راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی، مزھەر محەمەد ساڵح رایگەیاند، یەدەگی بانکی ناوەندیی عێراق لە دراوی بیانی، ئاستی پێوانەیی تۆمارکردووە و گەیشتووەتە ١١٥ ملیار دۆلار.
مزھەر محەمەد ساڵح لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراق ئاماژەی بەوەداوە کە ئابووری عێراق لەبەر ئەوەی بەھێزە، بە ئاسانی قەیرانەکان تێدەپەڕێنێت و گوتی: "رەوشی ئابووریی وڵاتەکەمان، بەرەو باشی دەچێت".
راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی راشیگەیاندووە، یەدەگی بانکی ناوەندیی عێراق لە دراوی بیانی ئاستی پێوانەیی تۆمارکردووە و لەئێستادا، گەیشتووەتە ١١٥ ملیار دۆلار.
دووپاتی کردووەتەوە، ئەو پاکێجانەی کە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە خراوەتە بازاڕەوە، دڵنیایی دەدەنە ھاووڵاتییان و گوتی: "لەبارەی سسیتەمی پارەدانی ئەلیکترۆنییەوە، قۆناغی باشمان بڕیوە".
لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، عەممار حەمەد رایگەیاندبوو کە یەدەگی بانکەکەیان لە دراوی بیانی، گەیشتووەتە ٩٩ ملیار دۆلار.