گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، جومانە غەلای: "وادەی پێشکەشکردنی حزب و ھاوپەیمانی و کاندیدە سەربەخۆکان تا ٣١ی ئادار درێژکرایەوە".
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٨ی ئادار، دوایین وادە بوو بۆ ئەوەی حزب، ھاوپەیمانی و کاندیدە سەربەخۆیان لیستی ناوی بەربژێرەکانییان پێشکەش بە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بکەن. بەڵام وادەکە بۆ ٧٢ کاتژمێری داھاتوو درێژکرایەوە.
لەمبارەیەوە گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، جومانە غەلای بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "وادەی پێشکەشکردنی حزب و ھاوپەیمانی و کاندیدە سەربەخۆکان تا ڕۆژی یەکشەممە ٣١ی ئادار درێژکرایەوە".
بڕیارە لە ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤، ھەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان - عێراق بەرێوە بچێت و تیاییدا ھەرێم کراوەتە چوار بازنەی دەنگدان و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراقیش سەرپەرشتی پڕۆسەکە دەکات.
تا ئێستا لە ھەر چوار بازنەی ھەڵبژاردن، ٤٥ کەسی سەربەخۆ خۆیان تۆمارکردووە بە جۆرێک ١٢ کەس لە بازنەی ھەولێر، ٢٠ کەس لە بازنەی سلێمانی و ١٣ کەسیش لە بازنەی دھۆک، ھەروەھا دوو پارتی سیاسیی و دوو ھاوپەیمانی لیستی ناوی بەربژێرەکانییان پێشکەش بە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق کردووە و، ئەمڕۆش دوا مۆڵەت بوو بۆ ئەوەی لیست و ناوی دیکە پێشکەش بە کۆمیسیۆن بکرێت. بەڵام وادەکە درێژکرایەوە بۆ یەکشەممەی داھاتوو.
لە خوولی شەشەمی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان - عێراق کە ١٠٠ کورسیی پەرلەمانیی ھەیە، بەمشێوەیە بەسەر پارێزگاکان دابەشکراوە بەجۆریک ٣٤ کورسی بۆ پارێزگای ھەولێر، ٣٨کورسی بۆ پارێزگای سلێمانی، ٢٥ کورسی بۆ پارێزگای دھۆک و سێ کورسیش بۆ پارێزگای ھەڵەبجە دەبێت.