مه‌ترسیدارترین په‌تا له‌ مێژووى مرۆڤایه‌تى

22/05/2018 - 11:33 بڵاوکراوەتەوە لە تەندروستی

به‌كتریا و مایكڕۆبه‌كان كه‌ به‌ چاوى ئاسایى نابیندرێن ، نه‌هامه‌تى و ماڵوێرانیان دووچارى مرۆڤایه‌تى كردووه‌ كه‌ كاریگه‌ریه‌كه‌یان له‌ چه‌كى ناوه‌كى زیاتر بووه‌ ، هه‌ندێك له‌م په‌تا و نه‌خۆشیانه‌ تاكو رۆژگارى ئه‌مڕۆشمان گیانى مرۆڤه‌كان دروێنه‌ ده‌كه‌ن ، هه‌وڵى زۆریش ده‌درێت بۆ قه‌ڵاچۆكردنیان ، له‌م راپۆرته‌ پێنج له‌و په‌تایانه‌ بناسن كه‌ به‌ درێژایى مێژوو كاریگه‌رى گه‌وره‌یان له‌سه‌ر ژیان و مردنى مرۆڤ هه‌بووه‌ .
مردنى ره‌ش ، ئه‌و ناوه‌یه‌ كه‌ به‌سه‌ر نه‌خۆشى "تاعون " نراوه‌ ، كاریگه‌رترین و كوشنده‌ترین كاتى ده‌ركه‌وتنى نه‌خۆشیه‌كه‌ له‌ نێوان ساڵانى (1347) و (1351) ى زاینى بوو ، سه‌ره‌تا له‌ ووڵاتى هیندستان ده‌ستى پێكرد و پاشان رووبه‌رێكى فراوانى له‌ ئاسیا و ئه‌وروپا گرته‌وه‌ .
له‌ ساڵى 1832 له‌لایه‌ن (هیكه‌ر) ى پزیشكى ئه‌ڵمانى به‌ "مردنى ره‌ش" ناونرا ، ئه‌ویش به‌هۆى ده‌ركه‌وتنى په‌ڵه‌ى ره‌ش له‌سه‌ر پێستى نه‌خۆشه‌كان ، قوربانیانى ئه‌م نه‌خۆشیه‌ش له‌ نێوان (100) تاكو (200) ملیۆن كه‌س بووه‌ ، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا ئه‌و سه‌ده‌م ژماره‌ى دانیشتوانى زه‌وى (500) ملیۆن كه‌س بووه‌ .
ئاوڵه‌ یان خوریكه‌ ئه‌م نه‌خۆشیه‌ وه‌كو دێوه‌زمه‌یه‌ك بوو بۆ گه‌لانى پێشوو ، چه‌ند جارێكیش وه‌ك چه‌كێكى مایكڕۆبى به‌كارهاتووه‌ ، هه‌روه‌ك هێزه‌كانى به‌ریتانیا له‌ ساڵى 1763 ، ئه‌م كاره‌یان له‌ ئه‌مریكاى باكور له‌ به‌رامبه‌ر دانیشتوانه‌ ره‌سه‌نه‌كه‌ى ئه‌م ناوچه‌یه‌ ئه‌نجامداوه‌ ، ئه‌مه‌ بووه‌ هۆى گیان له‌ده‌ستدانى ملیۆنان كه‌س .
له‌ ساڵى 1979 رێكخراوى ته‌ندروستى جیهان رایگه‌یاندن كه‌ قه‌ڵاچۆى نه‌خۆشى ئاوه‌ڵه‌ و خوریه‌كه‌یان كردووه‌ و چیتر وه‌ك په‌تایه‌ك ناناسرێت ئه‌ویش به‌هۆى دروست كردنى پێكوته‌كان ، به‌ درێژایى مێژووش (500) ملیۆن كه‌س به‌هۆى ئه‌م نه‌خۆشیه‌ بوونه‌ته‌ قوربانى .
نه‌خۆشى كۆلێرا ، بۆیه‌كه‌مین جار ئه‌م نه‌خۆشیه‌ له‌ ساڵى 1817 تاكو ساڵى 1824 بڵاوبووه‌وه‌ ، به‌م هۆیه‌ش سه‌دان هه‌زار كه‌س له‌ ناوچه‌كانى باشوورى ئاسیا بوونه‌ قوربانى ، پاشان له‌ نێوان ساڵانى (1847 ) و (1851 ) نزیكه‌ى یه‌ك ملیۆن كه‌س له‌ رووسیا به‌م نه‌خۆشیه‌ گیانیان له‌ده‌ستدا ، له‌ نێوان ساڵانى 1900 و 1920 یش نزیكه‌ى (20) ملیۆن كه‌س له‌ هیندستان به‌ نه‌خۆشى كۆلێرا بوونه‌ قوربانى .
ژاپۆنیه‌كانیش له‌ كاتى جه‌نگه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ چین ، وه‌ك چه‌كێك نه‌خۆشى كۆلێرایان به‌كارهێنا ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆى گیان له‌ده‌ستدانى (10) هه‌زار كه‌س له‌ ووڵاتى چین ، تاكو ئێستاش ئه‌م نه‌خۆشیه‌ هه‌ر بڵاوه‌ و هۆكاریش بووه‌ بۆ گیان له‌ده‌ستدانى (30) تاكو (130) هه‌زار كه‌س .
ئینفلونزاى ئیسپانى ، به‌ ناوى ئیسپانیا ناونرا هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م ووڵاته‌ سه‌رچاوه‌ى نه‌خۆشیه‌كه‌ نه‌بوو ، به‌ڵكو یه‌كێك بوو له‌ قوربانیه‌كانى ئه‌م نه‌خۆشیه‌ ، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له‌ دواى جه‌نگى یه‌كه‌مى جیهان ووڵاتێكى بێ لایه‌ن بوو ، بۆیه‌ رۆژنامه‌كانى ئه‌م ووڵاته‌ هیچ شتێك سه‌رقاڵى نه‌كردبوون ته‌نها ئه‌م په‌تا و نه‌خۆشیه‌ نه‌بێت .ئه‌م نه‌خۆشیه‌ش له‌ نێوان ساڵانى 1918 و 1919 بڵاوبووه‌وه‌ ، ژماره‌ى قوربانیانیشى له‌ نێوان (50) تاكو (100) ملیۆن كه‌س بوو .
نه‌خۆشى مه‌لاریا ، مێژووى نه‌خۆشیه‌كه‌ بۆ هه‌زاران ساڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ، تاكو ئێستاش هیچ چاره‌سه‌ریه‌ك بۆ ئه‌م نه‌خۆشیه‌ كوشنده‌یه‌ نه‌دۆزراوه‌ته‌و ، ته‌نهاش له‌ ساڵى 2015 ژماره‌ى قوربانیانى نه‌خۆشیه‌كه‌ گه‌یشته‌ نیو ملیۆن مرۆڤ ، له‌ ساڵى 2016ش هه‌ر به‌هۆى ئه‌م نه‌خۆشیه‌ (731) هه‌زار كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا .

ئەلبوومی وێنەکان


View the embedded image gallery online at:
http://speda.net/index.php/ku/news/health/34935#sigProId2bed1ab04e