لەیاری چوونی پێشكۆتایی یانەپاڵەوانەكانی ئەوروپا، له كاتژمێر 22:00 لەسەر یاریگای ئەلیانز ئەرینا لەیاری كۆتایی پێشوەختە یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی میوانداری ریال مەدریدی ئیسپانی دەكات.
بەر لەم یارییە لە بۆندس لیگا بایرن میونشن لە ئینتراخت فرانكفۆرتی بردەوەو پلەی دووەمی ریزبەندی گرتوەو سەركەوتینی بۆ یانەپاڵەوانەكانی ئەوروپای وەرزی داهاتوو مسۆگەر كردووە.
بایرن لەم وەرزە سەرجەم نازناوەكانی لەدەستداوە هەر لە جامی سوپەری ئەڵمانیا و جامی ئەڵمانیا و خولی ئەڵمانیا، تاكە هیوا بۆ یانەكە بەدەستهێنانی نازناوی یانەپاڵەوانەكانی ئەوروپایە.
بایرن میونشن لە قۆناغی رابردوو توانی ئەرسناڵی ئینگلیزی دووربخاتەوە پاش ئەوەی لە دەرەوەی یاریگای خۆی بە دوو گۆڵ بۆ هەرلایەكیان بەرامبەر بوون و لە یاری گەرانەوەش لەیاریگای خۆی بە گۆڵێكی بێ بەرامبەر براوە بوو گەیشتە ئەم قۆناغە.
تۆماس تۆخێلی راهێنەری بایرن هیوادارە بتوانێت لەم یارییەشدا ئەنجامێكی باش بەدەست بهێنێت بۆ ئەوەی ئەركی تیپەكەی ئاسان بكات لەیاری گەرانەوە.
بۆ ئەم یارییە هەریەك لە سێرج جەنابری و لیروی سانی و كۆنراد لایمەر و جەمال مۆسیالا گەرانەوە مەشقەكان و بۆ بەشداریكردن لە یارییەكە ئامادە دەبن، تەنها ماتیاس دی لیخت بەهۆی ئەو پێكانەی بەرامبەر بە ئینتراخت فرانكفۆرت توشی بوو بەشداری لە مەشقەكان نەكردووەو پێشبینی دەكرێت بەشداری لە یارییەكەش نەكات.
هەرچی یانەی ریال مەدریدە پاڵەوانی مێژوویی جامەكەیە لە پێشتردا 14 جار نازناوەكەی بەدەستهێناوە، بۆ ئەم وەرزەش بەهێزترین پاڵێوراوی بردنەوەی نازناوەكەیە.
ریال مەدرید لەم وەرزە ئاستێكی باشی پێشكەش كردووە ئەم تیپە توانی جامی سوپەری ئیسپانیا بباتەوەو لە جامی شای ئیسپانیاش ماڵئاوایی كردوو و لە خولی ئیسپانیاش بەرێژەیەكی زۆر لە پێش ركابەرەكانیدایە و پێنج گەڕ ماوە كۆتایی بە ركابەرییەكان بێت و پێویستی تەنها بەیەك بردنەوە هەیە بۆ ئەوەی بە فەرمی ببێتە پاڵەوان.
ریال مەدرید لە قۆناغی رابردوو توانی یانەی مانچستەرسیتی پاڵەوانی وەرزی رابردوو لە یاریگای ئیتیحاد دووربخاتەوە ئەمەش متمانەی زیاتری بە یانەكە بەخشیوە بۆ ئەوەی لەم یارییەشدا بتوانێت ئەنجامێكی باش بەدەست بهێنێت.
ئەنشلۆتی تیپەكەی بەشێوەیەكی باش بۆ یارییەكە ئامادە كردووە، هەریەك لە تیبۆ كۆرتوا و دیڤید ئەلاپا بەهۆی پێكانەوە بەشداری لە یارییەكە ناكەن و دانی كارڤاخالیش بەهۆی سڕكردنەوە لەم یارییەدا بەشداری ناكات.