاف شۆڵتز تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بووە.

ئاژانسی ھەواڵیی ئەسۆشەییتد پرێس بڵاوی کردەوە کە ستیڤن ھێپیستریت لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ھەواڵیی(dpa)ی ئەڵمانیی ئاماژەی بەوەداوە کە راوێژکاری ئەڵمانیا، ئۆلاف شۆڵتز نیشانە سووکەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لێ دەرکەوتووە و خۆی کەرەنتین کردووە.

راشیگەیاندووە کە راوێژکاری ئەڵمانیا دوای تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، سەرجەم دیدارە گشتییەکانی بۆ ئەم ھەفتەیە ھەڵوەشاندووەتەوە و لە دوورەوە بەشداری لە کۆبوونەوەکانی حکوومەتدا دەکات.

راوێژکاری ئەڵمانیا، ئۆلاف شۆڵتز کۆتایی بە گەشتەکەی بۆ ناوچەی کەنداو ھێنا کە ھەریەک لە سعوودیە، ئیمارات و قەتەری گرتەوە و دوو رۆژی خایاند.

راوێژکاری ئەڵمانیا، ئۆلاف شۆڵتز بەرلەوەی گەشتەکەی بۆ ناوچەی کەنداو دەست پێ بکات، بەشداری لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک کرد.