دیجیتال میدیای سپێده
بەھۆی ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی کە ئەمڕۆ دووشەممە بەچڕی زۆربەی ناوچەکانی عێراقی گرتووەتەوە، گەشتەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا راگیران.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لە راگەیەندراوێکدا گەشتیارانی ئاگادارکردووەتەوە کە ئەمڕۆ دووشەممە، بەھۆی ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی کە بەچڕی زۆربەی ناوچەکانی ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە و ئاستی بینین بۆ ٤٠٠ مەتر دابەزیوە، گەشتەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بەشێوەیەکی کاتی راگیراون.
باسی لەوەش کردووە کە لەئێستادا دیار نییە کەی گەشتەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا دەست پێ دەکەنەوە و ئەوەی خستووەتەڕوو، ھەر کاتێک رەوشی کەشوھەوا ئاسایی بووەوە، دووبارە گەشتەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، دەست پێ دەکەنەوە.
لە ئەمڕۆ دووشەممە، شەپۆلێکی خوڵبارین زۆربەی ناوچەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە کە تا دێت زیاد دەکات و مەودای بینینیش کەمبووەتەوە.
پێشتر سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بڕیاری دا بەھۆی ئەو خۆڵبارینەی کە زۆربەی ناوچەکانی ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە، دەوامی فەرمیی لە سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکانی عێراق بکرێتە پشوو، جگە لە دامەزراوە ئەمنیی، تەندورستیی و خزمەتگوزارییەکان.