دیجیتاڵ میدیای سپێدە
سەرچنار ئەحمەد ڕایگەیاند: (یاسای پەروەردەو فێرکردن) ڕاستە کەیسی مامۆستایانی وانەبێژی بەیاسایی کرد بەڵام لەئاست داواکاری و چارەسەری گرفتەکانیاندا نەبوو.
سەرچنار ئەحمەد پەڕلەمانتاری دەستلەكاركێشاوە بەسپێدەی ڕاگەیاند: چەند ساڵە حکومەتی هەرێم و وەزارەتی پەروەردە نەیانتوانیوە کێشەو گرفتەکانی مامۆستایانی وانەبێژ چارەسەربکەن.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو یاسایەش کە لەپەرلەمان دەرچوو (یاسای پەروەردەو فێرکردن) ڕاستە کەیسی مامۆستایانی وانەبێژی بەیاسایی کرد بەڵام لەئاست داواکاری و چارەسەری گرفتەکانیاندا نەبوو ،بۆیە جارێکیتر مامۆستایانی وانەبێژ پەنایان بردەوە بۆ شەقام و بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن.
ئاماژەی بەوەشكرد، داواکاری مامۆستایانی وانەبێژ ڕەوایە و پێویستە حکومەت و وەزارەتی پەروەردە لەئاستی بەرپرسیاریدابن بۆ وەڵامدانەوەی داواکارییەکانیان و چۆن سود لە خزمەت و پڕکردنەوەی میلاکیان وەردەگرن بەهەمان شێوەش مافەکانیان بدەن و مافی ئەوانیش تەنها داوای دامەزراندنە.
ماوەی چەند ڕۆژێكە لە بەشێك شارەكانی هەرێمی كوردستان مامۆستایانی وانەبێژ بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندنیان كردوە و داوای كردنیان بە هەمیشەی دەكەن.