لە چامپیۆنزلیگ ریاڵ مەدرید شکستی گۆڕی بۆ سەرکەوتن و بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە بایرنی بردەوە و گەیشتە یاری کۆتایی.
لە یاری گەڕانەوەی قۆناغی پێش کۆتایی چامپیۆنز لیگ، ریاڵ مەدرید لە خاکی ئیسپانیا و لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ میوانداری بایرن میونشنی ئهڵمانی کرد.
تایمی یەکەم، ریاڵ مەدرید بە بەهێزی دەستی پێکرد و چەند جارێک مەترسی تەواوی خستە سەر گۆڵی مانوێل نۆیەر بەڵام لە لایەن گۆڵچیە ئەڵمانییەکەوە بەرپەرچ دەدرایەوە، لە بەرامبەردا بایرن میونشن بە هێرشی هەڵگەڕاوە یاری دەکرد و هیچ کامیان سەرکەوتوو نەبوون لە تۆماری گۆڵدا.
لە تایمی دووەمدا، مێرەنگێ لەسەر ئاستە بەرزەکەی بەردەوامبوو، ڤینیسیۆس و رۆدریگۆ بە خێرایی تۆپیان دەگەیاندە ناوچەی سزای یانە باڤاریەکە، بەڵام بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان ئەلفۆنسۆ دەیڤز تۆپێکی موشەک ئاسای لەناو هێڵی سزای ریاڵ لێداو گۆڵی پێشکەوتنی لە خولەکی 68 بۆ بایرن تۆمارکرد.
ریاڵ مەدریدیش لە خولەکی 73 گۆڵێکی تۆمار کرد بەڵام دوای گەڕانەوە بۆ ڤار رەتکرایەوە بە بیانووی هەڵەوە.
یانەی شاهانە وەک پیشەی هەموو کاتێکی کۆڵی نەدا و لە خولەکەکانی 88 و 3+90ی کاتی زیادکراودا دوو گۆڵیان لە رێگەی خۆسێلۆوە تۆمارکرد و یارییەکەیان لە شکستەوە گۆڕی بۆ سەرکەوتن.
سەرەنجام یارییەکە بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە بەرژەوەندی ریاڵ کۆتایی هات و بە ئەنجامی هەردوو یاری یانەی شاهانە بە چوار گۆڵ بەرامبەر بە سێ گۆڵ گەیشتە یاری کۆتایی و بایرن میونشن ماڵئاوایی کرد.
بڕیارە لە یاری کۆتاییدا ریاڵ مەدرید و بروسیا دۆرتمۆند لە یاریگای وێمبڵی و لە یەکی حوزەیران رووبەرووی یەکتر ببنەوە.